ڕۆژی چوارشەمە ١٩ی ئازار لەگوندی گرێزەی شارەزوور، لە روداوێکی دڵتەزێندا، گەنجێك بەناوی "بەشیر سالار" تەقە لە ئەندامانی خێزانەکەی دەکات و لەئاکامدا باوک و دایك و دوو خوشک و برایەكی دەکوژێت و دواتریش کۆتایی بەژیانی خۆی دەهێنێت. بەپێی هەواڵەکانی سۆشیال میدیا ناوبراوی کەسێكی سەر بە رەوتە ئیسلامیەکان بووە. بەڵام هەرزوو ئیسلامیەکان و بانگخوازە سەلەفیەکان کەوتنە پاساوهێنانەوە بۆ ئەو تاوانە دڕندانەیەو ڕایانگەیاند کە " بەشیر سالار و ئەندامانی خێزانەکەی شەهیدن، چونکە ئەو تاوانەکەی ئەنجام نەداوە، بەڵکو جنۆکە لەناو لەشیدا بوەو هەستاوە بە تاوانەکە! هەندێکیشیان باسیان لەوە کرد کە" بکوژەکە نەخۆشی دەروونی هەبوە بۆیە ئەو تاوانەی ئەنجامداوە..".
پاساوهێنانەوەی ئەم مفتەخۆرانەی کە دینیان کردوە بەکارو کاسبی بۆخۆیان و لەسەر رەنجی تاکەکانی کۆمەڵگا سامان کۆدەکەنەوە و شوێنی خۆیان قایم دەکەن، بۆ هۆکاری ئەم تاوانە بۆئەوەیە کە خۆیان لە بەرپرسیارێتی یاسایی بدزنەوە و دامێنی خۆیان لەو تاوانانە پاك بکەنەوە، چونکە تا ئێستا بەدەیان گەنجی خێرلەخۆنەدیو لەسەردەستی ئەم جەنابانە مێشکیان بەخورافە و کۆنەپەرستی و رقوکینەی مەزهەبی و تیرۆریزمی ئاینی شۆراوەتەوەکە سەرەنجام جەندین روداوی لەچەشنی ئەوەی گرێزە لێکەوتۆتەوە. ئەوەی وایکردوە ئەم گەنجانە ئەو جۆرە تاوانانە بکەن، ئاکامی هاندان و ئالودەکردنی فکری ئەوانە بە تیرۆریزمی ئیسلامی لەلایەن ئەم بانگخوازانەوە. ئەوان ئەم گەنجانە پڕدەکن لە رقوکینە دژ بە مەدەنیەت و کرانەوەی کۆمەڵگا بەناوی ئەوەی کە دژی بنەماکانی شەرعی و دینی ئیسلامن! رۆژانە تەحقیر بە ژنان و منالان و جوانیەکانی ژیان دەکەن و ژەهری کۆنەپەرستی بلاودەکەنەوە و فەزایەكی نائارامی و ترس دەخوڵقێنن، ئەگەر جڵەو نەکرێن دەبنە مایەی کارەساتی زیاتر و مەترسیدارتر بۆ کۆمەڵگا.
لەسەرێکی تریشەوە ئەو دەرفەتەی فەراهەم کراوە بۆ بانگخوازێك لە وڵاتی بەریتانیاوە ئەم کۆمەڵکوژیە پاساوبدات، بەداخەوە بەرهەمی سیاسەتێكە کە ئەم ولاتە ئەوروپیانە بەرامبەر بە پەنابەران پەیرەوی لێدەکەن! ئەویش ڕیزبەندیکردنی پەنابەرانە بەناوی دین و نەتەوە و داتاشینی ناسنامەی درۆزنانەی کەلتووری بۆیان، تا دەست لە مەدەنیەت و دەستکەوتە مۆدێرن و ئینساندۆستیەکانی ئەم کۆمەڵگایانە گیرنەکەن و بەگۆشەگیری بیانهێڵنەوە! بەوجۆرە هەموو ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتانی ئاسیاو ڕۆژهەڵاتەوە دێن بۆ ئەوروپا لەنیو گروپ و پێکهاتەی نەژادی و نەتەوەیی و ئاینیدا بهێڵێنەوە و رێگەبگرن لە تێکەلاوبوونیان لەناو کۆمەڵگا ئەوروپیەکان.
ئەم جیاکاری و دابەشکردنە وایکردوە کە هەر گروپیك، "لیدەر کۆمینیتی" خۆی هەبێت و ئەمەش دەرفەتێکی رەخساندوە کە پیاوانی ئاینی لەچەشنی ئەم بانگخوازانە بەناوی هەمووانەوە بدوێن و خۆیان بکەنە دەمڕاستی خەڵکی پەنابەر. ڕێگەشیان پێدراوە پارەیەکی بێشومار کۆبکەنەوە بەناوی دروستکردنی مزگەوتەوە و لەو رێگایەوە دەیان پەنابەر لەدەوری خۆیان سازبدەن و بە بۆچون و فکرو خورافەی کۆنەپەرستانە گۆشیان بکەن و لە کۆمەڵگا دایانببڕن.
وەکو لەڕاگەیاندنەکاندا باسی لێوە دەکرێت، ئەو گەنجە"بەشیر سالار" ماوەی چەند ساڵێك لە بەریتانیا ژیاوە و کەوتۆتە ژیر کاریگەری ئەو گروپ و رەوتە ئیسلامیانەوە. دوای وەرگرتنی مافی پەنابەری دووجار گەراوەتەوە بۆکوردستان بۆ سەردانی کەسوکاری، کە دواجار ئەو کارەساتە دڵتەزێنەی ئەنجام داوە!
ئەگەر لایەنێکی بەرپرس لەم تاوانانە سیاسەتی ولاتانی ئەوروپا بێت کە پەنابەران دەخەنە خانەی فەرهەنگی جیاوازەوە و ئەم دابەشبوون و جیاکاریە ڕاسیستیانە دەکەن بە بەری پەنابەراندا و زەمینەیەك بۆ بانگخواز و پیاوە ئاینیانە دەرەخسێنن تا کاریگەری خراپ لەسەر ئەو گەنجانە دابنێنن، ئەوا لایەنێکی دیکەی بەرپرسی ئەم تاوانانە دەسەلاتدارانی کوردستانن. ئەوان دەرگای میدیا و مزگەوتەکانیان بۆ فەتوادەران و بانگخوازان و رەوتی سەلەفی خستۆتەسەر پشت تا بەم رۆژگارە دژی هەموو بەهاو پیوانەیەکی ئینسانی و مەدەنی و شارستانی هاتوهاوار بکەن، سوکایەتی بە ژنان و کەرامەتیان بکەن، تەحقیری هەرکەسێك بکەن کە پابەندی دین و خورافیات و نەریت و ڕێورەسمە بۆگەنەکانیان نەبێت، لەولاشەوە سەرکردە باڵاکانی یەکیتی و پارتی لەباوەشیان دەگرن و ستایشیان دەکەن و ئیمتیازیان دەدەنێ، چونکە لەهێشتنەوەی کۆنەپەرستی و دژایەتی هەرجۆرە بزوتنەوەو دەنگێکی پێشکەوتنخوازو مەدەنی و یەکسانیخواز نارازیدا بەرگری لەدەسەڵاتی گەندەڵیان دەکەن.