دوو تاوانی ناخ هەژین،رەنگدانەوەی نایەکسانی و نادادپەروەریەك کە لە کۆمەڵگاکەدا چەسپاوە!

دەشتی جەمال
  2025-03-15     283

ڕۆژی پێنجشەمە١٣ ئازار بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ ئاشکرایکرد کە تەرمی ژنێك لە زێی گەورە دۆزراوەتەوە. ژنەکە خنکێندراوەو تەلی ئاسن لەمل وقاچی بەستراوە..هەمان ڕۆژ هەواڵێکی تر بلاوبۆوە کە دکتۆرێك لەگەرەکی زانیاری شاری هەولیر، تەقەی لەمالی خەزووری کردوە، کە لەئاکامدا هاوسەرەکەی و خەسوو و خەزووری و خوشکێکی هاوسەرەکەی کوشتوە و مناداڵێکیشی بریندارکردوە.

ئەم دوو رووداوە ناخهەژینە ڕق و کینە و کارەساتێك دەخاتەڕوو کە بەردەوام ئازاری کۆمەڵگاکەمان دەدات. یەکێك  لە هەرە تاریکترین گۆشەکانی ڕەفتاری مرۆڤەکان ئاشکرا دەکات کە ڕەنگدانەوەی ئەو یاساو فەرهەنگ و جۆرە ڕوانینە بۆ پێگەی ژنان نمایش دەکات کە بەرهەمی سیاسەت و ڕوانگەی دەسەلاتە بۆ جێگاورێگای ژن و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان. ئەم جۆرە روانگەیەی کە تا ئەو رادەیە خەتەرناکە کە دەتوانێت کاریگەری کارەساتبار لەسەر تاك و کۆمەڵگا دابنێت و کردەوەی توندوتیژی لێبکەوێتەوە کە  تەنها زیانی جەستەیی و سۆزداری بە قوربانییەکان ناگەیەنێت، بەڵکو ژیان و سەلامەتیان دەخاتەبەردەم مەترسیەوە و پەیوەندی ئینسانی نێوان مرۆڤەکان گەندەل دەکات و متمانە لەناو کۆمەڵگادا لەبەین دەبات.نائارامی پەرە پێدەدات و پەیکەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا تیکدەشکینێت.

هەر هۆکارێكی تایبەتی لە پشتی ئەو دوو تاوانەوە بووبێت، بەڵام سەرچاوەکەی لەو یاساو رێساو فەرهەنگ و کەلتورەدایە کە دەسەڵاتی کوردیەتی بە پشتیوانی ئاین بەسەر کۆمەڵگاو فەرهەنگی گشتیدا سەپاندویەتی.

ئەوە ڕاستە کە سیستەمی سەرمایەداری و پرۆسەی نامۆبوونی ئینسان کە ئاکامێکی ڕاستەوخۆی سیستەمی سەرمایەداریە، دەتوانێت فاکتەرێك بێت بۆئەوەی پاڵ بە بەشێك لە ئەندامانی کۆمەڵگاوە بنێت تاوان ئەنجام بدەن. بەڵام ئەم تاوانە ئازاربەخشانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، زۆرتر بەپاساوی چەواشەکاری "کوشتنی شەرەف" و "کیشەی کۆمەلایەتی" ناوزەد دەکرێت،  لەڕاستیدا ئەمە پێشێلکردن و سووکایەتیکردنە بە کەرامەت و  نەفیکردنەوەی وجودی فیزیکی ئینسانی ژنانە و ڕەگوڕیشەکەی لە بیروباوەڕی پیاوسالاریدا چەسپیوە، کە بەچاوی سوك و نایەکسان لەژن دەروانێت و لەلایەن دەسەڵات و یاساوە پاریزگاری لێدەکرێ.

لەم روانینەدا ژنان لە چاوی پیاوەوە بەتەنها وەکو موڵکو ماڵ تەماشادەکرێ کە بەهاکەی بەستراوەتەوە بە پیاوەوەو کۆنترۆڵی لەدەستی ئەودایە. هەموو جوڵەیەکی ژن دەبێ بەپێی رەزامەندی پیاو بێت! مافەکانی ژنان بەپێی ویستی پیاو دەستنیشان دەکرێ! دەسەڵاتی ئاین و و کوردایەتی، وەکو دەسەڵاتێکی بۆرژوازی کوردی کە مانەوەی لە گۆشەیەکیدا بەندە بە هێشتنەوەی ستەم و نایەکسانی و بێمافکردنی ژنان لەسەرەتاییترین مافی مرۆیی، هۆکاری یاسایی ئەم هەموو تاوانەیە دژی ژنان و سەپاندنی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی نزمتر بەسەر ژناندا! لەدۆخیكی وادا، ژنان ئەو بونەوەرە بێدەسەڵاتەن کە هەرکاتێك دەتوانن ببنە نێچیری تاوانی پیاوانی کۆنەپەرست و دژە ژن، ئەو پیاوانەی کە ناموسی خۆیان دەبەستنەوە بە هەڵسوکەوتی ژنانەوە، ئەو پیاوانەی کە بانگەشەی پیاوانی ئاینی بۆ فرەژنی و ڕەواجپێدانی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە، نەشئەی ژنێکی دیکە دەیانگرێت و بەرامبەر بە ناڕەزایەتی هاوسەرەکانیان و بەرگریکردنیان لە کەرامەتی ئینسانی خۆیان، چەقۆی پیاوسالاریان لێ هەڵدەکێشن!

دەستدرێژی بۆسەر کەرامەتی ژنان و توندوتیژی بەرامبەریان و کوشتن و سوتاندنیان دەبێ وەکو تاوانی قورس هەژماربکرین و کۆمەڵگا بەرامبەریان هەستیار بێت. ئەم کۆمەڵکوژیو کارەساتە کە دڵی هەموانی بریندارکرد دەمانخاتە سەر ڕێچکەی ئەوەی کە جارێکی تر کۆمەڵگای کوردستان پێویستە بە یاسا و ریساو  کولتوورو ئەو ئایدۆلۆژیایانە بچێتەوە کە بەهای ژن لەگەڵ پابەندبوونی بە نۆرمەکانی پیاوسالاریدا یەکسان دەکەن. دەبێ دەسەڵات ناچار بکرێت کە توندترین سزا بۆ ئەو تاوانانەی دژ بە ژنان دەکرێ دابنرێ و جێبەجێ بکرێ! ئەرکی دەسەلاتدارانە لە کۆمەڵگادا یاسایەك دەستەبەربکەن و جێبەجێی بکەن کە ژنان بپارێزێت و خەڵك و کۆمەڵگە پەروەردە بکات و هۆشیاری لە دەوری ئەم پرسە چارەنووسسازە بەرەوپێش ببات نەك بە پێچەوانەوە.هەموو ژنێك شایەنی ئەو مافە بێت کە بە ئازادی بژی و بەبێ ترس وچاوسورکردنەوەو فشاری گشتی بوونی خۆی دەرببڕێت و هەڵبژاردنی ژیانی خۆی بکات. یاساییەك کە دووربێت لە خزمەتکردن بە چەسپاندنی سیستەمی پیاوسالاری، بیرکردنەوەی کۆمەڵگاش بەرەو ئاقارەدا بگۆڕێت  ڕێز لە مافەکانی ژنان و  یەکسانیان لەگەڵ پیاواندا بگرێت و پێوەی پابەند بن!

نیگەرانی و هەڵرشتنی فرمێسك بۆ ئەم رووداوە جەرگبرانە بەس نیە، بەڵکو کاتی ئەوە هاتووە بێدەنگی بشکێنین بەدژی ئەو تاوانانەی دەرهەق بەژنان و مافەکانیان دەکرێت و بە یەکگرتوویی ڕاوەستاوی دژی ئەم پێشێلکارییەی مافە بنەرەتیەکانی ژنان  بوەستینەوە.بەقوڵی ئەوەمان لەبیربێت کە  خۆێنرشتن و کوشتنی ژنان چیتر ناتوانیت لەکۆمەڵگای کوردستان قبوڵبکرێت.

پاراستنی ژیان و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان بەندە بە خەباتکردن بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگایەك کە ئازادی راستەقینە بۆ ژنان دەکاتە پێوەر. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بەرووی ئەم بەربەریتە بینەوە کە بەرامبەر بەژنان دەکرێت . ئاکامە زیانبارەکانی چەند مانگی رابردووی هەمواری یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عێراق  ئەمە ئاکامەکانێتی بۆئێستەو داهاتووی کۆمەڵگا.

لەهەردوو ئەورووداوە دڵتەزێنەدا لەگەڵ کەسوکاری قوربانیەکان خۆم بەشەریك دەزانم وهاودەنگم لەگەلیان بۆ لێپرسینەوەوبەدواداچوون و بەسزاگەیاندنی هەموو ئەو کەسانەی  کە ئەو تاوانانەیان  ئەنجام داوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×