دەبێ چ دەرسێك لەکارەساتی ٣١ ئاب وەر بگرین!

دەشتی جەمال
  2021-08-31     545
٢٥ساڵ لەمەوبەر لە  درێژی کێشمەکێش و شەڕی ناوخۆیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا، سوپا و لەشکری خۆینرێژی ڕژێمی بەعسی لەناوچوویان هێنایە هەولێر و شارەکانی کوردستانیان داگیرکرد و گەورەترین کارەسات و تاوانی جەرگبڕیان کردە دیاری بۆ خەڵکی کوردستان، بەسەدان لە خەڵکی بێتاوان و ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی بەعس دەستگیر و گوله‌باران و ئیعدام کرد، هەزاران ئینسان ئاوارە و دەربەدەر بوون و لەماڵ و حاڵی خۆیان هەڵکەنران. بەم جۆرە لەو رۆژەوە هاوسەنگی هێز بە قازانجی پارتی دیموکراتی کوردستان  گۆڕا ودەسەڵاتی خۆیان لەهەولێرو چەند ناوچەی کوردستان داسەپاند و قەلەمڕەوی  زۆنی زەردیان  دامەزراند ویەکیتی نیستیمانی کوردستانیش دوای ماوەیەك لە خۆکۆکردنەوە بەپشتیوانی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران، گەڕایەوە سلێمانی وچەند ناوچەیان خستەوە ژێر ڕکێفی خۆیان وقەڵەمرەوی زۆنی سەوزیان پێكهێنا.
ئەم سات و سەوداو مامەڵە قێزەەوەنەی سەرانی بزووتنەوی ناسیونالستی کورد لەگەڵ ڕژێمی بەعس لەلایەن پارتی لەلایەك  و یەکیتی لەلایەکیتر لەگەڵ جمهوری ئیسلامی ئێران لە شەڕی ناوخۆیاندا  لەسەر ژیان و لە خوێن هەڵکیشان و قوربانیدان و بێ سەروشوێن بوونی دەیان ئینسان بەڕێوە چوو، ئەوان بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵات و باڵادەستییان بەسەر ناوچەکانی نفوزی یەکتردا و بۆ قازانج و بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەسەدان ڕۆڵەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکیشی کوردستانیان بەکوشتداو ژیان و داهاتووی کوردستانیان گرێدایەوە بەدەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە کە تا ئێستاش هەمان سیاسەت دریژەی هەیە و ئەو دوو هێزە ئامادەن لەهەرکاتێکدا بەرژەوەندیەکانی ڕۆژیان بخوازێ دەستی هێزەکانی تورکیا و ئێران وحەشدی شەعبی ڕابکێشنەوە سەر ژیان و ماڵی خەڵکی کوردستان و ئەم کارەساتە بکەنە ئەگەرێکی مەترسیدار. بەڵام کارەساتی ٣١ ئاب لەسەر زەمینەی چ دۆخێك رویدا؟
٣٠ساڵ بەرلە ئێستە بەدوای شەڕی کەنداو، خەڵکی کوردستان لە ڕاپەیینی ئازاردا ڕژێمی بەعس و دامودەزگا سەرکوتگەرەکەیان لە کوردستان دەڕپەراند، بزووتنەوەی ناسیونالستی کورد و دوو حیزبی یەکێتی وپارتی وەك دوو هێزی سەرەکی لە پێناو ئامانجی کۆنەپەرستیان خۆیان بە سیاسەتەکانی ئەمریکا و غەربەوە گرێدایەوە و کۆمەڵگای کوردستانیان ئەوکات لەژیر سیاسەتی ناوچەی (ئارام) دا  بە کەمپێکی ئاوارەیی گۆڕی و خەڵکەکەیان لەچاوەڕوانی و لەژێر سێبەری سیاسەتەکانی ئەمریکاو دەولەتانی ناوچەکەدا ڕاگرت، بەم جۆرەش دۆخێك کە ئەمریکاو هاوپەیمانانی لەجەنگی یەکەمی کەنداو بەدواوە خوڵقاندیان ئەو دەرفەتەی دایە دەست ئەحزابی ناسیونالستی کورد کە سود لە نا رێکخرابوونی خەلکی کوردستان وخۆشخەیالیان بەڕزگاربوون لەدەستی حکومەتی بەعس لەڕێگای سیاسەتەکانی ناسیونالیزمی کوردەوە، وەربگرن و لەسایەی میلیتاریزمی ئەمریکاو پشتیوانیەکانیدا خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا داسەپێنن. لەکاتێکدا کە کارنامەی ئەم حزبانە هیج پەیوەندیەکی دوورو نزیکی بە ئومێدەکانی جەماوەر و خەڵکی ستەمەدیدەی کوردستانەوە نەبوو.  
ئێستا ئیتر دوای ٢٥ ساڵ لە کارەساتی  ٣١ی ئاب سەرەڕای ئەو هەموو بەد بەختی نەهامەتیانەی بەدەستی ئەم حزبانەی بزووتنەوەی کوردایەتی چەشتوویەتی نەك سەرانی بڕیاردەری ئەم تاوانانە لێپرسینەوەیان لێنەکراوە و نەبوونەتە عیبرەت و دووبارە نەبوونەوە، بەڵکو وەك عادەتی هەمیشەیی ئەحزابی ناسیونالستی کورد بەردەوامن لە پێش لەشکری و خۆشخزمەتی بو رژێمی فاشتی تورکیا هەروەها بۆ سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی ، جینۆسایدی یەزیدیەکان لە شەنگال و خوڵقاندنی تراژیدیای ١٦ ئۆکتۆبەر و بەئامانج گرتنی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و تورکیا و تیرۆری چەندین ئۆپۆزسیۆنی ئەو رژێمانە و بێدەنگی بوون  لەئاست بۆمبارانکردن و سوتاندنی خەرمان و دێیەکانی کوردستان وکوشتنی هاووڵاتیانی سڤیلی کوردستان و ئاوارەیی و دەربەدەریشی لێکەوتۆتەوە.
لەوەش زیاتر هەمان ئەو سیاسەتانەی پارتی بەدوایەوە بوو بۆ بەزاندنی ڕکابەرەکەی  لە راکێشانەوەی   رژیمی بەعس بۆ سەرژیانی خەڵك ئەو کات، درێژەی هەیە .کوردستان کراوەتە مەیدانێك بۆ دەستێوەردانی ووڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و پاوانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و تاڵانوبڕۆیەکی ئاشکرایی میلیشیایی و لوشدانی داهاتی خەڵکی کوردستان و راگرتنی ژیانیان لە هەژاری وگرانی مەینەتی و نەبوونی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی، تەندروستی و پەروەردە و سەرکوتی ئازادی و برەودان بە کۆنەپەرستی و کوشتنی هەڵسوڕاوانی سیاسی و رۆژنامەنوسان وسزادانیان تا سەرکوتی هەر دەنگێکی ئازدیخواز و ناڕەزایەتیەکان بۆ ماف و ژیان و ئارامی خۆشگوزەرانی.
هەر بۆ ئەوەی ئەم تاوانانە  لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان دووبارە نەبنەوە، پێویستە کارەساتی ٣١ی ئاب بکرێتە بەڵگەیەك بۆ لێسەندنەوەی شەرعیەت لەهەردوو دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی.
ئێستاش کەهەردوو حزبی دەسەڵاتدار و هاوئاوازەکانیان خەریکن ژیان و داهاتووی خڵکی کوردستان  لەڕێگای سیناریۆی پوچی هەڵبژرادنەوە خەڵكی ڕاکێشنەوە بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان وچارەنوسیان لەگێژاوی فیدرالیزمی شکست خواردووی بەغدا ڕابگرنەوە، تاوانێکی تر دەرهەق بەخەڵکی کوردستان دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کەهەڵبژاردن بۆ ئەم حزبانە تەنها بۆ بەدەستهێنانی پلەوپایەو پۆست ووەگەڕخستنی کۆمپانیاکانیان و شەریکبونەوەیە لەدەسەڵات و داهاتی عیراقدا. کەوایە پێویستە جەماوەری ئازادیخوازو ناڕازی کوردستان چیتر ڕێگە نەدەن بکرێنە یاری دەستی ئەم حزبانە ودەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە. کاتی ئەوەیە خۆمان رزگار بکەین لەدەست ئەو هەموو بەڵاو موسیبەتانەی ئەو حزبانە دایانسەپاندووە، هێزو ئیرادەی یەکگرتووانەی خۆمان بهینینە مەیدانەوە و چارەنوسی کۆمەڵگا لەدەست بگرین. پێوستە خەڵکی کوردستان چیتر بە بانگەشەو سیاسەتی ئەم حزبانەی بزوتنەوەی کوردایەتی فریو نەخۆن و ڕیزی خەبات و تێکۆشانی خۆیانی لێ جیا بکەنەوە. لەبیرەوەرییەکانی ٣١ی ئابدا دەرسێك کە دەبێ خەڵکی کوردستان لەم کارەساتەی وەربگرێ هەرئەوەیە کە دەبێ بەخەباتێکی جەماوەری کۆمەڵگا لەم حزبانە پاك بکرێتەوە و دەسەڵاتدارێتی جەماوەری پشتبەستوو بەئیرادەی خەڵکی کوردستان لەشوراکاندا، لە جێگایدا دابمەزرێت. بەدیهێنانی ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەران وکۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان بە دەر لەهەژاری و نەداری و بیکاری و ستەم و سەرکوتگەری تەنها وتەنها لەڕێگای خەباتی شۆڕشگێرانەی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و ڕاوەستانیان لەژێر ئاڵاو ئاسۆی کۆمۆنیزمدا مومکین و مەیسەرە. تەنانەت ئەگەر ئەمانەوێت چیتر کوردستان نەبێتەوە مەیدانی کارەساتەکانی وەك ٣١ ئابێکیترو ١٦ ئۆکتۆبەرێکیتر ئەوا دەبێ ئەم خەباتەو ئەم ئاسۆیە بە دەستەوەبگرین، ئەمە ئەو دەرسەیە کە دەبێ لەکارەساتی ٣١ی ئاب وەریبگرین.
٣٠ئابی ٢٠٢١
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×