هەراوهوریایی پەرلەمان و موچەی خەڵك
دەشتی جەمال
2020-12-02   877
گرژی و
ئاڵۆزی و نمایشی ئەندام پەرلەمانە تێر وتەسەلەکان لە پەرلەمان!! و نیشاندانی گرتەی
ڤیدیۆیی، وەڕێخستنی شانۆی دەهۆڵکوتان و هەراوهۆریا سازکردن و بەخشینەوەی درۆی
پێشتر ئەزموونکراو لەلایەن فراکسیۆنی حزبە سیاسییە دزو تاڵانچیەکان، گوایە شەڕی
داهات و شەفافیەت و چاکسازی دەکەن، بەکردەوە دەرکەوتووە، کە حزب و بزوتنەوە
سیاسیەکانی خۆیان، سەرچاوەی هەموو ئەو موسیبەت و کوێرەوەریانە کە رووبەڕووی چینی
کرێکار و جەماوەری بێبەشی کوردستانیان کردۆتەوە. هەر حزبی ئەو فراکسیۆنانەن کە دۆخێکیان
خوڵقاندووە کە بەبڕینی موچە و لێبڕین و دواخستنی خەریکە ژیان بەمانای وشەکە، لە
هاوڵاتیانی بێبەشی کوردستان دەسەننەوە. بێ باکی سەبارەت بەدۆخی کۆرۆنا ڤایرۆس، جینۆسایدێکی ئاشکرا
بەسەر خەڵکی بێبەشدا سەپێنراوە ئەگەر کەمترین بەرپرسیاریەتی دەسەڵات و حزبە چاوچنۆکەکانی
هەبوایە ئەو هەموو مەرگە هەرگیز نەدەبووە کابوسی کۆمەڵگەی کوردستان.
ئەم هەنگاوانەی پەرلەمانتاران بەرهەمی ناکۆکی و ڕێکنەکەوتنی نێوان حزبەکان
و قەیرانێکی سەراپاگیر و بنەبەستێکە کە دەسەڵات و حکومەتی کارتۆنی هەرێمی کوردستان
و حزبە پکێهێنەرەکانی تیادا نقوم بوون و وەڵامیان نییە بەکێشەو گرفتەکانی خەڵک، بێوەڵام
راوەستاون و دەریچەیەك نابیننەوە لەبەرامبەر ناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا بەغەیری ئەوەی
خۆڵ بکەنە چاوی خەڵك و خۆیان بدزنەوە لە بەرپرسیارێتی چەندین ساڵەیان کە دەستیان
لەنێو کایەکانی ئەو حکومەت و دەسەڵاتە سەرکوتگەرەدایە، بەتایبەتیش یەکێتی و گۆڕان وەکو
دوو حزبی بەشداری نێو کابینەی نۆهەمی مسرور بارزانی.
لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان ئەو ڕاستیە باش دەزانن کە زۆنی سەوزو نیلی لەژێر
قەلەمڕەوی یەکێتی و گۆڕاندایە کە رۆژانە دەیان ملیۆن دینار دۆلاری خاڵە سنوریەکان
و باچ و روسومات و داهاتی نەوتی دزراو وە قازانجی سەدان کۆمپانیای حزبی و داهاتی
دەرمان و کۆمپانیای سیکورتی و نەخۆشخانەی ئەهلی بەرپرسەکان و ناوەندی پیشەسازی و بازرگانی
بە مەوادی هۆشبەرەو دەیان بنکەی بازرگانیان بەدەستەوەیەو یەکێتی شەریکی ڕاستەقینەی
پارتییە لەدزی و تاڵانکردنی داهات و سامانی کوردستاندا.
کێشەی ئەم پەرلەمانتارو حزبانە لەگەڵ پارتی وەك هێزی باڵادەست لەکوردستاندا
ئەوە نییە ئاو و کارەبای ٢٤سەعاتە بۆ خەڵک دابین بکەن، خۆشگوزەرانی و بیمە کۆمەڵایەتیەکان
لە چەشنی بیمەی بیکاری و کاری گونجاو بۆ بێکاران دەستەبەر بکەن، ماف و ئازادی
فەردی ومەدەنیەکانی خەڵکی کوردستان بەستانداردێکی جیهانی بکەنە یاسا، یان ستانداردی
سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان بەشێوەیەکی مۆدرین سکولار ڕێك بخەن، کۆتایی
بەتوندتیژی وکوشتنی ژنان بهێنن و یەکسانی هەمەلایەنە جێبخەن، خۆیندن و پەروەردە ڕێک
بخەنەوە، داهاتی بەتاڵانبراوی سنورەکان بگێڕنەوە و موچەی فەرمانبەرانی پێبدەن وەیا
سنورێك بۆ دەستدرێژی هەررۆژەی دەوڵەتانی ناوچەکە لەسەر ژیانو گوزەرانی خەڵك دابنێن...
هەر بۆیە ئەم هەراو هۆریایانەی پەرلەمانتارەکانتان بەقەد تاڵە پوشێک پەیوەندی بە
بەرژەوەندی و موچەو مافە دزراوەکانی خەڵکی
کرێکارو زەحمەتکیشی کوردستانەوە نییە، کێشەی ئەوان ئەوەیە ئەم سیستەمەی ئێستا
قازانجی سەرمایەکانی ئەوان مەیسەر ناکات، لەبەشی خۆیان ناڕازین، منەت بەسەر
خەڵکەوە مەکەن پاساوەکانتان پوچ و بێبناغەیە، بەکەڵك وەرگرتن لەناڕەزایەتیەکان و
توڕەی خەڵك بەرامبەر بێموچەی و نەداری دا دەیانەوێت بەسەر پلیکانەکانی ناێەزایەتی
قوڵی خەڵك و نەفرەت لەم دەسەڵاتە، سەرکەون تا بنکەو پێگەی سیاسی خۆیان بەهێز بکەن،
ئەوان نۆێنەری سەرمایەدارو پارەدارن کە فرسەتیان پینادرێت بەشی خۆتان لەدزینی
ڕەنجی خەڵکی کریکارو زەحمەتکێش و دەستەنگی کوردستان بخۆن، کۆبوونەوەی لوتکەو هاندانی
خەڵك بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا و خۆشباوەڕی بە کازمی و پەرلەمانی عەسابەکانی ئیسلامی و
تایفی و قەومی لەبەغدا کە دووبەرەکی قەومی دەنێنەوەو بەنەفەسەی رژێمی سەرکوتگەری
بەعس مامەڵە بەماف و داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن و خەڵکی عێراقیان لەگەڵ بێمافی
هەژاری و داپڵۆسینی ناڕەزایەتیە بەرهەقەکانین کە لەخوینی هەڵدەکێشن. هەوڵێکی
حەقیرانەی ئەو لایەنە سیاسیانەیە کە زۆر باش دەزانن لەسەردەستی کازمی حکومەتە شکستخواردو
یەک لەدوا یەکەکاندا چ بەڵایەك بەسەر خەڵکی عێراقدا هاتووە، بەڵام دەیانەوێت تۆوی
فریوکاری لەنێو خەڵکی کوردستان بڵاوبکەنەوە.
خەڵکی کوردستان و ناڕەزایەتیەکانی کەماوەی ١٠ رۆژێکە بەهۆی دواکەوتنی موچەو
بایکۆت لە فەرمانگەکانی چەند شاری کوردستان دەستیپێکردۆتەوە وە ڕێگا چارەیەکی
واقعی و کارساز بۆ رزگاری خەڵك لەدەرەوەی فەلەکی سیاسەتی فریوکاری ئەم حزبانە و
تێكوپێکدانی ئەو سیستەم و یاساو رێسایەیە کە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار پارتی و یەکێتی
وەك دوو دەسەڵاتی کۆنەپەرست و میلیشیاو تاڵانچی لە سی ساڵی رابردوودا لەسەر ژیانی
خەڵك بەڕێوەیان بردووە، بەرێخستنی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی سیاسی بە ئاسۆیەکی شوڕشگیرانە
بۆ تەفروتوناکردن و وەلانی ئەم دەسەڵاتە ستەمگەرە لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان و نەوەکانی
داهاتوو ئەرکێکی دەسبەجێی هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازنە بۆ
دامەزراندنی دەسەڵاتێکی پشتبەستو بە ئیرادەی راستەخۆی جەماوەری بەشمەینەت.
ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو بەش و
کەرتانەی داهاتی خۆیان هەیە، وەکو هاتوچۆ، ئاو، کارەبا، شارەوانی، تەندروستی و
تاپۆ... لە کۆبونەوەی کرێکاران و کارمەندانی خۆیاندا، نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن و
داهاتی ئەو جێگایانە لەلایەن ئەو نوێنەرانەوە دابەشی سەر کرێکار و کارمەندەکانیان
و پێداویستیەکانیان بکرێت و داهاتی زیادەش لە سندوق و خەزینەی ئەو بەشانەدا
هەڵبگیرێت، یان دابەشی سەر ئەو کەت و بەشانە بکرێت، کە خۆیان داهاتیان نییە، وەکو
موچەی مامۆستایان و خانەنشینان... هاوکات لە گەڕەکەکان کۆمیتەو ئەنجومەنەکان دروست
بکەن کاروباری کۆمەڵگا بەدەستەوە بگرن و نۆینەرانی هەڵبژیراوی خەڵك داهاتی خاڵە سنوریەکان
سەرپەرشتی بکەن لە باج و ڕسومات و داهاتەکان موچەی فەرمانبەران و کارمەندان و کرێکاران
دابینبکەن، چەکداری گشتی لە گەڕەکەکان لەئاستی شارو شارۆچکەکان دروست بکرێت، بانگەوازی
رۆڵەی کرێکارو زەحمەتکیشی دەوری ئەو حزبانە بکرێت بەهێزی چەکداری پاراستنی
جەماوەریەوە پەیوەست بن، ناڕەزایەتیەکان لەم پەرشوبڵاوی و راوەستاوی و بەتەنها
بایکۆتکردنە دەربکێشرێت و بەدڵنیایەوە هەر دەسکەوتێکی سەرکەوتووی خەڵک لەم
هەنگاوەدا لەگەڵ پشتیوانی جیهانی ئازادیخوازان بەرەوڕوو دەبێت. رۆڵی کۆمۆنیستەکان
خەباتگیڕانی ئازادیخوازو لەم نەبەردیەدا چارەنوسسازە.