هه‌ڵكشانی‌ میدیای‌ زه‌رد له‌كوردستان

حەسەن هەندرێنی
  2020-04-17     1171
وه‌ك روونه‌ میدیای‌ زه‌رد له‌كوردستان دوای‌ ده‌ركه‌وتنی‌ یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی‌ ئه‌هلی‌ له‌ (2000) زیاتر گه‌شه‌و نه‌شو نما ده‌كات، كه‌ پێش ئه‌ویش له‌سه‌رده‌می‌ شه‌ڕی ناوخۆ ( 1994- 1998 ) رۆژنامه‌ی‌ حزبه‌كان بۆ شكاندنی‌ یه‌كترو هێنانه‌ خواره‌وه‌ی‌ شكۆی‌ سیمبوله‌كانییان له‌دژی‌ یه‌كتر به‌كارییان دێنا. 

ئێستاش دوای‌ ئه‌م ماوه‌ زه‌مه‌نییه‌ هه‌مان نه‌فه‌سی‌ كاركردن، به‌ڵام له‌روبه‌ری‌ فراوانترو له‌روپه‌ڕی چه‌ندایه‌تی‌ بواری‌ رۆژنامه‌گه‌ریی ‌و سۆشیال میدیادا بونی‌ هه‌یه‌و له‌گه‌شه‌سه‌ندندایه‌، به‌جیاوازی ئه‌وه‌ی‌ پێش خۆی‌، ئێستای‌ میدیای‌ زه‌رد به‌ شێوه‌ی‌ سێبه‌ر نه‌وه‌ك راسته‌وخۆ، كارده‌كه‌ن ‌و چه‌ند قولانجێك له‌سپۆنسه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كان خۆ به‌دور ده‌گرن، به‌ڵام خوێنه‌رو بینه‌رو بیسه‌ری‌ هوشیار له‌گه‌ڵ ته‌نها خوێندنه‌وه‌ی‌ هێدلاین له‌ته‌واوی‌ نوسین ‌و سیناریۆو شێوه‌ی‌ ده‌رهێنان ‌و داڕشتنه‌وه‌ی‌ تێده‌گات ‌و وه‌ك سێوێكی‌ پاككراو خاوه‌نه‌ راسته‌قیینه‌كانی‌ به‌دیار ده‌خات.

 ماجه‌رای‌ مسته‌فا سه‌لیمی‌ زۆری‌ له‌سه‌ر گوتراوو نوسرا، به‌ڵام ته‌واوی‌ گوتن‌و نووسینه‌كان به‌دورنین له‌هونه‌ری‌ میدیای‌ زه‌رد‌و له‌بنه‌مادا گه‌مه‌یه‌كه‌ له‌ناو فه‌رهه‌نگی‌ ئه‌م ستایله‌ی‌ میدیا، بۆیه‌ زۆر كه‌م له‌نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسه‌ جدییه‌كان خۆیان له‌قه‌ره‌ی‌ ئه‌م بابه‌ته‌داو ئه‌گه‌ر باسیشیان لێوه‌ كردبێ له‌چوارچێوه‌یه‌كی‌ دیاریكراوو دور له‌ناو زڕاندن ‌و ناوهێنان و تۆمه‌ت به‌خشین بووه‌.

 كه‌ بابه‌تێكی‌ ئاوا له‌ میدیا سه‌رهه‌ڵده‌دا، زیاتر دوو مه‌به‌ست له‌پشتییه‌وه‌یه‌تی‌، یان مه‌به‌ستی‌ ماددییه‌ یان سیاسی، كه‌ له‌م كێسه‌دا هه‌ردوو مه‌به‌سته‌كه‌ پێكراون، هه‌م مادده‌ به‌خه‌رجدراوه‌، هه‌م شكانی‌ سیاسیشی تێدا بووه‌. بۆیه‌ ئاسایییه‌ له‌هه‌رێمێكی‌ تازه‌ ئاشنا به‌هونه‌رێكی‌ ئاواو ئه‌كتیڤ نه‌بوونی‌ یاساكانی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی ‌و دادوه‌ریی، ئه‌م جۆره‌ باسانه‌ ره‌واجیان هه‌بێ ‌و خوێنه‌رو بیسه‌رو بینه‌ری‌ زۆریش به‌خۆی‌ سه‌رقاڵ بكات.

یه‌كێك له‌تاكتیكه‌كانی‌ ده‌ست میدیاكارانی‌ میدیای‌ زه‌رد ئه‌وه‌یه‌، پێشوه‌خته‌ سیناریۆ بۆ بابه‌تێك ئاماده‌ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌كاتی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ باسێك یان كێشه‌‌و ئارێشه‌یه‌ك بۆ لایه‌نی‌ سپۆنسه‌ره‌كه‌ی‌، سیناریۆكه‌ ده‌هێننه‌ پێش ‌و نمایشی ده‌كه‌ن. به‌مه‌ش قه‌یرانێك ئه‌خه‌نه‌ ته‌ك ئه‌و قه‌یرانه‌ی‌ چ سروشتكرده‌ یان به‌ده‌ستی‌ مرۆڤ سه‌رهه‌ڵده‌دات. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ هیچ نه‌بێ خه‌ڵك كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ خۆیان كه‌ نان ‌و ژیان ‌و ته‌ندروستییه‌ بیر بچێته‌وه‌‌و راوه‌دووی‌ هه‌واڵه‌ دروستكراوه‌كه‌ بكه‌ون. هه‌روه‌ك ئه‌و رووداوه‌ی‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌ی‌ رابردوو ته‌واوی‌ خه‌مه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ژیانی‌ بیر بردبووینه‌وه‌. 

گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌، میدیای‌ زه‌رد سه‌ر له‌خه‌ڵك نه‌شێوێنێ ‌و كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان بیر نه‌باته‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ دی وه‌ك چۆن به‌ نرخێكی‌ هه‌رزان دێ ئاواش به‌ سووكی‌ تێده‌په‌ڕێ.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×