په‌یوه‌ندی له‌سه‌ر هێڵێكی‌ خه‌یاڵی‌

حەسەن هەندرێنی
  2019-10-12     709

ئاسته‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ كورد - ئه‌مریكا
ئه‌و دابه‌شكارییه‌ی‌ كورد له‌ ناوه‌وه‌ به‌سه‌رییدا دابه‌شبووه‌، كۆ ( + ) ئه‌‌و دابه‌شبوونه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ر ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ بۆ هه‌میشه‌ ئه‌یانه‌وێ كۆنترۆلمان كه‌ن زۆر كوشنده‌یه‌. له‌بنه‌مادا دابه‌شكاری ناوخۆیی بۆته‌ هۆكارێك... بۆته‌ درز ‌و كه‌لێنێكی‌ گه‌وره‌ بۆ داگیركه‌رانی‌ كوردستان. تا بتوانن باشتر و روونتر گه‌مه‌كانیان بكه‌ن. خۆی‌ ئه‌م دابه‌شبوونه‌ دیرۆكییه‌، واتا به‌ر له‌ دابه‌شكارییه‌كانی‌ سایكس بیكۆ وه‌ هه‌ر هه‌بووه‌. به‌ڵام دوای‌ ده‌ركه‌وتنی‌ پارتی‌ سیاسی ئه‌م دابه‌شكارییه‌ گۆڕان به‌سه‌ر شێوازه‌كه‌ی‌ دادێت، ئه‌وه‌ی‌ له‌ ئه‌مڕۆكه‌دا به‌ ڕوونی‌ له‌ نێو هێزه‌ كوردییه‌كاندا هه‌ستی‌ پێده‌كرێ ، دوو به‌ره‌ن، ئه‌وانیش به‌ره‌ی‌ كوردایه‌تی‌ راسته‌قینه‌ ‌و به‌ره‌ی‌ فڕ ‌و فیشاڵی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ یان نه‌ته‌وایه‌تیێكی‌ درۆزنانه‌، كه‌ دوژمنان توانیویانه‌ له‌م گیرفانانه‌ سوود ببینن ‌و چه‌رخی‌ مێژوو له‌ قازانجی‌ خۆیان بسوڕێنن.


هه‌رچه‌نده‌ هێشتا به‌ره‌ی‌ كوردایه‌تی‌ ‌و نیشتمانی‌ له‌ هێز نه‌كه‌وتووه‌، به‌ڵام پێموابێ بۆ رۆژگاری‌ ئه‌مڕۆ ‌و ئه‌و فه‌زایه‌ی‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست هه‌یه‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌ كافی نیه‌. پێویستی‌ به‌ پاڵپشتییه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ر رۆژێك زیاتر ئه‌و ئومێدی‌ پاڵپشتییه‌ قووڵه‌ له‌ناو چاوی‌ كوردان به‌دی‌ ناكرێ. 


زۆر دوور نه‌ڕۆین كورد چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه‌ هێلكه‌كانی‌ خستۆته‌ سه‌به‌ته‌ی‌ ئه‌مریكا و ئه‌مریكاش له‌ كاته‌ زۆر هه‌ستیاره‌كاندا، كورد سه‌رگه‌ردان ‌و وێڵی ده‌ست قه‌ده‌ر ئه‌كات، هه‌روه‌ك چۆن له‌دوایین رووداوی‌ پشتتێكردنی‌ رۆژئاڤا ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌ زه‌قی‌ به‌دیده‌كه‌ین. ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ وه‌ك كورد له‌م په‌یوه‌ندییه‌ تێنه‌گه‌یشووین ئاسته‌كانی په‌یوه‌ندی‌ ئه‌مریكایه‌ به‌ كورده‌وه‌. دیاره‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ نه‌ بنه‌مایه‌كی‌ ته‌واو ستراتیژی‌ ‌و نه‌ بنه‌مایه‌كی‌ ته‌واو ئه‌خلاقی‌ هه‌یه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر كاردانه‌وه‌كانی‌ به‌رامبه‌ر وێنای‌ په‌یوه‌ندیێك ئه‌كات، ره‌نگه‌ په‌یوه‌ندییداربێ به‌ كاتێكی‌ دیاریكراو یان رووداوێكی‌ دیاریكراو. ده‌نا هێشتا كورد نه‌بۆته‌ سێكوچكه‌یه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی‌ ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌، ئه‌مه‌ تێڕوانینی‌ ئه‌وانه‌ له‌سه‌ر كورد، به‌ڵام هه‌میشه‌ كورد پێیوایه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا زۆری‌ بۆ ئامانجه‌كانی‌ ئه‌مریكا كردووه‌. به‌تایبه‌ت له‌ شه‌ڕی تیرۆردا، كه‌ ئه‌مریكا زیاتر وه‌ك ئاڵا هه‌ڵگر ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌وانه‌ی‌ پێش ترامپ نایان ده‌شارده‌وه‌ كه‌ چه‌كه‌ كۆكوژه‌كان ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌رییان نیه‌ له‌سه‌ر ئه‌مریكا به‌ قه‌د تیرۆری‌ نێو ده‌وڵه‌تی‌، بۆیه‌ له‌م ئامانجه‌ هاوبه‌شه‌دا كورد ‌و ئه‌مریكا یه‌كئه‌گرنه‌وه‌ ‌و به‌ شێوه‌یه‌كی‌ نیمچه‌ ره‌سمیش پاكتاوكردنی‌ ناوچه‌كانی‌ ته‌ویله‌ ‌و بیاره‌ له‌ تیرۆریستانی‌ (جندالاسلام) یه‌كه‌م هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان ئه‌مریكا ‌و هێزێكی‌ كوردی‌ بوو، كه‌ تا ئه‌مڕۆ ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ رێژه‌یی درێژه‌ی‌ هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت كه‌ تیرۆر ‌و رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ گه‌شه‌یان كرد ‌و گه‌یشتن به‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌ت له‌ نموونه‌ی‌ داعش. 
 ئه‌توانین بڵێین باشترین هه‌ڵكشانیش له‌م په‌یوه‌ندییه‌ له‌ رۆژی‌ نزیكبونه‌وه‌ی‌ داعش له‌ هه‌ولێر به‌ دیاركه‌وت ‌و ئێستاش له‌ رۆژئاڤا په‌یوه‌ندیێكی‌ له‌مجۆره‌ بوونی‌ ماوه‌، به‌ڵام زۆر  جێگیر نییه‌ و وا ئه‌بینین له‌قاڵبی سه‌وداوه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا ئه‌كرێ.


ئه‌وه‌ی‌ بووه‌ مایه‌ی‌ نیگه‌رانی‌ لای‌ كورد به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌  ‌و كوردانی‌ رۆژئاڤا به‌ تایبه‌ت، له‌ هاتنه‌ به‌ر باسی‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا بوو له‌ سه‌ر زاری‌ ترامپ له‌ كۆتایی ساڵی‌ پار له‌ سوریا ‌و رۆژئاڤا و به‌ پراكتیككردنی‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌ی‌ رابردوودا. كه‌ وه‌ك هه‌ڵكردنی‌ گلۆپی‌ سه‌وز لێكدرایه‌وه‌ بۆ سوپای‌ داگیركه‌ری‌ توركیا بۆ ناو رۆژئاڤا. ئه‌م هه‌وراز ‌و نشێوه‌ له‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان ( ئه‌مریكا – كورد) موراجه‌عه‌یه‌ك به‌ كورد ئه‌كات، له‌وه‌ی‌ ئه‌مریكاش ناتوانێ ببێته‌ دۆستێكی‌ رسته‌قینه‌ی‌ كورد، چونكه‌  په‌یوه‌ندییه‌كه‌ زۆر نا به‌رامبه‌ره‌ له‌لایه‌ك ‌و له‌لاكه‌ی‌ دیكه‌شه‌وه‌ ئه‌مریكا په‌یوه‌ندی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ نه‌ته‌وه‌ داناڕێژێ. زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ بنه‌مای‌ ده‌وڵه‌ت ‌و له‌ ناویشیدا ده‌وڵه‌تێكی‌ به‌ هێز له‌ رووی‌ پێگه‌ی‌ ستراتیژی‌ كه‌ بتوانێ‌ قازانج به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌مریكا بگه‌یه‌نێ یان خاوه‌ن ئابووریێكی‌ به‌هێزبێ... ئه‌مانه‌ بنه‌مای‌ سه‌ره‌كین بۆ وڵاتێكی‌ وه‌ك ئه‌مریكا كه‌ زیاتر پراگماتی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كان ئه‌ڕوانێ نه‌وه‌ك ئه‌خلاقی ‌و سۆزداری. 


له‌ به‌رامبه‌ر پاڵپشتی‌ ئه‌مریكا بۆ كورد، كورد چی هه‌یه‌ سه‌ودای‌ پێبكات؟ مه‌گه‌ر مێژووێك له‌ زوڵم بكاته‌ به‌ڵگه‌، یان وه‌ك جه‌نگاوه‌ری‌ ئازا و شه‌ڕكه‌ر ببێته‌ هاوكار و پشتیوان بۆیان، یان ئه‌وه‌ راستییه‌ سامناكه‌كه‌یه‌، كه‌ ترامپ بێ ئه‌ته‌كیێت و لێكدانه‌وه‌ی‌ دوور هێنایه‌ زمان ‌و كوردی‌ وه‌ك مورته‌زه‌قه‌ وه‌سف كرد!. له‌سه‌ر ئه‌م قسانه‌ی‌ لێره‌و له‌وێ كاردانه‌وه‌ دروستبوون، چونكه‌ راستییه‌كه‌ به‌ جۆرێكی‌ دیكه‌ بوو... ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ بوون له‌سه‌ره‌تای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ داعش ئه‌گه‌ڕان به‌ دوای‌ هێزێك له‌سه‌ر زه‌مین تا هاوكار و پشتیوانی بكه‌ن بۆ له‌ناوبردنی‌ داعش، چه‌ند هێزێكیان تاقیكردنه‌وه‌ به‌ڵام هیچیان وه‌ك شه‌ڕڤان و پێشمه‌رگه‌ ئه‌و ئاماده‌ییه‌یان تێدا نه‌بوو، هیچیشیان ئه‌وه‌نده‌ خۆڕاگر و به‌ور ئاسا به‌رامبه‌ر داعش خۆیان رانه‌گرت، تا سه‌ره‌نجام له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ئه‌وان كۆتاییش به‌ ناوه‌ندی‌ خه‌لافه‌ته‌كه‌یان هات. بردنه‌وه‌ یان دزینی‌ ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ به‌به‌رچاوی‌ جیهان شتێكی‌ شه‌رمئاوه‌ربوو، كه‌ ترامپ قسه‌ی‌ له‌باره‌وه‌ كرد و سه‌داسه‌دی‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ بۆ خۆی‌ گێڕایه‌وه‌، له‌كاتێكدا هێزه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بوونیان هه‌بووه‌ له‌ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌دا.  زۆر له‌ سه‌ركرده‌ مه‌یدانییه‌كانی‌ ئێستا و هه‌ندێكیش له‌وانه‌ی‌ خانه‌نشینكراون یان به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێ وازیان هێنابێ، له‌گه‌ڵ ئه‌م رسته‌یه‌ی‌ ترامپ ئاره‌قه‌ی‌ شه‌رمه‌زارییان به‌رامبه‌ر قوربانییه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد له‌ ته‌وێلیان سڕیه‌وه‌ ‌و ئه‌وپه‌ڕی ملهوڕی‌ و بێباكییان له‌سه‌رۆكه‌كه‌یان هه‌ست پێكرد!، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ترامپ كه‌سێك نیه‌ پێشینه‌یه‌كی‌ سه‌ربازیی یان سیاسی كاریگه‌ری‌ هه‌بووبێ و ئه‌و كه‌سێكه‌ له‌ناو بزنس كاری كردووه‌، هه‌موو لێكدانه‌وه‌كانی‌ ئه‌باته‌وه‌ سه‌ر قازانج و زه‌ره‌ر، له‌مه‌شیاندا داگیركه‌رانی‌ كوردستان به‌تایبه‌ت توركیا سوودی بینییوه‌ و هه‌له‌كه‌ی‌ قۆستۆته‌وه‌. 
ئه‌م دۆخه‌ به‌ كوێ ئه‌گات؟


 هیچی وای‌ پێچنه‌چوو، یان راستتر له‌شه‌وی‌ راگه‌یاندنی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌، ترامپ یه‌كه‌مین دیدار كه‌ ده‌ركه‌وت، بێسه‌روبه‌رترین قسه‌ی‌ بۆ رۆژنامه‌وانان كرد و هیچی له‌سه‌ر هیچه‌وه‌ نه‌بوو، بۆیه‌ پێ به‌پێ و دوا به‌دوای‌ فشاره‌ زۆره‌كانی‌ كۆنگرێسمان و كاراكته‌ره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ سه‌ر شانۆی‌ سیاسی و هونه‌ری‌ كاریگه‌رییان زیاتر له‌سه‌ر ترامپ داناوه‌ و راكه‌یان پێگۆڕیوه‌ و له‌ دیارترین تویته‌كانی‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و كێشه‌ سه‌دان ساڵه‌یه‌ی‌ وه‌ك خۆی‌ ئاوا هێناویه‌ته‌ زمان سێ بژارده‌ی‌ خسته‌ڕوو ئه‌وانیش، یان ئه‌وه‌تا هه‌زاران سه‌رباز له‌م ناوچه‌یه‌ بڵاوه‌ پێبكات و شه‌ڕه‌كه‌ به‌ قازانجی‌ خۆیان حه‌سم كات یان ئه‌وه‌تا ئابووری‌ توركیا به‌ته‌واوی‌ بته‌پێنێ یان نێوبژیوانی‌ له‌نێوان كورد و توركیا بكات... به‌ڵام له‌ هه‌موویان نزیكتر ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی‌ خۆی‌ راستكاته‌وه‌ و له‌ هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌مدا فشاره‌كانی‌ به‌كاربێنێ بۆ وه‌ستاندنی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ توركیا و كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كان بۆ سنووری‌ توركیا. ئینجا هه‌نگاوه‌كانی‌ دواتر ده‌ستپێبكات. 


 ئه‌ركی‌ هێزه‌ كوردییه‌كان چ ده‌بێ؟
بواری‌ ئه‌وه‌ له‌به‌رده‌م هێزه‌ كوردییه‌كان نه‌ماوه‌ په‌نا بۆ مێژوو ببه‌ین، تا محاسه‌به‌ی‌ ئه‌وانه‌ بكات كه‌ بوونه‌ته‌ به‌رده‌بازی‌ مه‌رامی داگیركه‌ران ‌و ئه‌لقه‌ له‌گوێی ئه‌م ‌و ئه‌و، ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ته‌وه‌ له‌به‌رچاوگرتنی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانییه‌...


ئه‌گه‌ر پێمان وابێ توركیا هیچ نه‌خشه‌یه‌كی‌ نیه‌ بۆ باشوری‌ كوردستان ‌و به‌ نیازی‌ داگیركاری‌ پیلانه‌كانی‌ داناڕێژێ، ئه‌وا له‌ خه‌ڵوه‌تێكی‌ قووڵی‌ غه‌فڵه‌تداین. با ئه‌گه‌ر بێتو ئه‌و سه‌دان كیلۆمه‌تره‌ش نادیده‌ بگرین كه‌ به‌ ناوی‌ راوه‌دوونانی‌ تیرۆر كوێسته‌كانی‌ كوردستانی‌ كێوماڵكردوون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ بۆ بچێته‌سه‌ر بێگومان بیانووی‌ گه‌وره‌تر ماون ده‌ستیان بۆ به‌رێ ‌و گۆڕه‌پانه‌كه‌ له‌ كورد ته‌نگتربكات. له‌سه‌رووی‌ هه‌موویانه‌وه‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ پڕۆژه‌ی‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ موسڵ و كه‌ركوك بۆ سه‌ر نه‌خشه‌ی‌ خۆی‌؟!.  


راستترین هه‌نگاو له‌به‌رده‌م كورد ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و هێزانه‌ موراجه‌عه‌یه‌كی‌ راسته‌قینه‌ی خۆیان بكه‌ن نه‌بنه‌ كه‌واسووری‌ به‌ر له‌شكری‌ داگیركه‌ران  له‌رۆژئاڤا . یان چیتر نه‌بنه‌ چاوپۆشیكه‌ر له‌و هه‌موو داكشانه‌ زۆره‌ی‌ سوپای‌ داگیركه‌ری‌ توركیا بۆ ناو خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ( زۆنگاو له‌سه‌ر زمانی‌ توركه‌كان !!). 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×