وەڵامى داخوازییەکانى ١٧ى شوبات

حەسەن هەندرێنی
  2019-02-19     1254
 مەبەستم ١٧ى شوباتى ئیمساڵە ( ٢٠١٩) نەوەک ئەو ١٧ ى شوباتەى لە ٢٠١١ بۆ ماوەى ٦٣ رۆژ سەراى سلێمانى ببووە سەراى ئازادى و شەقامەکانى شار خرۆشان و جمەیان دەهات بە هوتافى کەسە ئازاد و خۆنەویستەکان، شارى سلێمانى ئەو رۆژە و رۆژانى دوواتر بریندارکرا و هەندێک لەڕۆلەکانى خڵتانى خوێن کران. بەگوللەى کێ ؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە، کە ئێستا دواى ماوەیەکى درێژ بەسەر روودانى وەڵام دەدرێتەوە، گوللەى ئەوانەى ئیمڕۆ بەشەوقەوە دەستیان ئەخرێتە ناودەست و رێککەوتنیان لەگەڵ واژو ئەکرێ،  لەلایەن هێزێک، یان راستتر کۆمەڵە سیاسیێک کە مەرامی راستەقینەیان تەنها ئەوەبوو کە لەم ١٧ ى شوباتەدا بینیمان. ئەویش سازان و گفتوگۆکردن بوو لەپێناو بەدەستهێنانى چەند دەستکەوتێک لەئیدارەو حوکمڕانێتى هەرێمى کوردستان. 

 بەشدارییکردن لەحکومەت هیچ لۆمەیەک هەڵناگرێ و مافێکى رەواى هەر هیزێکە کە لەهەڵبژاردنەکان بیباتەوە، بەڵام راکێشانى هێزێکى وەک گۆڕان بۆ رۆژى ١٧ ى شوبات ماناو دەلالاتى زۆرى هەن. کە دڵنیام بێمەبەست نەبووە لەلایەن هێزى براوەى یەکەم ( پارتى)!. 

لێرەدا هەقى خۆمانە وەک رۆژنامەوان پرسیارێک بکەین، ئایا گۆڕان ئەیانزانى پارتى رێک ئەکەوێ لەگەڵیان و رۆژى رێککەوتنەکەش رێککەوتى ١٧ى شوبات ئەکرێ؟ خۆ ئەگەر بیانزانیبێ و خۆیان لێ نەبان کردبێ، ئەوا دەبێ وەڵامیان چیبێ بۆ کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان و ئازادیخوازانى ئەوێ رۆژێی بەردەرکى سەرا و بنەماڵەى شەهیدانى ١٧ى شوبات؟  ئەگەر نەشیانزانیبێ و ئەو رۆژەیان لەبیرەوەریی سیاسییاندا سڕیبێتەوە، ئەوا رەنگە گومان و پرسیارەکان ئۆباڵیان سووکتربکات، چونکە ئەوانیش وەک هەر هێزێک سیاسەت ئەکەن، ئەگەر ١٧ ى شوبات هەوێنێک بێ بۆ دروستکردن و بەهێزکردنیان و کردنیان بەهێزى دووەم لەکوردستان، ئەوا ئەمڕۆش ١٧ى شوبات خێری سیاسییان بۆ ئەداتەوە لەوەى ئەیانکاتە خاوەن پشکى گەورە لەدەسەڵات و حوکمڕانى، وەک ئەوەى پێشتر و لەکابینەى رابردوو هەوڵیان بۆدابێ و لێی بێبەشکرابن!. بۆیە لەسادەترین پێناسەى ئەم دۆخەدا کە تێیدان ئەوەندە دێتە بەرچاوى خەڵک کە بەرهەمى خوێنى شەهیدانى ١٧ى شوباتە بۆتە سەوداو مامەڵە لەدەستى ئەو هێزەى لەڕۆژێکى وەک ئەمڕۆى چەند ساڵێک لەمەوبەر فویان ئەکردە کەڕەناو بانگى ئازادییان ئەدا. 

ئەشێ هەموو ئەو رابردووە هێزێکى موزەیەف بووبن؟ بەدیوێک خۆیان وەک فریادڕەس دەرخستبێ و دیوەکەى دیکەیشیان ئەوەبێ کە ئەمڕۆ ئەیبینین؟.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×