تورکیا و پارتی و پەکەکە ٣- ٦
مەحمو رەزا ئەمین
2021-06-24   1028
باوەڕ
ناکەم هیچ نوسەر و مێژونوسێک عەزێت بکێشێ بۆ سەلماندنی ئەوەی ئەردۆگان کەسێکی
فراوانخواز و دیکتاتۆرە. چونکە ئەو رۆژانە
بە گفتار و رەفتار ممارەسەیان ئەکا:
ئەردۆگانی
فراوانخواز:
با بڵێین: خەتای پەکەکە یە سپای داگیرکەری تورک
لێرەیە، ئەی باشە:
سپای تورک بۆچی لە قبرسە؟
چی ئەکا لە لیبیا و جاش و بەکرێگیراوەکانی بۆ لەوێن؟
بۆچی چوە ناو شەڕی ئازربایجان و ئەرمینیا و جاشی نارد بۆ پشتیوانیی حوکمەتی ئازربایجان؟
لە سەرێکانی و گرێ سپی و عەفرین و دەوروبەری ئیدلب و منبج و باکوری سوریا چی ئەکا؟
بۆچی لە رێگەی ئیگۆرەکانەوە دەس لە کاروباری ناوخۆی چین وەر ئەدا؟
بۆچی لەگەڵ وڵاتانی: میسر، سعودیە، ئیمارات، یونان، فرەنسا، ئیتالیا، ئەڵمانیا و ئەمریکا تێکی دا و ئێستاش خواخوایەتی لەگەڵی بسازێنەوە؟
ئەوانەش هەموی بە دەست و
فیتی پەکەکەن؟
یان ئەسڵی گرفتەکە خەونی
فراوانخوازی و ئارەزوی بە سوڵتانبونی ئەردۆگانە!
ئەردۆگانی
دیکتاتۆر:
با بەقسەی سوڵتان ئەردوگان
و بنەماڵەی بەرزانی بێ: "بەردێ لە ئاسمانی ئەم دنیا پان و بەرینەوە
بکەوێتە خوارێ، خەتای پەکەکە یە".
ئەی باشە ئەردۆگان بۆ وا بە
میللەتەکەی خۆی ئەکا؟:
لە ١٧ی ١٢ی ٢٠١٣ دا سکانداڵ (فضیحة)ـێکی گەندەڵیی گەورە لە ناو هەناوی رژێمەکەی ئەردۆگانا تەقییەوە. هەمو ئەو وەزیر و گزیر و سەرۆک بانکانەی ئاشکرا بو، لە گەندەڵییەکەدا بەشدار و سودمەند بون، هەمویان نزیکەکانی ئەردۆگان و کاربەدەسەکانی سەر بە حیزبەکەی ئەردۆگان بون، بە خۆی و کوڕ و زاوا و کچێکییشیەوە. لە رێگەی دەزگا ئەمنییەکانی تورکیاوە تۆماری دەنگیی نێوان ئەردۆگان و ئەحمەدی کوڕی، دزەی کرد و ئاشکرا بو کە ئەردوگان و خێزانەکەی بەشێکی سەرەکی بون لە سکانداڵەکە/ (1).
ئەردۆگان دەسەڵاتی خۆی
بەکار هێنا، هەمو ئەو قازی و پۆلیس و کاربەدەسە ئەمنییانەی سزا دا و دەری کردن کە
لە، لەداونان و ئاشکراکردنی سکانداڵەکەدا بەشدار بون. هەمویانی تۆمەتبار کرد بەوەی سەر بە تۆڕی
فەتحوڵڵا گویلەن بون و بۆ لەرزاندنی پایەی ئەردۆگان و دەسودایەرەکەی ئەمەیان کردوە.
ئەم سکانداڵە هەر ئەو کاتە
زیانی دەیان ملیار دۆلاری بە ئابوریی تورکیا گەیاند؛ لیرەی تورکی لەو کاتەوە
سەربەرەوخوار خل بۆتەوە و بەردەوام لە دابەزینایە. ئەردۆگان و خێزانەکەی و حیزبەکەی وەکو
مویەک لە ماست دەر بێنی، لەو سکانداڵە رزگاریان بو و باجەکەی خەڵکی تورکیا و
دەسەڵاتی داوەری و ئەمنیی وڵات دایان. ئێستا و ئایندەش هەر ئەبێ باجی دسەڵاتی
دیکتاتۆرینانەی ئەردۆگان بدەن.
ئاخۆ گەندەڵیی ئەردۆگان و
خێزانەکەی و حیزبەکەی و دەسودایەرەکەی و خراپیی باری ئابوری و لاوازبونی لیرەی
تورکی خەتای پەکەکە یە؟
لە دوای سیناریۆی کودەتا سەربازییەکەی ١٥ی تەموزی ٢٠١٦ ەوە، لە ماوەی کەمتر لە ٢ هەفتەی سەرەتا دا، دارودەستەی ئەردۆگان:
زیاتر لە ٦ هەزار جەنەراڵ و ئەفسەر و سەربازیان گرت و لە زیندانیان توند کردن یان لە ریزی سپا دوریان خستنەوە؛
زیاتر لە ٣ هەزار حاکمیان لە ریزی دەسەڵاتی دادوەری فەسڵ کرد؛
زیاتر لە ٤٤ هەزار فەرمانبەر و مامۆستا و ئوستادی زانکۆیان دەر کرد/ (2).
لە دوای ئەو ٢ هەفتەیەی
سەرەتاوە، لە ریزی: رۆژنامەنوسان، سپا، پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی
ناوخۆ، مامۆستایانی زانکۆ، گرتن و راوەدونان و فەسڵکردن بەردەوام بو. هەتا کاتی نوسینی ئەم وتارەش کە نزیکەی ٥
ساڵ بەسەر (ئینقیلابە مەزعومەکەی) ئەردۆگانا تێ پەڕیوە، هێشتا ناوە ناوە ئەم
بابەتە هەڵەداتەوە و خەڵکی لەسەر ئەگیرێ و دەرەکرێ.
ئەوانەی لەسەر کەیسی
کودەتاەکە گیران، فەسڵ کران، نانبڕاو کران، وڵاتیان بە بێ هێشت، ژمارەیان گەیشتە
سەدانهەزار کەس.
ئاخۆ ئەو سەدانهەزار کەسە و ماڵومناڵیان پەکەکە
بون؟
ئاشکرابونی دەستێکەڵاوکردنی ئەردۆگان و سەرکردەکانی ئاکپارتی و وەزیرەکانی لەگەڵ باند و تۆڕەکانی مافیای تورکی، چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە وڵاتانی وەکو ئەڵمانیا، فرەنسا، ئەمریکا و ئوسترالیا، بوە بە یەکێ لە قەیرانە قورسەکانی حوکمەتەکەی ئاکپارتی/ (3).
وەکو چۆن لە هەرێمی
کوردستان حوکمڕانیی خراپی پارتی و یەکێتی بون بە خەتەر لەسەر چارەنوسی هەرێمەکە،
هەر ئاوا لە تورکیاش، ئەردۆگان و هاوپەیمانیی نێوان ئاکپارتی و مەهەپە بونەتە
هەڕەشە بۆ تورکیا نەک پەکەکە.
ئەوەی
راستی بێ ئەوەیە کە، ئەردۆگان و ئاکپارتی سەرچاوەی قەیرانە هەمەلایەنەکان: کۆمەڵایەتی، ئازادییەکان،
ئەمنی، سیاسی، ئابوری، دارایی، نەقدی، پێوەندیی ئیقلیمی و ناودەوڵەتیی تورکیان،
نەک پەکەکە و هەدەپە یان ئۆپۆزسیۆنی تورکی.
هەر لەبەر ئەوەشە رۆژ لە
دوای رۆژ پایەی ئەردۆگان و حیزبەکەی لەناو خەڵکی تورکیادا لە دابەزین و هی هەدەپە
و ئۆپۆزسیۆنیش لە زیاد بونە:
لە ١٥- ١٩/٢/٢٠٢١، ناوەندی لێکۆڵینەوەی (Sosyo
Politik) راپرسییەکی ئەنجام داوە. بە گوێرەی ئەو راپرسییە رێژەی لایەنگرانی
٤ حیزبی سەرەکی بەم جۆرە بوە/
(4):
ئاکپارتی %36
جەهەپە %29
هەدەپە %10,4
مەهەپە %7,9
لە
مانگی نیسانیشدا، ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئۆراسیا بە هاوکاریی ٦ ناوەندی تری
لێکۆڵینەوە، راپرسییەکیان کردوە. بە گوێرەی ئەنجامی
ئەم راپرسییە لایەنگرانی هاوپەیمانیی نێوان ئاکپارتی و مەهەپە لە %44 ەوە دابەزیوە بۆ %32.
بە
گوێرەی راپرسییەکی تر کە لە مانگی مایس/ مایۆی رابردوا
کراوە، هاوپەیمانییەکەی ئاکپارتی و مەهەپە، لەماوەی ١ مانگدا (نیسان و مایس) زیاتر لە نوقتە و
نیوێک شەعبییەتی دابەزیوە: لە %39,4 ەوە دابەزیوە بۆ %37,8.
مانگی
٥ و ٦ یش چەن راپرسییەک کراون بۆ سەرکۆماری ئایندەی تورکیا. لە هەمویانا ناوی
ئەردۆگان هەبوە. ئەنجامەکان بەم
شێوەیە بون:
بۆ
ئەردۆگان و ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبوڵ:
ئەردۆگان،
ئاکپارتی: %39,9
ئەکرەم،
جەهەپە: %51,3
بۆ
ئەردۆگان و مەنسور یافاش ـی سەرۆکی شارەوانیی ئەنکەرە:
ئەردۆگان،
ئاکپارتی: %38,1
مەنسور،
جەهەپە: %52,5
بۆ
رەجەب تەیب ئەردۆگان و کەمال کلیچدار ئۆغڵو و میرال ئەکشینار:
ئەردۆگان،
سەرۆکی ئاکپارتی: %27,9
کلیچدار،
سەرۆکی جەهەپە: %45,5
ئەکشینار،
سەرۆکی پارتی خێر: %39,4
بە گشتی، بە گوێرەی هەمو
ئەو راپرسییانەی ناوەندە بێلایەنەکانی لێکۆڵینەوە لە تورکیا ئەنجامیان ئەدەن، لە
هەڵبژاردنی ئایندەدا نە ئاکپارتی ئەتوانێ زۆرینەی پارلەمان بهێنێ، نە ئەردۆگانیش
دەر ئەچێتەوە بە سەرکۆمار. نە پارتەکەی هاوپەیمانی ئەردۆگان، مەهەپەی
دەوڵەت باخچەلییش، کاندیدی ئەگاتە ناو پارلەمان.
ئەم
هەلومەرجە نالەبارە ئەردۆگانی تۆقانوە، پاڵی پێوە ناوە، بکەوێتە پەلەقاژە، بەڵکو
بەرهەمێکی هەبێ و وەکو دەسکەوت بیفرۆشێ بە خەڵکی تورکیا و دەنگدەرەکانی.
بۆ ئەوە:
لە ناوخۆ چەن مانگێک بو خەریک بو لە رێگەی دادگای دەستوریی تورکیاوە، بە "قانون!" پارتی گەلانی دیمۆکراتی/ هەدەپە، بکا بە حیزبێکی تیرۆریست و قەدەغەی بکا. رۆژی ٢شەممە، ٢١ی ٦ی ٢٠٢١، مەرامی ئەردۆگان حاسڵ بو، "دادگای دەستوریی تورکیا!" قەدەغەکردنی هەدەپەی پەساند!
ئەم بڕیارە، رسوایییەکی بێسنورە
بۆ رژێمەکەی ئەردۆگان و دادگا دەسکەلاکانی و ئەو کوردانەی نۆکەرایەتی ئەویان "بە شانازییەوە!" قبوڵە و لە هەڵبژاردنەکانیا
ریکلامی بۆ ئەکەن و بە پارەی دزراوی نەوتی کوردستانیش خەرجیی شەڕەکانی بۆ قەرەبو
ئەکەنەوە.
لە دەرەوەی وڵاتیش ئەیەوێ گورزێک لە پەکەکە بوەشێنێ و هەر بە بەهانەی پەکەکەشەوە سپای داگیرکەری تورک زۆرترین پانتایی جوگرافی لە هەرێمی کوردستان داگیر بکا و خۆی وتەنی: "تورکمانیان تیا نیشتەجێ بکا!".
سەرچاوە:
١. بڕوانە: کرار انور البدیري، ترکیا ما بعد الانقلاب... نحو مشهد جیوسیاسي متغیر، مرکز المستقبل للدراسات الاستراتیجیة، بغداد، ٢٧ تموز ٢٠١٦
٢. بۆ ئەم سکانداڵە، لە تۆڕی ئینتەرنێت ئەم وتارانە بخوێنەرەوە:
ویکیبیدیا، فضیحة الفساد في ترکیا ٢٠١٣
FRANCE 24، اردوغان یواجە ازمة داخلیة جدیدة تهز ارکان حکومتە، ٢٦/١٢/٢٠١٣
موقع دیوجڤللة DW، ترکیا: نیران فضیحة الفساد تقترب من عائلة اردوغان، ٨/١/٢٠١٤
موقع دیوجڤللة DW، اردوغان: التحقیق في الفساد "بقعة سوداء" في تاریخ ترکیا، ١٤/١/٢٠١٤
٣. بۆ دەستێکەڵاوکردنی ئەردۆگان و حیزبەکەی لەگەڵ باندەکانی مافیا، ئەم سەرچاوانە بخوێنەرەوە:
موقع دیوجڤللة DW، ترکیا: فضیحة زعیم المافیا تهدد اروغان، ٢١/٥/٢٠٢١
موقع الحرة- واشنطن: سادات بکر.. "الفضائح" بتفاصیلها وأثر القضیة علی حاضنة حزب اردوغان، ٢٨/٥/٢٠٢١
ئارام رەفعەت محەمەد، فەیسبوک Aram Rafaat، ئایا شکستی مافیای تورکی سەرەتایەکە بۆ شکستی رژێمەکەی ئەردۆگان؟ هەتا ٢٢ی ٦ی ٢٠٢١ شەش ئەڵقەی لێ بڵاو کردۆتەوە
٤. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر راپرسییەکان و ئەو رێژانەی پیشان دراون، لە ئینتەرنێت ئەم راپۆرت و وتارانە بخوێنەرەوە:
موقع RT، حزب اردوغان لن یجمع اکثر من ٤٠% من الاصوات، ١/٢/٢٠٢١
دبي- العربیة.نت، استطلاع جدید في ترکیا یکشف تراجع شعبیة الائتلاف الحاکم، ١١/٥/٢٠٢١
العربیة.نت، جوان سوز، استطلاعات رأي تٶکد تراجع شعبیة اردوغان وتقدم خصومە، ٢١/٥/٢٠٢١
خبر24- ابوظبي، استطلاعات الرأي في ترکیا ترعب اردوغان قبیل انتخابات الرئاسة، السبت، ٥ یونیو ٢٠٢١