حوببی عەلی بو بێ یان بوغزی عومەر، کورتبینی بو!
مەحمو رەزا ئەمین
2021-05-28   1057
رۆژی ١٩ی مانگ نەوەیەکی مەسعود بەرزانی، بە ناوی زانکۆکەی باوکییەوە، لە هەولێر، حیزبەکەی باپیری و چوار حیزبی تری کوردستانی کۆ کردەوە بۆ قسەکردن لە سەر: "یەکڕیزی و دەستور!".
کەسی یەکەمی حیزبەکانی تر لەو پانێڵەدا سەبارەت بە دەستور و یەکڕیزی قسەی باشیان کرد. بەڵام ئەوەی بە لای منەوە، رەنگە بەلای زۆر کەسی تریشەوە، باش نە بو بێ، ستایش و پیاهەڵدانیان بو بە نێچیروان بەرزانی دا.
بەندە لە هیچ بۆنەیەک و لە هیچ کاتێک و لە هیچ شوێنێک، رۆژێک لە رۆژان سەقفێک لەگەڵ هیچ کارەکتەرێکی موتەنەفیزی بنەماڵەی بەرزانیدا کۆی نە کردومەتەوە. شوێنی ژیانی حەوتپشتی هەردولامان بە سەدان کیلۆمەتر لێک دور بون و هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و نیزاعی موڵک لە نێوانمانا نە بوە و نیە و ناش بێ. هیچ دوژمنایەتییەکی شەخسیشم لەگەڵ هیچ فیگەر و کاراکتەرێکی ئەم بنەماڵەیەدا نیە. بەڵام چونکە بنەماڵەکەیان نزیکەی سێچارەکە سەدەیە بە زۆر بو بێ یان بە خوایشت، خۆیان سەپاندوە بەسەرمانا و یاری بە چارەنوسی چوارپارچەی کوردستان و دانیشتوانەکانیانەوە ئەکەن؛ چونکە بە زەبری چەک و پارە بو بێ یان بە خوایشت، دەیان ساڵە فیگەرەکانیان رۆڵی کەسایەتی گشتی ئە بینن، مافی من و هەمو تاکێکی کوردستانییە هەڵسوکەوت و رەفتاریان بداتە بەر نەشتەری رەخنە، چونکە:
لە کۆمەڵی زیندوا کەسایەتی گشتی ئەبێ هەمیشە لە ژێر چاودێری میدیا و خەڵک دا بێ.
لە کۆمەڵی زیندوا باش کارکردن بۆ بەرژەوەندیی گشتی، ئەرکی سیاسی و قانونی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیی کەسایەتی گشتییە.
لە کۆمەڵی زیندوا میدیا و خەڵک بۆ کاری باش دەسخۆشی لە کەسایەتی گشتی نا کەن. چونکە ئەگەر بی کا، ئەرکی سەرشانی جێبەجێ ئەکا. ئەگەر نەی کا، خەتا ئەکا و ئەبێ بدرێتە بەر رەخنە و سەرزەنشت بکرێ. چونکە موچە و زێدەمافەکانی، کە لە هی خەڵکانی تر زیاترن، بۆ ئەوە زیادن تا کاری باش بکا و جوڵەکانی ببنە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ گەل و نیشتمان.
مەخابن، لە وڵاتی ئێمە دا، چ خەڵک و چ سەرکردەی حیزبەکان و ئەندامەکانیان، چونکە کۆمەڵێکی نیمچە زینو و نیمچە مردوین، کەسێتییەکی گشتی، ئەگەر بەساڵ ئیشێ، رەفتارێ، بەرهەمێکی باشی لێ نە بینی، کەس لە شوێنی پێویستا نەشتەرێکی رەخنەی پیا نا کا، تا تۆزێک هۆشی بهێنێتەوە. کەچی ئەگەر هەنگاوێکی بە جدی یا بە رواڵەت باش بنێ، شانامەی پیا هەڵەدەن.
رێک ئەوە لە پانێڵەکەی ١٩ی ٥ی ٢٠٢١، لە سەرکردەی حیزبەکانی تر روی دا. هەمویان زۆر ستایشی هەنگاوەکەی نێچیروان بەرزانییان کرد کە، سەردانی کردون و بۆ "یەکڕیزی!" و "بوژاندنەوەی پرسی دەستور!" لوتفی نواندوە تەشریفی بردوە بۆ لایان!
جارێ با بپرسین بۆچی نێچیروان بەرزانی ئەم هەنگاوەی نا و بۆچی ئەرکی "خڕکردنەوەی!" حیزبەکانی سپارد بە کوڕەکەی؟:
یەکەم:
پارتی و لە سەروی پارتییەوە بنەماڵەی بەرزانی پێیان وایە ئێستا لە هەمو کاتێک بەهێزترن و لەم هەلومەرجەدا هەرچییەکیان بوێ ئەتوانن لە ناو حوکمەت و پارلەمانا بیکەن و تێی پەڕێنن.
دوەم:
پێیان وایە ئەتوانن لە پرۆژەی دەستورا سیستمی سەرۆکایەتی بچەسپێنن.
سێیەم:
نێچیروان بە شەخسی تەماحی لەوەیە دەستور و سیستمی سەرۆکایەتی بە پەلە تێپەڕێن و خۆی ببێ بە کاندیدی سەرۆکی هەرێم و دەر چێ و بە شێوازەکەی مامی ئیدارەی هەرێم بدا!
چوارەم:
ئەگەر تا پێش هەڵبژاردنی پێشخراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەم خەونەی نە یەتە دی، خەیاڵی رەحەت بێ بۆ خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆماری عیراق. هەرچەن ئەم خەیاڵە ٢ فاکتەر بەتاڵی ئەکەنەوە: فاکتەری نەبونی بڕوانامەی پێویست و فاکتەری نەزانینی زمانی عەرەبی، ئەگەر پێوەندیی گوماناوی بنەماڵەی بەرزانی و رژێمی تورکیاشی نە چێتە سەر.
پێنجەم:
مەسروری ئامۆزای بە جۆرێک پەراوێزی خستوە، هەنێ جار "دەسەڵاتی حصری"ـشی بەکار ئەهێنێ بێ ئەوەی پرسی پێ بکا. ئەوەی بۆ ماوەتەوە، تا لە بیری خەڵک نە چێتەوە، جار جار هەلێک بۆ دەرکەوتنی خۆی بسازێنێ.
شەشەم:
پەیامێکی نارد بۆ یار و نەیار: وا ئیدریسی کوڕیشم پێگەیشت، نەک هەر خۆم بەڵکو کوڕەکەشم ئەتوانێ کەی بیەوێ "خڕتان بکاتەوە!".
تا بەد نە بینی، بەدخانە بەیاد ناکەی!:
تا نزیک یەقین پێم وایە، پیاهەڵدانی سەرکردەکان بە نێچیروان بەرزانیا، حوببی عەلی نە بو، بوغزی عومەر بو.
رونتر بڵێم: لە رقی مەسرور بە نێچیریانا هەڵدا. چونکە ئەوەی مەسرور لە دو ساڵی رابردوا بەم هەرێمەی کردوە، بارتەقای چەندین ساڵ خراپ ئیدارەدانی باوکی و ئامۆزاکەیەتی.
ئەگەر ئەم بۆچونەم دروست بێ، ئەوا پیاهەڵدانەکەی ئەوان نا دروست بو. چونکە نێچیروان زیاتر لە ٢٠ ساڵ، خولێک جێگری سەرۆکی حوکمەت و باقییەکەی سەرۆکی حوکمەت بوە:
لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا دۆسێی نەوت بو بە رەگی گولی و چوە گەردنی خەڵکی کوردستان.
لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا ئابوریی سەربەخۆ خۆیانی کردە خاوەنی دەیان ملیار دۆلار، ماڵی خۆیان ئاوەدان و هی خەڵکیش وێران.
لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا هەرێم خرایە ژێر باری قەرزی دەیان ملیار دۆلاری.
لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا روبعە موچە و نیوە موچە بونە خۆشترین هەواڵی رۆژ.
لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا ئەو روبعە موچە و نیوە موچەیەش چەند مانگ جارێک ئە درا.
لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا ژمارەی موچەخۆری بندیوار و خانەنشینی نا قانونی و "جاش شەهید!" بونە دەیان و سەدان هەزار.
لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغا قوڵ و قوڵتر بونەوە.
لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا نوسەر کوشتن بو بە باو و روبەری ئازادییە گشتییەکانی خەڵک رۆژ لە رۆژ تەسکتر بوەوە.
لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا میدیای ئەهلی ئیفلاسی پێ کرا و میدیای نەوتاوی جێگەی گرتەوە.
لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا تەزویرکردنی هەڵبژاردن و کڕینی دەنگ و ویژدان و کۆیلەکردنی تاکی کورد بونە مۆدێل و ئامرازی درێژەپێدانی زوڵم و ستەم.
لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا لەسەر دەنگ نە دان بە حیزبی زاڵ، خەڵک نانبڕاو و لە وەزیفە دەرەکران.
لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا مامۆستا و پزیشک و ئەندازیار و دارا و نەدار، بە بەرچاوی کامێراکانەوە درانە بەر شەق و شەقوەشێن پاداشت و شەق تێ هەڵدراو سزا درا.
لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا دەسخرایە بینەقاقای دەسەڵاتی قەزایی و دادگاکان و کادری حیزب کۆنترۆڵی کردن.
لە سەردەمی ئەوا خوێندن و زانست کرانە گاڵەجاڕ... تەندروستی خەڵک کرا بە کاڵای بازرگانی و سەرچاوەی دەوڵەمەن بونی نا شەرعی!
لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا بە کاوەخۆ حیزب حوکمەتی قوت دا، هیچ دەزگایەکی نیشتمانی دروست نە بو.
لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا نیوەی خاکی مێژویی هەرێممان بە قوماری ریفراندۆم دۆڕاند.
لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا سپای تورک و میتی تورکی نیوەی هەرێمەکەمانیان داگیر کرد.
کەواتە، ئەگەر پیاهەڵدانەکەتان لە حوببی عەلی بو بێ، هەڵە و کورتبین بون. چونکە لە ئەسڵا نێچیروان بەردی بناغەی کاولکردن و زەلیلکردنی کوردستانی دانا.
خۆ ئەگەر لە بوغزی عومەریش بو بێ، هەڵە ترن. چونکە حیزبی سیاسی ئەبێ خەونی گەورەی هەبێ و بە کاردانەوە سیاسەت نەکا... لە رقی بەدتر ستایشی بەد نەکا!
لە راستیا خەڵک کاتێک ئومێدیان بە ئێوە زینو ئە بوەوە، ئەگەر لەو پانێڵەیا بەرەوڕوی نێچیروان و بنەماڵەکەی بتان وتایە:
"تا ئێرە و بەس...
هەموتانمان تاقی کردەوە و چ خێرێکمان لێ نە دین. ئێوە ئەهلی دەوڵەتداری نین. هەمو ئاوەز و رەفتارتان هی خێڵە و هەمو خەون و خەیاڵتان لای بەرژەوەندی خۆتان و بنەماڵەکەتانە.
ئێوە ٣٠ ساڵە لە خراپەوە ئەمان بەن بۆ خراپتر؛ لە قەیرانێکەوە ئەمان دەنە دەس قەیرانێکی قوڵتر؛ رۆحی ئینتیماتان لە تاکی کوردا کوشت؛ دەرگای سنورەکانتان کردۆتەوە بۆ تەراتێنی نەیاران و ناحەزان و داگیرکەران؛ تا دێ زوڵم و ستەم و سەرکوتکردن و فەساد و بێ ویژدانیتان زیاد ئەکا؛ بە تەمان تاکەی بی رانن و تاکەی بی خۆن...؟
گیان گەیشتۆتە لوتمان و ئیتر بە زوڕناتان هەڵ نا پەڕین... خۆمان ئامادە ئەکەین لە هەڵبژاردنی داهاتوا دەس بخەینە ناو دەسی یەکتری و ئێوە بگێڕینەوە بۆ قەبارە راستەقینەکەی خۆتان... هەتا ئەوە نە یەتە دی، باسی یەکڕیزی مەکەن، چونکە یەکڕیزی لای ئێوە ئەوەیە خۆتان ئاغا و باقی کۆیلە و شوێنکەوتەتان بن... هەتا ئەوە نە یەتە دی، دەرگای باسی دەستور مەکەنەوە. چونکە بێ دەستوری گەلێک باشترە لە بونی دەستورێک، بنەماڵەیەک یان دوان بکا بە سوڵتان و گەلێکیش بە گەدا".