لە هەوەڵەوە قسەی ئێمەمانان راست بو
مەحمو رەزا ئەمین
2021-03-21   997
رۆژی ١٩ی ئازار وەفدی دانوستانکاری هەرێم
لە بەغدا، لەگەڵ لایەنەکانی شیعە رێکەوتن لەسەر ناوەرۆکی مادەی ١١ی قانونی
موازەنەی ساڵی ٢٠٢١، کە پێوەندیی بە پشکی هەرێم لە موازەنە و بڕی نەوتی
تەسلیمکراوی هەرێمەوە هەیە، بە کۆمپانیای سۆمۆ.
لە هەوەڵ رۆژەکانی سەفەری وەفدی
دانوستانکاری هەرێم بۆ بەغا، بەندە و ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
و ژمارەیەک نوسەر و رۆژنامەنوسی تری هەرێم، رەئیمان وا بو کە، ئەو وەفدەی ئەچێتە
بەغا هیچ دەسەڵاتێکی پێ نیە. تەنیا بۆ ئیستیهلاکی محەلی و چەواشەکردنی خەڵکی کوردستان
ئەم سەفەرانە ئەکەن بۆ بەغا. بۆ ئەوەی بە خەڵک بڵێن: "خەمی موچە و پاروی دەمی مناڵانی ئێوەمانە!"
ئەو رێکەوتنەی رۆژی ١٩ی مانگ پێی
گەیشتن، لە حەڤدەهەمین سەردانی وەفدەکەی هەرێما روی دا. بەڵام ناوەرۆکی رێکەوتنەکە هەر ئەوە بو کە، سەرۆکی
حوکمەت، مەسرور بەرزانی، لە یەکەم رۆژەوە بە وەفدەکەی هەرێمی وت بو: "ئێمە (واتە بنەماڵەی بەرزانی، چونکە دۆسێی نەوت بە تەنیا لە
دەسی ئەوانایە) یەک
بەرمیل نەوت تەسلیمی سۆمۆ ناکەین". سەرۆک و ئەندامانی وەفدەکەش لە یەکەم رۆژەوە ئەم تەڵقینە
کرا بون.
کەواتە لە باتی ئەوەی ١٧ جار بچن بۆ بەغا
و هەر جارەی دەیان ملیۆن دینار لە مەسرەفی هاتن و چون و مانەوە و پێویستییەکانی
رۆژانەی خۆیانا، لەسەر حسابی خەڵک بەفیڕۆ بدەن، باشتر نە بو لە یەکەم دانیشتنەوە "فەرمانەکەی سەرۆکی حوکمەت!" جێبەجێ بکەن و ئەوەنە خۆیان و خەڵک هەڵ نە خەڵەتێنن؟ یان
بە وشیاریەوە رازین سەرۆکی حوکمەت بۆ مەبەست و بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی و
بنەماڵەکەی بەکاریان بهێنێ؟
شایەنی باسە، ئەمڕۆ، ٢٠ی مانگ،
رێکەوتنەکە هەڵ وەشایەوە و ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنەکانی دەنگدان لەسەر پرۆژە
قانونی موازەنەی دوا خست بۆ شەممەی ئایندە، یانی بۆ هەفتەیەکی کە.