ئەو لەبیرکراوانەی ژیانیان لە مەرگ دەچێت...
شۆڕش ئەمین
2020-03-29   1238
ئەزانن هەموومان بەدوای بەرژەوەندی خۆمانەوەین
مامۆستایان فەرمانبەران وارسی پلەدووی شەهیدان زیندانیانی سیاسی و هەموو چین و توێژەکان
هەموومان داوای مافی خۆمان دەکەین، ئەی دەزانن لە ناو ئەم کۆمەڵگەیە چی دەگوزەرێ، بابۆتان باسکەم:
ڕێم کەوتە ماڵێک تا هاوکاریان پێبگەیەنم، ژنێک و پێنج مناڵ باوکیان کرێکاربووەو کۆچی دوایی کردووە، پرسیم بەچی دەژین، نازانین، نە مووچەمان هەیەو نەکەسیشمان هەیە، هیچمان بۆ پەیدابکات، ئێمە تەنها خەڵکی گەڕەک جارجارە هاوکاریمان دەکەن، ئێ ئەمانە پێش کرۆناش هەروا ژیاون، دایکی مناڵەکان ئێرەیی بەژنە دراوسێکەیان دەبرد، کە مێردەکەی شەهیدبووە، چونکە مووچەیەکیان هەیە پێی دەژین، ئەی مناڵەکانی من تاوانیان چییە باوکیان شەهید نەبووە، تا مووچەیەکیان پێبدەن بۆ ئەوەی پێی بژین، لێرە دەبێت باوکت بکوژرێ، ئەوکات پێی دەڵێن شەهید، تاپێناسی ژیانێکی کولەمەرگیت پێ ڕەوا ببینن. ئەی باشە ژیان چۆن وادەڕوات...ئەمە نمونەی خەروارێکە چەندانی دیکەم دی کەهەمان چیرۆکیان بۆ گێڕامەوە، ئای کە بەئازارە، کەسانێک لەم ووڵاتەدا بەدزی و گەندەڵی و دەیان شێوەی ناشەرعی خاوەنی سامانێکی زۆرن. بەسەدان خێزانیش هەیە توانای نان کڕینیان نییە، ئەمە چ بێ وویژدانییەکە. ماڵێکی کەم بینی پیاوێک لەجێگەدا کەوتووەو خێزانەکەی خزمەتی دەکات، پرسیم ئێوە بەچی دەژین، بەهەمان شێوە ووتیان نەمووچەمان هەیەو نەکەسیش هەیە هیچمان بۆ پەیدا بکات، تەنها دراوسێ و کەس وکار پارەی کرێ و بژێوی کولەمەرگیمان بۆ دابین دەکەن... ئەم چیرۆکانەو سەدان چیرۆکی دیکە لەلای ئەو هاوڕێیانەیە کە هاوکاری دەگەیەننە ماڵە هەژارەکان... خۆ بینیتان چەندانی دیکەش هەیە، کە نایلۆن و مقەباو ئاسن و شتی دیکە کۆدەکەنەوەو کە تا پێنج هەزار دینار ڕۆژانە پەیدادەکەن، تووشی ناڕەحەتی زۆر دەبن، نموونەی ئەو هاوڵاتییەی کە قایمقامی سلێمانی کردە گریان، کە ئەم خێزانانە دەبینی هێندەی تر تووڕە دەبیت لە دەسەڵاتێکی خەم ساردوو تاڵانچی، ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نەبێ گەلەکەی خۆیانە، خۆیان وەک ئەمیرەکانی کەنداو دەژین و میللەتەکەشیان بەڕسوایی. ئێمەش فەرمانبەران و مامۆستا و هەموو چین و توێژەکان و زیندانیانی سیاسی و وارسی پلەدووی شەهیدان و بە پلە تایبەتە بێویژدانەکانیشەوە.. هەموومان خەریکی مافەکانی خۆمانین، کەس ئاگای لەوی دی نییە، ئەی بۆ نایەن چارەیەک بۆ ئەو خێزانە هەژارو نەدارانە بدۆزینەوە، دەبا جارێکیش بیر لەوانی دی بکەینەوە، من مووچە خۆرێکی ئاساییم ئامادەم ڕێژەیەک لە مووچەکەم ببڕن بۆ ئەوەی بتوانم بەشداربم لە هاوکاری ئەو مرۆڤانەی کە ژیانیان لە مەرگ دەچێت... ئیدی با هەموومان ئەم لەبیرکراوانە بیرلێبکەینەوە....