ئەوەی ڕویدا لەنێوان ترەمپ و زێڵێنسکی لە کۆشکی سپی دەیسەلمێنێت کە:
ئەمریکا و ڕوسیا (زلھێزەکان)، گەر پێویستی و بەرژەوەندیان ھەبو سواڵکەرێک دەکەنە پاڵەوان، وە گەر پێچەوانەکەی ڕویدا، ئەوا پاڵەوانەکە دەکەنەوە بە سواڵکەر، بەڵام ڕازی نابن وەک ھەمان سواڵکەرەکەی پێشو بمێنێتەوە بەڵکو دەیانەوێت وەک سواڵکەرێکی بێ شکۆ و سوک نیشانی بدەن.
ئاشکرایە،گرژی و نائارامی گفتوگۆکەی کۆشکی سپی، لەئەنجامی بەدەست نەھێنانی ئامانج و مەبەستی ی دڵخوازی ئەمریکیەکانە، گەرچی ئەمریکیەکان وای نیشان دەدەن لەسەر ملنەدانی زێڵێنسکی یە بۆ ئاشتی و پەرۆشیانە بۆ وەستانی جەنگ و دڵسۆزیانە بۆ خەڵکی ئۆکراین.
لەکاتێکد کۆبونەوەکەی ترەمپ و زیلینسکی بۆ تاوتوێکردنی رێکەوتنێکی نێوان ئۆکراینا و ئەمەریکا بو،لەسەر سودمەندبوون لە کانزا دەگمەنەکانی ژێر زەوی کە لە پیشەسازی بواری تەکنەلۆجیادا بەکاردێن، بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەو ۳٥٠ ملیار دۆلارەی کە ئەمریکا وەک ھاوکاری داویەتی بە ئۆکرانیا لەسەردەمی جۆ بایدندا.
ئینجا بۆ زانیاریتان، ھەمو ئەو سەرۆک و سیاسیانەی کە پشتیان بە ئەمریکی و ڕوسەکان بەستوە دۆخیان لە زێڵێنسکی باشتر نەبوە و نابێت، لەپشت پەردە کاتێک دەستبەردایان دەبن،بەڵام بۆ بەدبەختی زێڵێنسکی ئەمەیان لەبەردەم مێدیاکاندا و لەپێش چاوی ھەمو جیھاندا ڕویدا.
مەبەستەکەش زیاتر ئەوە بو ئەمریکیەکان بەم ھەڵوێستەیان بیسەلمێنن و بڵێن؛
یەکەم؛ ھەر ھێز و لایەن و وڵاتێک پابەند نەبێت بە جێبەجێکردنی خواست و فەرمانەکانیان ڕسوای دەکەن و ناچاری دەکەن داوای بوردن بکات. ئەوش ڕویدا و پاش دەرکردنی لە کۆشکی سپی زێڵێنسکی دوبارە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ حکومەت و گەلی ئەمریکا دەربڕی.
دووەم؛ ئەمریکیەکان چیتر نایانەوێت بەرژەوەندیە نیشتیمانی، نەتەوەیی، ئابوری، سیاسی و سەربازیەکانیان بخەنە مەترسیەوە و بەردەوام بن لە ھاوکاری کردنی جەنگێکی پڕ خەرجی و ئاڵۆز و دور مەودا.
سێیەم؛ نیشانی ڕوسەکان و جیھانی بدەن ئەوان لەپێناو ڕێکەوتن و پەرۆشیان بۆ ئاشتی و ئارامی، ئامادەن پشت لە ھاوپەیمانەکانی خۆیان و دژە ڕوسەکان بکەن.