ئەو دۆخەی لە هەرێم دروستکراوە هیچی کەمتر نیە لە دۆخی ئێستای غەززە. هەرچەندە چەندەها خاڵی لەیەکچو هەن لە نێوان دۆخی ئێستای هەرێم و غەززە بەڵام دوو جیاوازی سەرەکی جیامان دەکاتەوە ئەوانیش؛
یەکەم: دۆخی خۆڵقاوی غەززە بەهۆی پێکدادانی سەربازی و ململانێ ی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەوە دروست بوە، لەکاتێکدا ئەو بارودۆخەی لە هەرێم دروست بوە پشکی سەرەکی بەهۆی ململانێی ناوخۆیی و خراپی فەرمانڕەوایی و گەندەڵی سیاسی و ئابوری و ئیداریەوە دروست بوە.
دووەم: بابەتی غەززە و دانیشتوانەکەی هاوکاری و پشتگیری و سۆزی جیهانی ئیسلامی و عەرەبی و بگرە هەندێ لایەنی بیانیشیان هەیە، بەڵام بە پێچەوانەوە مەسەلەی کورد و ئەو تەنگژەی کە تەنگی بە خەڵکەکەی هەڵچنیوە هیچ پشتیوانی و هاوکاریەکی بەرچاوی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و بگرە ناوخۆیشی نەماوە.
لێرە لە هەرێم، تەنها ئەوانەی ماونەتەوە و لە زیادبون و بەرزبونەوەدان باڵەخانەکانن، بەڵام هەمو شتەکانی تر لەدۆخێکی خراپ و شەکەتیدان.
زۆر لە سێکتەرە خزمەتگوزاریە گشتیەکان لەکار کەوتون. هەندێکیشیان هەر بونیان نەماوە و وەک دەڵێن لەجێگەی نەبوون. لەوانەش؛ کەرتی پەروەردە بە هەمو قۆناغەکانیەوە یەکسان بوون بە سفر، کەرتی تەندروستیش خزمەتکردنی هاوڵاتیان تێیدا نزیک بۆتەوە لە سفر. لەم ڕۆژانەدا سەردانی بانکی خوێنمان کرد بەمەبەستی خوێن بەخشین بۆ هاوکاریکردنی نەخۆشێک بەڵام نەمانتوانی چونکە پێیان گوتین" لە ئێستادا کیسی خوێنمان نەماوە و چاوەڕێ دەکەین لە بەغدادەوە بۆمان بێت". ئەوە بابەتی کارەبا هەر باس ناکرێت، هیچ کاتێک لەماڵدا ناتوانیت دەست بەریت بۆ ئامێرێکی کارەبایی و بەکاری بێنیت. لەهەندێ گەڕەک و ناوچەش هەر بونی نەماوە. باسی موچەش بابەتی هەنوکەیی و گەرمی میدیاکان و ناو بازاڕ و سەر زمانی هاوڵاتیانە و هیچ کەس ناتوانێت پێشبینی باش بونی بکات. سێکتەرە خزمەتگوزاریەکانی تریش لە ڕێگاوبان و هاتوچۆ پڕن لە پێداویستی و کەم و کورتی. بەگشتی هەمو شتێک لێرە لە دۆخێکی ناهەمواردایە و بە نمونەی لاشەیەکی ڕزیو هەر ڕۆژەی لایەکی لێ هەڵدەوەرێت.
لەڕاستیدا، بەرزبونەوەی باڵەخانەکان و دۆخی نالەباری هاوڵاتیان دوو ئاراستەی زۆر جیاواز دەردەخەن. ئەوەی دڵخۆشکەرە لەم هەرێمە هیوا و هەوڵدان و کۆڵنەدانی کۆمەڵانی خەڵکە بۆ درێژەدان بە مانەوە و ژیانکردن و تێپەڕاندنی دۆخەکە، هەرچەند ڕۆژەکانیان پڕ کێشمەکێش و گرفت بێت ئەمان چۆک دانادەن.