عێراق هاوشێوەی ئەو گۆڕستانە فراوانەیە کە هەرکەسەو گڵکۆی کۆچکردوەکەی لێ ون بوە بەڵام بەردەوام شیوەن دەکات و لەخۆی دەدات، لەسەر گڵکۆیەکی نەناسراو.
شین و هاواری شیعەکان بۆ دەسەڵاتی ڕەها و مێژوی زوڵم لە (ئیمام علی) و کوژرانی نەوەکانی، سوننەکان بۆ سەردەمی دەسەڵات و حوکمڕانی پێشویان، کورد بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ و هەڵوەشانەوەی (پەیماننامەی لۆزان)، مەسیحیەکان بۆ ڕەسەنایەتی و مانەوەیان، تورکمانەکان بۆ پاڵپشتیکردنیان و خەونی گێڕانەوەی دەوڵەتی عوسمانی، یەزیدیەکان بۆ زێد و بیر و باوەڕ و مێژوە تاریکەکەیان و کاکەییەکانیش بۆ چەوسانەوەیان وەک کەمینە و سمێڵی بڕاویان و ....هتد (هەرچەندە هەرگیز ناکرێت دژی سوکایەتیکردن بە پیرۆزی و بەهاو بیر و باوەڕی خەڵکانی تر نەبین و چەوسانەوەی کەمینە و خاوەن ئاین و ئاینزاکانی دی بە ڕەوا ببینین).
تەختی ئەم شانۆیەی کە ئەم جۆرە شانۆگەریەی لەسەر نمایش دەکرێت، زۆر لەئەو یاریگا و ڕوداوانەی گەڕەک دەچێت کە لە تەمەنی منداڵیدا و لە ساتی جەژن و بۆنەکاندا بەسەر ئێمە و کۆمەڵێک لە منداڵانی گەڕەکدا دەهات. کاتێک بەکۆمەڵ لەسواری کورسی کورسی و چەرخ و فەلەک و ئەسپ و گالیسکە بەردەبوینەوە، هەموو دەستمان بە گریان دەکرد هەریەک بۆ شتێک؛ یەکێک بۆ ون بونی پارە وردەکانی ناو مشتی، یەکێک بۆ ئازار پێگەیشتنی، یەکێک بۆ خۆڵاوی بونی پۆشاکە نوێیەکانی جەژنی، یەکێکی دیش بۆ دڕانی بەشێک لە بەرگەکانی و هەندێکیش لەترسی لێپرسینەوەی ماڵەوە.
خۆ ئێمە ئەوکات نەماندەزانی کە لە هەمو شتەکان بەنرختر بۆ ئێمەی منداڵ تەنها یاریەکان و بەسەربردنی کاتێکی خۆش بوو. لەبری ئەوەی ئەوەی بە کۆمەڵ بۆ تێکچون و لەدەستدانی یاریەکان بگریاینایە هەریەکە و بۆ شتێکی نادیار و کەم بەها دەگریا کە پێویست نەبوو.
کەواتە دەکرێت لە عێراق بە هەموو جیاوازی نەتەوایەتی و ئاین و کەلتور و بیرو باوەڕمانە وە شیوەن و نیگەرانیەکانمان بۆ دروستکردنی وڵاتێکی ئارام و خۆش گوزەران و پڕ دادوەری و سەقامگیربونی دەسەڵاتێکی یاسایی بێت، تا لە سایەیدا تاک بە تاکمان هەست بە شکۆ و ئەمان و بونی خۆی بکات. وە لەبری بیرکرنەوە لە زوڵم و ستەم و ئەتکردنی یەکتر، بڕوامان بە یەکسانی و فرە نەتەوەیی و ئاینی و هاوڵاتی بون هەبێت و پێکەوە ژیان بکەینە کەلتور.