ئاشکرایە ناوچەکە و تایبەتیش هەرێم ڕۆژانێکی پڕ کێشمە کێش ۆ هاوکێشەی ئاڵۆز بەڕێ دەکەن. گرفت و ئاڵۆزیەکانی هەرێمیش چەند پەیوەندیان بە وڵاتانی دراوسێ و زلهێزە سەرمایەدارە جەمسەریەکانەوە هەیە ئەوەندە و بگرە زیاتریش پەیوەندی بە ناوخۆی هەرێمەوە هەیە. سەیرە دەسەڵاتی کوردی چەند هەڵپەی دروستکردنی قەیرانێکی تریەتی بۆ هاوڵاتیان نیو ئەوەندە هەوڵی چارەسەری قەیرانەکان نادات کە دروست بوون. دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرن کە دروستکردنی قەیران ئاسانە بەڵام ڕزگار بوون لێی قورسە و هەندێک جار مەحاڵە و ڕزگاربون لێی قوربانیشی دەوێت. سامانی سروشتی بۆتە مایەی نەگبەتی بۆ تاک بەتاکی ئەم کۆمەڵگەیە و نەوەکانی داهاتوشمان. کەچی هێشتا شانازی بە سەربەخۆبونی ئابوریەوە دەکرێت. چی سەر بەخۆ بوو، ئابوری یان تاڵانکردنی نەوت؟
سەرەڕای ئەو هەڵە گەورە ئابوریە، کەپێویست بوو لە بڕیارێکی ئاوەها چارەنوس سازدا ڕاپرسیەک لە هەرێم ئەنجام بدرایە سەبارەت بە ڕێکەوتن و فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆ. تا ئەو خەڵکەی سەدەها ساڵە قوربانی دەدات لە پێناو ڕزگاری و بەدیهێنانی دەسکەوتە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان، ئاگادار بێت لە گوزەرانی خۆی و پاشەڕۆژی نەوەکانی. سەرەڕای ئەو هەڵە گەورەیەی بوە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوری و دارایی و ئیداری و نەدانی موچە و وەستانی پڕۆژەکان و کەڵەکەبونی قەرزێکی زۆر لەسەر هەرێم. کەچی هیچ لایەنێک خۆی بە هەڵەو کەمتەرخەم نازانێت. ئاسۆی دۆخەکە ڕون نیە و ڕۆژ بەڕۆژ قەیران و کێشەی نوێ سەر هەڵدەدەن. ئێستا ئەوەی زیاتر جێگەی نیگەرانی خەڵکە، دەنگۆی هەناردەکردنی گازی سروشتیە، کە دیار نیە ئەمیش نەگبەتیەکی تر دەبێت وەک هەناردەکردنی نەوت یان دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی گەورەتر و پێکدادان و کاولکاری و پاشانیش کەوتنە بەر چەپۆکی گەورەی وڵاتان و لەناویشیاندا وڵاتە تاڵانچیە بەهێزەکان. ئەندازیارەکانی ئابوری سەربەخۆ، پەیداکردنی سەرمایە و بودجە تەنها لە نەوت و گازدا دەبیننەوە و ناتوانن سەرچاوەکانی داهات هەمەچەشنە بکەن. بۆیە بەدروست بونی کێشە لەم کەرتەدا کێشە نەک هەر بۆ دەسەڵات بەڵکو بۆ تاک و خێزان و کۆمەڵگەش دروست دەبێت. ناکرێت ئەوەندە وابەستەی نەوت و گاز بین و خواردن و وتەکانی ڕۆژانەشمان بۆنی ئەوان بگرێت. ئینگلیز دەڵێت؛ "don't put all your eggs in one basket "
واتە هەموو هێلکەکانت مەخەرە یەک سەبەتەوە. هەرێم بەم سیاسەتی ئابوریەوە پێدەچێت هەموو هێلکەکان لەسەریدا بشکێت. ناکرێت پێداویستی هاوڵاتیانی خۆتت لە سوتەمەنی پێ پڕ نەکرێتەوە بەڵام بانگەشەی ئەوە بکەی هەرێم دەخەیتە پاڵ نەخشەی وڵاتانی بەرهەم هێن و هەناردەی سامانی سروشتی. ئاخر چۆن دەکرێت لەماوەی سی ساڵی حوکمڕانیدا لەهەرێمێکی دەوڵەمەند و خاوەن پێگەیەکی گرنگ لە ناوچە، جۆری حوکمڕانی لەو ئاستەدا بێت کە دەیبینین.
هیوا دەکەین حوکمڕانەکانی هەرێم لەوە زیاتر خەڵکی سزا نەدەن و مافەکافی هاوڵاتیبونیان پێ ڕەوا ببینن و بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن، تا لەمە زیاتر سامانی سروشتی و سیاسەتی هەڵەی ئابوری نەبێتە جێی ململانێی ناوخۆیی و کێشە و ئافات بۆ خەڵکەکەی. چونکە چیتر خەڵکی بەرگەی ئەم هەمو پاشەکشەی دوای ڕیفراندۆم و قەیرانی دارای و ئیداری و کێشە ناوخۆییانە ناگرێت. دەکرێت هەر هیچ نەبێت ڕێگری لەسەرهەڵدانی قەیرانی نوێ بکرێت. پاش زنجیرەک لەدۆڕان و سەرنەکەوتن لە بواری سیاسی و ئابوری و بەڕێوەبەری و سەربازی و ڕێکەوتنە ناوخۆیی و هەرێمی و دەوڵەتیەکان، دەبێت لەوە تێبگەین بانگەشەی سەرکەوتن و نمایشکردنی توانا و شارەزایی دوای دۆڕان بێ نرخەو جێگەی باوەڕی کەس نیە.