کەسێک تەنها بەشێکی کەمی خانەکانی مێشکی بەزیندویی مابنەوە دەزانێت کە؛ ئەم جۆرە حوکمڕانیەی لە هەرێم بونی هەیە و بەردەوامە لەسەر ئەم خۆ پەسندیە، لە ئەجامدا توشی شکست و دۆڕانی گەورە دێت.پاشانیش هەر سەدەیەک و چەند جارێک هاوڵاتیانی بێتاوان دەبێت ببنە قوربانی و باجی ئەم جۆرە هەڵانەی ئەقڵیەتی حوکمڕانی کوردی بدەن. ئێستاش دوای سی ساڵ لە حوکمڕانی هەڕەمەکی و تاڵانی و پاوانخوازی و نادادی،وا خەریکە جارێکی تر میللەت توشی نەهامەتی و دەردی سەری گەورە دەکەنەوە. ئەم شەپۆلە گەورەیە لە کێشمەکێش و چاوچنۆکی ناوخۆیی و ئیقلیمی و پاشانیش جیهانی و تایبەتریش هێز و دەسەڵاتی هەردوو بەرەی ئەمریکا و ڕوسیا،کاریگەری تەواویان لەسەر هەرێم داناوە. هەرچەندە زۆر درەنگە بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، بەڵام دەبێت ئەوە تێبگەین کە بڕیارێکی ئاوەها لەم کاتەدا شتێکی ئاسایی و ڕێکەوت نیە.بەڵکو مەسجی گەورە و واتاداری لە پشتەوەیە، کە هەرگیز ناکرێت بە سادەیی سەیر بکرێت. بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دوو ڕەهەندی هەیەو کە لە داهاتویەکی نزیکدا بەدەردەکەون.لە هەردوو بارەکەشدا هەرێم دەخاتە بەردەم تەنگژە و قەیرانی گەورە و تا پێکدادانی سەربازیش تەنانەت گەر دۆڕانیشی لەدوا بێت. چونکە نە دەسەڵاتدارە سودمەندبوەکانی هەرێم نە بەرژەوەند خوازە بیانیەکان دەستبەرداری قۆرخکاری و تاڵانی و دەستکەوتەکانیان دەبن. یەکەم: پێدەچێت هەرێم ببێتەوە بە بەشێکی دانەبڕاو لە عێراقەکەی جاران و دەسەڵاتی تەواوی بەغداد لە هەموو شوێنێکی هەرێمدا پیادە بکرێت و دەسەڵاتی هەرێمیش ببێتەوە بە دەسەڵاتە کارتۆنیەکەی سەردەمی حوکمڕانی بەعس.
دووەم: یان دەکرێت وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی و گرێبەستکانی نەوت و گاز، زیاتر پشتگیری و پاڵپشتی قەوارەی هەرێم و دەسەڵاتەکەی بکەن تا ڕادەی سەربەخۆبونیش.بۆ ئەوەی بەرژەوەندیەکانیان بپارێزن و بەردەوام بن لە تاڵانکردنی سامانی هەرێم. گەر ڕای خەڵکی هەرێم وەربگرین سەبارەت بەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی، زۆربەیان خۆشحاڵن، بەبێ ئەوەی گوێ بدەن بە زیانەکانی.ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە هاوڵاتی چەند ناڕازی و پڕە لە دەسەڵاتی کوردی. بۆیە هیوادرین ئەمە ڕاچڵەکینێکی گەورە بێت و دەسەڵات بەهۆش بێنێتەوە. نەک وەک هەموو بابەتەکانی پێشتر بە هەڵە لێکدانەوەی بۆ بکرێت کە گوایە ئەمە بڕیارێکی سیاسیە و دژ بە کۆمەڵانی خەڵکی هەرێمە و بکرێتە موزایەدەی نیشتیمانی و نەتەوەیی بۆ لە خشتەبردنی خەڵک و درێژە دان بە تاک ڕەویی و کەللە ڕەقی سیاسی.