گومانو تۆمەتەکانی تیرۆرو کوشتنی ڕۆژنامەنوسان دەبێتە بەڵگە!
بەکر عوسمان
2020-03-25   762
لە بارودۆخی ئەمرۆدا، دڵمان لای سەلامەتی و ژیان و تەندروستی خەڵکی کوردستانە، هیوادارین کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە سەلامەتی و خێرا ئەم دۆخە تێپەڕێنێ. بەڵام کرانەوەی باسێکی لەم شێوەیە جێگای هەڵوێستەکردنی هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز و عەدالەتخوازە.
لە چەند رۆژی ڕابردوودا دوو دەزگای ئەمنی سەر بە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە ڕێگەی چەند ڕاگەیەنراوێکەوە، هەریەک لە دژەتیرۆری سەر بەدەزگای زانیاری یەکێتی و دەزگای پاراستنی پارتی و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم چەند تۆمەتێکیان ئاراستەی یەکتر کرد.
تۆمەتبارکردنەکان چەندین دۆسیەی هەستیاری کوشتن و تاوانکاری و گەندەڵی گەورەی ئێستا و چەند ساڵی ڕابردوو بوو. ئەو تاوانانە لە ئاستێکی باڵای دەزگاکانی ئێستای حکومەت و دەسەڵاتدارەتی ئەنجامدراون و بەڕێوە چووە.
بەیاننامەکانی هەردو دەزگای پاراستنی پارتی لەژێر ناوی ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان و دەزگای زانیاریی یەکێتیی لەژێر ناوی ئاژانسی زانیاریی هەرێمی کوردستان، هەردوکیان یەکتر بە خیانەت و کوشتن و گەندەڵیی تۆمەتبار و تاوانبار دەکەن.
ئەو دوو بەیاننامە تۆمەتبارکردن نین، بەڵکو تاوانبارکردنی ڕاستەوخۆن، ئەوە ئاشکرا کردنی زانیارییە نهێنیەکانیانە. لە دۆسیەی سەردەشت عوسمان بەڕۆشنی وەک بەڵگە و نموونەیەکی تیرۆر و کوشتنی ڕۆژنامەنووس بەدەستی دەزگای پاراستنی پارتی "وەک بەڵگە و نموونە" هێنراوەتەوە بۆ تاوانبارکردنی ئەو دەزگایە و بەرپرسە باڵاکانی.
سەبارەت بە دۆسیەی تیرۆری سەردەشت عوسمان، ئەو تۆمەتبارکردن و تاوانبارکردنە فەرمیەی دەزگایەکی ئەمنی لە ئاستی ڕاگەیاندنی فەرمی، پشتراستکردنەوەی گومانەکانی پێشووتری ڕۆژنامەنووسان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانە.
بەدوای تیرۆری دڕندانەی سەردەشت بە گوللە نان بەدەمییەوە. بە دوای ئەوەی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تیرۆری سەردەشت، بە دارشتنی سیناریۆیەکی هەڵبەستراو تاوانێکی گەورەی بە حەقی سەردەشت و خانەوادەکەی ئەنجامدا. بەدوای ئەوەی نمایشی سیناریۆیەکی قێزەون لە دادگای هەولێر لەسەر دۆسیەکە بەڕێوەچوو. بەدوای ئەوەی هەر کەسێک پشتیوانی لە سەردەشت و دۆسیەکەی کردبێ بەرەوڕووی هەڕەشە و فشارهێنان و ناڕەحەتکردنی ڕاستەوخۆ بۆتەوە. بەدوای ئەوەی ڕێگەگرتن لە دانانی پەیکەری سەردەشت و دەستگدەگیرێت بەسەر کتێب و سانسۆر دەکرێ... بەدوای چەندین تاوان و پێشێلکاری لەسەر ئەو دۆسیە و مەسەلەیە.
دۆسیهی تیرۆری رۆژنامهنوس سهردهشت عوسمان ئێستا لای ئێمه و ئازادیخوازانی كوردستان به كراوهیی ماوەتەوە، تا ئهو كاتهی تاوانباران ئاشكرا دهكرێن و دهدرێنه دادگایهكی عادلانه و بێلایهن و سهربهخۆ هەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
ئێستا بە دوای نزیکەی 10 ساڵ لە تیرۆری سەردەشتدا دووبارە پێ لەسەر مافەکانی خۆمان وەک خانەوادەی سەردەشت و مافی سەرەتایی خەڵکی کوردستان لە ئازادی و پاراستنی ئەمنیەت و ژیانی تاکەکانی کوردستان دادەگرینەوە. بۆ جاری چەندەم خواستەکانمان بۆ داداگاییکردنی بکوژانی سەردەشت و ئەوانەی لەپشتی بڕیاری تیرۆرەکەی وەستاون بە دەنگی بەرز ڕادەگەینین.
ئێستا جارێکیتر دۆسیەی سەردەشت و سۆران و کاوە و ویداد و زۆرێک لە تاوان و دۆسیەکانیتر لەسەر مێزی هەموو لایەن و کەسێکە کە ئیدعای هەیە بۆ باشکردنی ژیان و ئایندەی کۆمەڵگای کوردستان. ئەو دۆسیە هەموو لایەک دەخاتە بەردەم بەرپرسیارەتییەکی مێژوویی گەورە. ئیشی حزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان لەبەرامبەر ئەو بەرپرسیارتیە چییە؟ ئەی ئیشی داواکاریی گشتیی و پارلەمان و مافی مرۆڤ نییە لەو بانگەشانە بکۆڵنەوە؟
پەیام و بانگەوازەکان ڕوو بە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییە، هەموو ئەو گومان و تۆمەتانەی تا ئێستای دۆسیەی تیرۆر و کوشتنی دەنگی ئازاد و ڕۆژنامەنووسان، ئەمرۆ دەبێتە یەقین و بەڵگە. بۆ پێشگرتن بە تیرۆر و کوشتنی ئەو دەنگانەی داوای عەدالەت دەکەن. سیستەمی گەندەڵی و تاڵانکاری لە کوردستاندا، بە تیرۆر و کوشتن و سەپێندراوە. لە ژێر سێبەری بەرهەمی دەسەڵاتی کوردی و سیستەمی گەندەڵی، کارەساتی سروشتی و نەخۆشی و ڤایرۆسی کرۆنا، مەترسیەکانی بۆسەر ژیانی خەڵکی کوردستان فەلاکەتباری زیاترە. هەنگاوی یەکەمی کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و تاڵانکاری مافەکانی خەڵك، خستنە زیندانی ئەوانەی گوللە دەنێن بە دەمی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان.
بەکر عوسمان