تارمایی سەردەشت پەیامێکە بۆ ئازادی و مۆتەکەیەکە بۆ دەسەڵاتی ستەمکاری کوردی!

بەکر عوسمان
  2023-05-03     342

کورسی دەسەڵاتی کوردایەتی لەسەر گۆڕی ئازادیخوازان هەڵچنراوە

تارمایی سەردەشت پەیامێکە بۆ ئازادی و مۆتەکەیەکە بۆ دەسەڵاتی ستەمکاری کوردی!

​​​​​​​

ئەمرۆ ١٣ ساڵ بەسەر تیرۆری سەردەشت عوسمان تێپەری. ١٣ ساڵ لەمەوبەر تەمەنێک بێرەدا تێپەری، پێگوتین ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە. وەکو ئەوەی ئێستا بێت و بۆ هەمیشە لەبیرمە، پێی گوتین ئەو دەسەڵاتە، دەسەڵاتی چینی چەوسێنەرە، گەندەڵ و مشەخۆر و تاڵانگەرە، بکوژ و سەرکوتگەر و کۆنەپەرستە... لە ماوەی ئەو ١٣ ساڵەدا کارنامەی خودی دەسەڵات، هەمورۆژێک راستی وتەکانی ئەوی پشتراست کردوەتەوە.

بەڵێ ١٣ ساڵ لەمەوبەر تەمەنێکی کورت بەڵام پڕسەمەر، بە دەستی جەلادانی دەسەڵاتی کوردی سەربڕرا. ئەو تەمەنە تەمەنی سەردەشت عوسمانی وتەبێژی هەژار و بێدەرەتانان بوو. لەوکاتەوە سەردەشت بە جەستە لە مەیدانی بەرگری لە چینە چەوساوەکان نەما، بەڵام پەیام و دۆسیەکەی بۆ هەمیشە زیندو و کراوە دەمێننەوە. تا ئەو رۆژەی چەوسانەوە و زۆرداری هەبیت پەیامەکەی دەنگ دەداتەوە، تا ئەو رۆژەی بکوژانی سەردەشت و سەرجەم ئازادیخوازان لە دادگای بەرحەق و عادلانەدا دادگایی و سزا نەدرێن، هەرگیز دۆسیەکەی داناخرێت و رۆژ لە دوای رۆژ گەورە و گەورەتر دەبێت. لەم ١٣ ساڵەی دوای سەردەشتدا کۆمەڵگای کوردستان لەلایەن بکوژانی سەردەشتەوە کراوەتە مەیدانی لێشاوێکی تر لە تاوان و پێشێلکاری. 

سەردەشت لە بەرواری 2010-05-04  کاتژمێر (8:25 – 8:20) لەبەردەم " پەیمانگای هونەرە جوانەکان" بەرامبەر "کۆلێژی ئاداب"، بە ڕۆژی ڕوناک و بەبەرچاوی خەڵکەوە، لەلایەن چەند چەکداریکەوە بە زۆر و لێدان رفێندرا.

لە کاتژمێر 5:30   ئێوارەی  2010-05-05لە گەرەکی " حی الوحدة" لە موسل جەنازەی سەردەشت بە دەست و قاچ بەستراوەیی دۆزرایەوە. هۆکاری مەرگی سەردەشت ئەو گولانە بوو کە نراوبوون بە دەمیەوە.

دوای ئەو تاوانە دڕندانەیە، هەموو هەوڵیکی خانەوادە و هاوڕێیان و ئازادیخوان سەبارەت بە دۆسیەکەی سەردەشت کەوتوەتە بەرامبەر هەڕەشە و پەلاماری بکوژانی ئەو و دەزگا سەرکوتگەرەکانی دەسەڵاتی کوردی. لێژنەی لێکۆڵینەوەی هەر ئەو دەسەڵاتە بکوژە، بە داڕشتن و هەڵبەستنی سیناریۆیەکی گاڵتەجارانە بۆ سەردەشتی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، تاوانێکی تری خستەسەر تاوانی کوشتنەکەی و سەردەشتی بە هاوکاری تیرۆریزمی ئیسلامی تاوانبار کرد.

پاشان هاوتای ئەم گاڵتەجاریە، دادگای نمایشی هەولێر سیناریۆەیەکی پیس و قێزەونی لەسەر دۆسیەکە نمایش کرد. لەوکاتەوە هەر کەسێک پشتیوانی و قسەی لەسەر سەردەشت و دۆسیەکەی کردبێ، بەرەوڕووی هەڕەشە و فشار و تاقیبی ڕاستەوخۆ بوەتەوە. ڕێگایان گرت لە دانانی ئەو پەیکەرەی بۆ سەردەشت دروست کرابوو، دەستیان گرت بەسەر ئەو کتێبەی سەبارەت بە دۆسیەی سەردەشت چاپ کرابوو، کێلی سەر گۆڕەکەیان  شکاند... هەموو چالاکیەکی پەیدوەنددار بە دۆسیەی سەردەشت روبەروی پەلامار بوەتەوە.  

بەڵام بکوژانی سەردەشت نەک هەر نەیانتوانی بە تیرۆری ئەو پەیامەکەی بخنکێنن، بەڵکو مەرگی سەردەشت بوە مایەی دەنگدانەوەی پەیامەکەیی و گەیشتنی بە گوێی ئەوانەی کە نەیانبیستبوو، لە هەمانکاتدا لەوکاتەوە تارمایی سەردەشت بووە بە کابوسێک و بەردەوام بەسەرسەری دەسەڵاتی کوردیدا دەسوڕێتەوە. لەلایەکی ترەوە لەم 13 ساڵەی دوای کوشتنی درندانەی سەردەشت، هێشتا ڕۆژانە بەڵگە و دۆکۆمێنتی تازە و باوەرپێکراو لەسەر بکوژانی و چۆنیەتی کوشتنی لە ئاساتی نێودەولەتی و کوردستانیدا بڵاو دەبێتەوە. ڕۆژانە دەبینین چەندین بەڵگە و زانیاری نوێ لەسەر پێشێلکاری، گەندەڵی و تاوانکاری دەسەڵاتی کوردی لە مێدیای جیهانی بڵاو دەبێتەوە.

لە ناوەراستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، لە ماوەی 2 رۆژدا، 3 ڕاپۆرت لەسەر شێوازی حکومڕانی لە کوردستان. لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ و گۆڤاری فۆرن پۆڵەس، هەریەکەیەن بەجیا بڵاوکرایەوە.  ئەو زانیاریانە وێنەی بەشێک لە راستیەکانی ئەو دەسەڵاتە پێشان دەدات کە رۆژانە هاوڵاتیانی کوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنن . حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە بە حکومەتی بنەماڵەیی لە کوردستان، گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەی دەسەڵاتدار.  پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد، بەکارهێنانی دادگاکان بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئازادیخوازان، بەحزبیکردن و بەتایبەتکردنی دامودەزگا سەربازی ئەمنیەکان و بەکارهێنانیان بۆ پاراستنی خێڵ و خێزان، کوشتنی ژنان و نەبوونی مافە سەرەتاییەکانی ژنان و گەنجان. نەبوونی خزمەتگوزاری و بڵاوبوونەوەی بێکاری و هەژاری و نەخۆشی و هیتر. ئەوانە هەمووی بوونەتە هۆکاری کۆچی بەکۆمەڵ و نائومێدی و خۆکوژی و دەیان کارەساتی رۆژانە لە ژیانی هاوڵاتیانی کوردستاندا.

ڕاپۆرت و بەڵگە و زانیاریەکان هەر بە نیشاندانی وێنەی ژیانی هاوڵاتی لە کوردستان ناوەستێ، بەڵکو دەبینین پەردە لەسەر دۆسیەی تاوانکاریەکانی ئەمرۆ و دوێنێی ئەو دەسەڵاتە ستەمکارە هەڵدەداتەوە.

لە بەرواری 07-12-2021 له‌ڕاپۆرتێكدا به‌ناونیشانی (پاشماوه‌ی گه‌نده‌ڵیی له‌عێراقه‌وه‌ بۆ ویلایه‌تی میامی) ڕۆژنامه‌ی (زه‌ ئه‌مریكان پرۆسپێكت)ی ئه‌مریكی ڕایگەیاند کە ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان لەسەر وتارێكی تەنزئامێز لەلایەن بەرپرسانی دەزگای پاراستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەشکەنجە درا و تیرۆر کرا.

هەروەها لە ناوەراستی مارشی 2020 دا دەزگای دژەتیرۆری سەر بەدەزگای زانیاری یەکێتی هاوپەیمانی ستراتیژی پارتی، لە ڕاگەیاندنی فەرمی خۆیدا دەزگای پاراستنی پارتی و بەرپرسانی ئەو دەزگایە، تۆمەتبار و تاوانبار کرد بە تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان.

لە ماوەی یەک ساڵدا، لە لایەن دوو دەزگای فەرمی، لە ڕاگەیاندنی فەرمیدا، بەڵگە و دۆکۆمێنت، تۆمەتبارکردن و تاوانبارکردنی ڕاستەوخۆ لەسەر دۆسیەی تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان بە ئاشکرا ڕاگەیەنرا. لە بەرامبەردا نەک هەر هیچ دەزگا و بەرێوەبەراتیەکی ئەوەی پێیدەلێن حکومەت و دادگا و مافی خەڵک، نوزەی لەبەر نەهاتوە، تەنانەت بکوژانی سەردەشتیش جەسارەتی ئەوەیان نەبوو کە ئەو لیدوانانە ڕەت بکەنەوە.

لە راستیدا لە کوردستان و لە سایەی دەسەڵاتی تیرۆریستاندا، شتێک نەماوەتەوە بە ناوی  یاسا و شەرعیەت  و دادگا و دەسەڵاتی دادوەری. ئەگەر بەراستی شتێک بە ناوی ماف و عەدالەت و دەسەڵاتی یاسا و دادوەری بونی هەیە، فەرمو ئەوە بەڵگە و دۆکۆمێنت لەبەر دەستی هەموان دایە و با خۆیان نیشانبدەن. بەڵام نەک هیچ نیشانەیەک لەوانە دیار نیە، بەڵکو ئەو جەلادانەی دەستیان سورە بە خوێنی هەڵسوراوان و ڕۆژنامەنووسان، رۆژانە  بە فەرمان و پشتیوانی و ئاماژەی دەسەڵات بەردوامن لە هەڕەشە و چاوسورکردنەوە و راپێچکرنی دەنگە نارازیەکان بۆ کونە تاریکەکانی ئەشکەنجەخانە.

سەرجەم باسی شەرعیەت و هەڵبژاردن و مافی خەڵک و یاسا و دەسەڵاتی دادوەری لە سایەی ئەم دەسەڵاتە مافیا و سەرکوتگەرەدا، تەنها گاڵتەجارین و هیچی تر. نە یاسا مانای هەیە نە شەرعیەت و دادگا و عەدالەت. دەزگا تیرۆریست و داپڵۆسینەرەکانی بنەماڵە و حزبە دەسەڵاتدارەکان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی تاوانبار کراون بە تیرۆر و تاڵان و سەرکوت و قۆرخکاری و هەموو ژیان و چارەنوسی جەماوەری خەڵکیان کردوەتە قوربانی بۆ سەلتەنەتی دوو بنەماڵە و کەمایەتیەکی سەرمایەدار و مشەخۆر. کوا یاسا و دادگا و دادپەروەری لە کوێیە لەمانە بکۆڵێتەوە؟! ئاخر سەربەخۆیی دادگای لەکوێ ماوەتەوە؟ لە کاتێکدا رۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینیان تەنها لەسەر قسەکردن بۆ بەرگری لە مافی خەڵک، بە شێوەی قەرەقوشی و ملهوڕانە لە کونی تاریک خراون.

عەلی مەحمود لە ماڵەکەی خۆی دەرفێندرێ و ڤیدیۆی دەستگیری بڵاو دەکرێتەوە بە تۆمەتی داڵدەدانی تۆمەتبارێک. لە راستیدا هۆکاری راستەقینەی ڕفاندن و دەستگیری، پەردەهەڵماڵینە لەسەر تاوانکاران نەک ئەو تۆمەتەی خراوەتە پاڵی. دۆسیەی عەلی مەحمود، تەواو سیاسیە و دۆسیەی بەکارهێنانی دادگایە بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئازادیخوازان. ئامانجی سەرەکی سه‌پاندنی سه‌ركوتگه‌ری و به‌رگرتنە به‌ هه‌ر جۆره‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینێك دژ به‌ ده‌سه‌ڵات.

سەرجەم باسی ئازادی و دیموکراسی، یاسا و دەسەڵاتی دادوەری، حکومەت و پەرلەمان، هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی خەڵک، چاکسازی و خزمەتگوزاری... هیتر و هیتر، لە سایەی دەسەڵاتی دوو بنەماڵە و بە نوێنەرایەتی کەمایەتیەکی سەرمایەدار و مشەخۆر، تەنانەت بە پێوانە فەرمیەکەشیان هیچ مانایەکیان نەماوەتەوە. دەسەڵاتی کوردی بە کارنامەی ٣٢ ساڵی سەلماندی کە دەسەڵاتێکی ستەمکار و مافیا و چەتەیە، بکوژ و خوێنڕێژە، کۆنەپەرست و سەرکوتگەرە، کورسی دەسەڵاتەکەی لەسەر گۆڕی ئازادیخوازانی کوردستان هەڵچنیوە.

١٣ ساڵە سەردەشت بە جەستە لە نیومان نەماوە، بەڵام تارماییەکەی بەسەر ئاسمانی کوردستاندا دێت و دەچێت. ئەو تارماییە بۆ خەڵکی چەوساوە پەیامی ئازادی دەچڕێت و بۆ دەسەڵاتی ستەمکار و بکوژانی، مۆتەکەیەکە و هەراسانیان دەکات. ڕۆژ لە دوای رۆژ ئەو تارماییە گەورەتر دەبێت و هەردوو دیوی پەیامەکەی بەرجەستەتر ئەبێتەوە. دەبێ بکوژانی سەردەشت ئەو راستیە بزانن کە تازە ئەم مۆتەکەیە لەسەر دلیان لاناچێت تا ئەو کاتەی سەرجەم تاوانباران سزای خۆیان وەردەگرن، تا ئەو کاتەی دەستی تیرۆریستان و سەرکوتگەران بە زنجیر شەتەک ئەدرێت، تا ئەو کاتەی هەڕەشە لەسەر وشە و وتنی راستی کۆتایی دێت، تا ئەو کاتەی ئازادی دەبێتە مافی سەرەتایی بۆ هەموان، تا ئەوکاتەی گەندەڵی و ستەمکاری و تاڵان و فیرعەونگەری کۆتایی دێت. بە کورتی ئەم مۆتەکە و تارماییە بەسەر سەری بکوژان و ستەمکارانەوە بەردەوام دەبیت تاوەکو بەدیهاتنی ئەو پەیامەی کە سەردەشت بە خۆێنی خۆی نەخشاندی... تا ئەوکات  وتە و پەیامەکانی سەردەشت، وێنە و تارمایی و بزووتنەوەی سەردەشت بۆ ئازادی و دادپەروەری شەکاوەیە و دەشەکێتەوە.

سەرئەنجام سەرکەوتن هەر بۆ دۆسیه‌ی تیرۆری رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان و دۆسیەی تیرۆری دەنگە ئازادەکان و زیندانیانی بادینان و سەرجەم دۆسیەی تاوانکارنەی  دەسەڵاتی کوردیە. تا ئه‌و كاته‌ی گوێی تاوانباران دەگیرێت و دەبرێنە بەردەم  دادگایه‌كی عادلانه،هەموو دۆسیەکان بە کراوەیی دەمێننەوە.

بەرز و بەرێز بێت یادی سەرشت و هاوڕێیانی

مەرگ و ڕووڕەشی بۆ بکوژان و تیرۆرستانی دەنگی ئازاد

ئازادی بۆ عەلی مەحمود

ئازادی دەسبەجێ بۆ ھەمو زیندانیانی سیاسی و رۆژنامەنوسان بە تایبەتی دەسگیرکراوانی بادینان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×