ئەی خواکانی یۆنان خوای زینوس چەکوشەکەتم پێببەخشە

نامۆ سامان
  2020-09-12     740
کازمی سوکایەتی بە شکۆی گەلێک کرد کە زیاد بۆ سەد ساڵە خەبات بۆ ئازادی دەکات. چوونی بۆ سەر گۆری تاڵەبانی و سەردانی ماڵی بەرزانی مەسجێکبوو بۆ ئەو خەڵکەی کوردی باشور، کە دەسەڵاتە ملهور و گەندەڵەکەی باشور لە پیش هەمووتانەوەیە! کە خێڵ و بنەماڵەکان لە پێشدایە! بەڵام ئەو خەڵکە برسی و ماندووە لەوە نەگەیشت! ئەوانیش وەک مناڵە برسی و هەتیوەکان دەستیان بۆ چڵە پوشەکە درێژکرد، هەرچییەکیان بەر چنگ کەوتایە دەیانبرد بۆ دەمیان. تاکی کورد و خەڵکی برسی و توڕەی باشور تەنها سەیری ئەو بەشە دەکات کە دڵخۆشی دەکات ئەوان تەنها سۆپرمان کازمیانبینی وایاندەزانی خۆشبەختی دهێنێت بەڵام بەشەکەیتریان پشت گوێ خست کە دڵیان هەپروون هەپروونکرا کە خەبات و شکۆی سەد ساڵەیەتی ڕۆڵەکانی خۆیەتی کە قوربانی بۆداوە لە پێناویدا جگە لە کورو باوکی ئەوی ئەنفال و بێوەژنی دایکی هیچتری بۆ نەماوەتەوە! ئەوە کورو ڕۆڵەکانی ئێوەن بە ناوی نیشتیمانەوە ڕاپێچی کێڵگەکانی کوشتار دەکرێن هەرجارەی لە ژێر پاسای شتێکدا نەک کوری مەسول و سەرکردەکانی باشور! دەشێت ڕۆژگارێکیش بێت وەک چون ئەردۆغان کورد ڕاپێچی شەڕی لیبیا کرد بۆ کوشتار ئائاوایش ڕاپیچکرێن بۆ جەنگی ئسرایل و ئێران! نەگەبەت ئەوە مەرگی تۆ و ڕۆڵەکانی خۆتە لە سەر شەقامەکانی بێدەنگی نیشتیمان راکشاوە خەڵتانی تورەبوون  و برسێتی و خوێن بووە نەک کوری مەسوئل و سەرکردەکان.                                                                  


دەبوایە ئەو پیاوە هەر بۆ حورمەتی تاکی کورد و شکۆی گەلێک کە لە پەرلەمانەکەیدای هەڵگرتووە خۆی بکردایە بە پەرلەمانی کورددا هەر چۆنێکبوایە بەو هەموو گەندەڵی پەرلەمانیشەوە وەک ئیعترافێک و وەک ڕێزلینان و وەک قەوارەیەکی سیاسی و یاسایی لە هەرێمداو رێزی لە یاسا و رێساو گەلێک بکردایە و کێشەکان لەوێوە چارەسەربکردایە نەک خێڵەکیانەو سەرپێیانە و سۆپەرمانانە! بەڵام ئەوەی نەکرد بەڵکو وەک ئەوانیتر ئەمیش هەم عەرەبە هەم شیعەیە هەم عێراقییە! بەڵام خەڵکی باشور ئەم پیاوەیان لێببوە سۆپەرمان تاکو لە چرکەساتێکدا ڕزگاریانکات! هەر تاک و خەڵکێک کە عەریزەو سکاڵانامەی دایە دەست سەرۆک و لێی پارایەوە ئەوا ئیتر لە گەمژەیی خەڵک و لە دیکاتۆری تێبگەن کە چۆن دەستپێدەکات!.                              


دەسەڵاتێکی خوێری و خۆ بەکەمزان سەروەری گەلێکی بە خۆیەوە شۆڕکرد و خستییە پێڵاوەکانی کازمییەوە. دەسەڵاتە گەندەڵە و پۆز زلەکەی باشور وەک جگەرەکێش وایە کە لەسەر بەرگی پاکەتەکەیدا وێنەی شێرپەنجەی خۆی دەبینێت بەڵام هەر دەیکیشێت! دەبوایە بە هاتنی کازمی خەڵکی بە شەرەفی باشور دەرگاو پەنجەرە و دوکانەکانی قفڵکردایەوە معەتەجەولی سەرانسەری بەرپاکردایە و پرۆتێستی ئەو پیاوە عێراقی بکردایە نەک بچێت بەپێریەوە، دۆزی ئێمە عێراق و عەرەب و ئسلام نییە بەڵکو دۆزی گەلێکی خێرنەدیدەیە کە بۆ وا زیاتر لە سەدەیەک خەبات دەکات و ئەنفال دەکرێت و .... دەبوایەی خەڵک ئەو پروتێستەی بکردایە کە گەندەڵکارانی باشور بدرانایە بە دادگا نەوەک سەردان و زیارەتیانبکەن! لە ئەزەلدا دەسەلاتی باشور ئەمەی دەویست و پلانی بۆ داناوە، چونکە کە ڕۆژگارێک هات و دەستور هەموو مافەکانی گەلی کوردی سریەوە وەک عێراقییەک ناونوسیکرد و خەڵکی و باشوریانکردوە بە عێراقدا ئیتر دەسەڵات تاوانبارنەکرێت بەڵکو ئەوە خەڵکە کە عێراقیان دەوێت و دەیانەوێت لەگەڵ عێراقدابن و خۆیان بە عێراقی دەزانن! هەر لە سەردەمی شانزەی ئۆکتۆبەر و ریفراندۆم و لامەرکەزیی شارکانەوە دەسەلات ئەمەی دەوێت کە خەڵک خۆیان بکەن بە عێراقدا و تاکو لەو تاوانە گەورەیە دەربازبن و هەمان دەسەڵاتیشیان هەبێت! دەزانیت خۆی بە عێراقیزانین واتایچی؟ هەرکاتێک لەواتای ئەنفال گەیشتیت ئەوساکەیش لە عێراقیش دەگەیت! برۆن... برۆن ئیتر ئەو عێراقە حیزە هەر بۆخۆتان ئەو باشور کە پڕبووە لە گەندەڵکاران و ئەندام پەرلەمانی خوێری هەر بۆ خۆتان ئەو عێراقە پر لە شەرونیفاقە هەر بۆخۆتان! حاشا نە من عێراقیم و نە عێراقیش وڵاتی منە!.             
ئاشبەتاڵ تەنها ئەوە نییە کە کەرامەت و شکۆی گەلێک تێکدەشکیت بەڵکو کارەسات لەوەدایە کە دەسەڵاتداران بە سەرمایەکی زەبەلاحەوە بۆ دەردەچن! کە ئاشبەتاڵکرا سەرکردایەتی کوردی باشور وەک بەرزەکیبابا بۆ دەرچوون بە سەدان ملیۆن دۆلارەوە! بەرزانی گوتی: کاری من تەمام شود! بەڵام بە گیرفانی پڕەوە زیاد لە سەد هەزار چەکداری تەسلیمی عێراقبوونەوە کۆتایەکەیشی ڕاگوێزران بۆ شارەکانی سەماوە روومادی و جنوبی عێراقی ئیشتراکی. ئێستاکەیش هەمان ئاشبەتەڵە بە خەڵککرا نەک سەرکردایەتی! خۆی لە خۆیدا زیرەکی دەسەڵاتە کە خەڵکی ڕاپێچی عێراق کرد بەبێ ئەوەی تاوانباربکرێت! بەڵام دەسەڵاتی ئەم ئاشبەتاڵە مانەوەن تاکو ڕێگە لە هەر بزوتنەوەیەکی شۆرشگێرانەبکەن لەو باشورەدا! هەربۆیە ئەگەر دەتەوێت ئەم دەسەڵات خوێرەی باشور ڕزگارت بێت ئەوە دەبیت قوربانی بدەیت نەک تەسلیمی عێراق بیت! دەسەڵات هەمووتانی ڕاپیچی عێراقکرد وەک تەسلیمبوونێک بەڵام خۆتان هەستان پێنەکرد چونکە دڵ و هزرتان پڕ بوو لە تۆڵە و ڕق و نەفرەت! کاتێک مرۆڤ توڕە دەبێت و برسی دەکرێت دەبێت شۆرشکات نەک تەسلیم بێت بەداخەوە ئەوە تەسلیمبوونە نەک تۆڵەکردنەوە و شۆرش! ئەگەر دەتەوێت گەندەڵکاران و ئەم ناپاکانە لەسەر حوکم لابەریت دەبێت شۆرش کەیت یاخود زیاد لە جارێک بینەری ئەم فلیمە بیت کە لە مێژووی مافیاکاندا { The Untouchables{
کە دەڵێت: ئەگەر نینۆکیان بریت ئەوا پەنجەیەکیان ببرە! ئەگەر پەنجەیەکیان بریت ئەوا دەستێکیان ببرە! ئەگەر دەستیان بریت ئەوا هەردوو باڵیان ببرە! ئەگەر مناڵێکاین کوشتی دەبێت ژن و مناڵیان بکوژێت! نابێت بترسی و خەباتکەیت ئەگەر دەتەوێت بە ڕاستی گەندەڵکاران لە بن بەریت بەڵام تاکی کورد کەی وا بیردەکاتەوە ئەوان دەیانەوێت ماسی بگرن و قولە پییان تەڕ نەبێت! جگە لەوەی بە سەدان هەزار کەس ئاوارە و ئەنفال و سەرگەردانبوون. بەلام حیزبەکانی باشور هەموو جارێک بە فیڵی و لەژێر ناوی خۆپیشاندان نەیارانی خۆیان کوشتووە لەدوایشدا قوروقەپیان لێکردووە.                                                


بەو ئەفلاتونە سەگبابەیش بڵێن: کە شاعیری دەرکرد لە کۆمارەکەی! ئەو کۆمارەی کە خودی خۆی قاچێکی تێنەکرد! پێیبڵێن: لە دەمەی منەوە پێیبڵێن: لە هەموو شتێک پەشیمان ببەمەوە لەم قسەیەم پەشیمان نابمەوە! کە شاعیر لای من نزیکترین کەسە لە خود و دەیەوێت بگات بە حەقیقەتی ئەو کۆمارەی کە تۆ خوڵقاندن بۆ دەسەڵاتداران!! پێیبڵێن: ئەگەر دڕۆناکات تۆزێک غیرەتی هەیە وەک لە ئەسینا تێیقوچاند و خۆیکرد بە میسردا بابێتە باشور تاکو بزانێت لە کۆمارەکەی ئەوەدا چ مەخسەرەیەکە! چۆن دەسەڵاتداران قەسابخانەیەکیان خوڵقاندووە تاکو دەوڵەتی یاسا دروستبکەن! پێیبڵێن: سوێند دەخۆم کەهاتیت تۆیش یەکێک دەبیت لەو دوو هەزارەی پرۆفیسۆر ومامۆستای زانکۆیەی کە واژوویانکرد بۆ ئەو پیاوە بێسەوادو ئەلفوبێ سیاسەتە تاکو جارێکیتر خۆی بۆ سەرۆک هەڵبژێرێتەوە!  بیرت نەچێت کە هاتیت لەگەڵ خۆتدا خوای گەورەی یۆنان بهێنە زینۆس بیرت نەچێت کە دابەزین باچەکوشەکەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرێت تۆیش کۆمارەکەت بەدەستەوە بگرە و پەڕە بە پەڕە هەڵیدەرەوە بە دامودەزگاکانی دەسەڵاتدا بگەرێ بزانە دەبینیت کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو! بزانە تۆیش وەک لاوان و گەنجانی وڵاتەکەم لەداخا دەست ناکەیت بە سوتاندنی پەڕە بە پەڕەی کۆمارەکەت!.                                           

مەرگ‌ و سێ بە سێکەی دەسەڵات یاخود دەسەڵات لەکۆتایی گەمەکەدا بردییەوە تەسلیمبوون نییە بەڵکو سەرەتایەکە بۆ تێگەیشتن. ئەو ڕاستیە تاڵەیە کەدەبوایە هەرلەسەرەتاوە بمانچەشتایە! سوقرات ئاسا دەبوایە ئەو قاپە ژەهرەمان بخواردایە پێش ئەوەی دەسەڵات بۆمان ئامادەکات. ئەگەر تەمەن بوار بدات دەبێت ئێمە لەوە تێبگەین کە دیموکراسی شتێکی زۆر بێواتایە گەمەیەکە بەدەست دەسەڵاتدارانەوە بۆ کوشتن‌و ڕاونانو  سوککردنی نەیارانی! گاڵتەبازارێکە سوقراتئاسا دەبێت دان بەوەدا بنێن کە هەرگیز دیموکراتی لە وڵاتێکدا بەرقەرار نابێت کە خێڵ و دەوڵەمەندەکان دەسەڵاتدارانبن! بە بۆچونی من دیموکراسی لەو جوگرافیایە بچوکەی باشوردا تەڵەیەکە بەدەست دەسەڵات و حیزبەوە بۆ ئاشکراکردنی نەیارانی لەکۆتایی گەمەکەیشدا کوشتن، لەناوبردنیان و راونانیان و ڕیسواکردنیان.                                                                


ئێمە لە هەموو شتێکی دەسەڵات تێگەیشتین یاخود دەسەڵات بەئەنقەست دەیویست ئێمە هەرچۆنێک بێت تێگەیەنێت کە دەستگرتن بە كڵاوی بێدەنگییەوە باشترە لەسەر کەشیکردن ئەگیان هیچ شتێک گەڕەنتی نییە بۆ هەڵهاتن لەم دۆزەغی دەسەڵاتەدا. کە شەقامەکانمان پڕکرد لە هۆتاف‌و سوکایەتی کردن بە دەسەڵات تاکو لەو ڕێگەیەوە تۆزە ئاهێک بێتەوە بەدەروونماندا!. هیچ کەسێک لەخۆیەوە بەرد ناگڕێتە پەنجەری ماڵان و شوشەی ژیانیان بشکێنێ ئەگەر لە پشت ئەو پەنجەرەو شوشانەوە کامێرای چاودێری دانەنرابێت بۆ چاودێریکردن‌و کۆنترۆڵی ژیانی تایبەتی خەڵک! هیچ کەسێک هاوارو هوتاف ناکات ئەگەر کەسێکیتر مافەکانی پێشل نەکرابێت! هیچ کەسێک ئەو هەموو کاتە جوان‌و زێرینەی خۆی هەروا بە خۆڕایی بەفیڕۆنادات ئەگەر یەکێک نەهاتبێتە سەر ڕێگای! دەسەڵاتی کورد جگە لەوەی ڕێگرێکبووە لەبەردەم هەموو مافەکانی تاکی کورد بەهەمان شێوەیش ڕێگربووە لەبەردەم کیانێکی سەربەخۆیی گەلی کوردیشدا! کەس بەو سەرماو گەرمایە نادهێتە سەر شەقامەکانی نیشتیمان ئەگەر دەسەڵات دەمو دەستی کەلەپچە نەکردبێت! ئەگەر ئەم دەسەڵاتە پیاوانی ماقوڵو شیاو دەبوون بۆ شوێنی شیاو کێ لە گوڵ کاڵتریان پێدەگوت؟ کێ هەبوو ئەو هەموو کاتە جوان و بە نرخەی تەمەنی دەکوشت بەدیار شاپڵیتەو سۆپاو کارەباو سەرەی نەوت و غازەوە؟                                   

چۆن ئارام دەبیت کە هەموو گیانت ئازارەکانی ئەنفال، کۆچ، بەعس، ئاوارەیی، برسێتی، لێدان، هەڵەبجەو شەنگالی هەڵگرتبێت؟ چۆن ئارام دەبیت کە پشتت ئازارو برینی قامچی پیاوە عەرەبانچیە دڵڕەقەکانی دەسەڵاتی بێت؟ چۆندەتوانیت لەنێوەند ئەم مەزادخانەی جامبازانەدا کە هەموو ڕۆژێک وەک کاڵە مەزاد دەکرێت‌و دەفرۆشێتەوە بە جامبازێکی دڵڕەقتر؟ کێ دەڵێت کۆیلەکردنی ئادەمیزادەکان سەردەمو خولی خۆی تەواوکردووە؟ ئەی ئەوەنییە ڕۆژێک کۆیلەی زەردو ڕۆژێکیتر کۆیلەی سەوز؟ ئەی ئەوەنییە هەموو ڕۆژێک لە دووری سەدان هەزاران میلوو کیلۆمەترەوە زاخاوی هەواڵی دەسەڵات دەچێتە دڵ‌و هەناوتەوە؟                      

دەسەڵاتە سێجار تەڵاقی داووین
یەکەمجار هەڵبجە
دووەمجار ئەنفال
سێیەمجار شەنگال
ئەوا بۆ چوارجار شانزەی ئۆکتۆبەر! ڕوسەکان لە ئۆکتۆبەردا باسی گێرانەوەو شانازانی خەباتی شۆرشی سوردەکەن ئێمەیش لە ئۆکتۆبەردا سەرمان شۆردەکەین کەچی ئێمە دەستبەداری ئەم دەسەڵات نابین سێ بە سێ و چوار بە چوار تەڵاقیداوین کەچی وەک مەیموونەکان بە نیشاندانی مۆزەکان هەڵدەبەزینەوە و دەچینەوە باوەشیان ەبۆ سەدانجاری تر دەنگیان پێدەدەنەوە.                                                        


زینۆس ئەی خوای گەورەی یۆنان چەکوشەکەتم بەرێ تەنها چرکەیەک ئەو هێزەیشم پێببەخشە لەگەڵ تۆزێک غیرەت! ئەی زینوسی خوای گەورەی یۆنان! ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە دڵی شکاندووین، ئەوەندە قەشمەری پێکردوون، ئەوەندە سوکو ڕەزیلیکردوون، ئەوەندە بێدەسەڵاتو بێ هینی کردووین دەمەوێت بە چەکوشەکەت دڵی دەسەڵات ووردوخاشکەم! دەمەوێت پێبڵێم سوکایەتیکردن بە تەنها کەسێک ئازایەتی نییە! بەڵام سوکایەتیکردن بە شکۆی گەلێک تاوانە، تاوان! ئەی زینوسی گەورە چەکوشەکەتم بەرێ تاکو دڵی دەسەڵات ووردوخاشکەم.    
                               

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×