له‌به‌رامبه‌ر هاوسه‌رۆكه‌كانی یه‌كێتیدا ..!
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵا
2020-02-21   1004
هه‌ندێ له كه‌ناڵه‌كانی میدیا‌و ئه‌وانه‌ی چاودێریی دۆخی یه‌كێتی ده‌كه‌ن، چاوه‌ڕوانن كه به‌هۆی رووداوی هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌رۆكه‌كانی ئه‌م هێزه‌وه، كاردانه‌وه له‌ناو كۆمه‌ڵێك كاراكته‌ری یه‌كێتیدا بێته ئاراوه، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌نجوونی باڵای سیاسیی حزبه‌كه‌و هه‌ندێ له ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌و، هه‌روا سه‌رۆك كۆمار/جێگری پێشووی سكرتێری گشتیی ئه‌م هێزه‌وه.
ئه‌م چاوه‌ڕوانییه، تا ڕاده‌یه‌ك، زیاد له قه‌باره‌ی خۆی، فووی تێكراوه!، هۆكه‌شی ئه‌وه‌یه كه، به سروشتی حاڵ، رووداوی پشت په‌رده‌و زانیاری نه‌بیستراو، زۆرجار، خۆبه‌خۆ، ده‌رگا ته‌نانه‌ت بۆ واته وات(إشاعات)یش ده‌كاته‌وه، چ جای ئه‌و شرۆڤه‌و پێشبینییانه‌ی كه دیققه‌تیان تیا ره‌چاو ناكرێ!.
سه‌ره‌تا، پێویسته بوترێ، ئه‌و دوو گه‌نجه‌ی كراونه‌ته هاوسه‌رۆك (لاهور، 45 ساڵ) و (بافڵ، 47 ساڵ)، دوو كه‌سی دوور نین له هه‌ردوو جێگری پێشووی سكرتێری گشتییه‌وه. ئه‌وان، هه‌ردووكیان، له‌به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌كانی، خۆیان وته‌نی، برا گه‌وره‌دا(كۆسره‌ت ره‌سول)، تا ئێستا، قسه‌یه‌كی به‌رزو نزمیان نه‌وتووه. له گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح –یشدا بۆ ناو یه‌كێتی و پاشان گه‌یاندنی به كۆشكی كۆماری، رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان هه‌بووه.
له‌وه‌ش زیاتر، له كۆنگره‌ی (4)دا، هه‌ردوو جێگری پێشووی خوالێخۆشبوو مام جه‌لال، خرانه سه‌رو ده‌نگدانی نهێنییه‌وه‌و هه‌ریه‌كه‌و پێگه‌ی خۆیان بۆ سه‌لمێنرا، چونكه له‌كۆنگره‌ی(3)شدا(2010)، له‌سه‌ر داوای تاڵه‌بانی خۆی، هه‌مان رێز له‌خه‌بات و توانایان گیراو، بێ ده‌نگدانی نهێنی، به جێگرانی سكرتێری گشتی، ده‌ستنیشان كران.
ئه‌مه‌ی دواین كۆنگره‌ش قورس بوو رووبدا به‌بێ رۆڵی كوڕ‌و برازه‌كه‌ی تاڵه‌بانی، بگره كۆمه‌ڵێك به‌رپرسی تریش له كۆنگره‌دا نه‌ده‌گه‌شتنه ئه‌ندامێتیی سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كه به‌بێ جۆرێك له لێكگه‌یشتنی ناوخۆیی كه هاوسه‌رۆكه‌كانی ئێستا جه‌مسه‌ری سه‌ره‌كیی ناوی بوون.
جگه له‌وه، لاهور و بافڵ، لانیكه‌م، تا ئێستا وا ده‌رئه‌كه‌ون كه نایانه‌وێ به كه‌متر له مه‌رجه‌ع سه‌یری پێگه‌ی كۆسره‌ت ره‌سول بكه‌ن له‌ناو یه‌كێتیدا. له‌سه‌ر داوای ئه‌و، كۆبوونه‌ی سه‌ركردایه‌تی راگیرا!، زوو زووش، وه‌ك رابردوو، خۆیان ده‌كه‌ن به ماڵه‌كه‌یداو كۆنتاكت و گفتوگۆیان هه‌یه، ره‌نگه تاقه داوایان ئه‌وه‌بێ، برا گه‌وره به چاوی یه‌كسان سه‌یری هه‌موو یه‌كێتییه‌كان بكات و هیچیتر. بۆ به‌رهه‌م ساڵحیش، ئه‌گه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی هاوسه‌رۆكی و هاوكات داوای ته‌نها راسپاردنی خۆی له سه‌رۆكایه‌تیی حزبه‌كه، به‌بێ جێگر، نه‌بووایه، ئه‌وا ره‌نگه ئێستا، لانیكه‌م، یه‌كێك بووایه له هاوسه‌رۆكه‌كان، یان هه‌ر خۆی سه‌رۆك بووبا به جێگرایه‌تیی دوو هاوسه‌رۆكه‌كه‌ی ئێستا.
ره‌نگه هه‌ر ئه‌و مه‌رجانه‌و فشاری كات، ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌م هێزه‌یان مه‌حكوم كردبێ كه له‌ژێر ره‌خنه‌ی جه‌ماوه‌رو میدیادا، هه‌م سیسته‌می هاوسه‌رۆكیی له په‌یڕه‌ودا بچه‌سپێنن، هه‌م ده‌رگای خۆ پاڵاوتنیشی بۆ بكه‌نه‌وه‌و له‌وه زیاتر درێژه به كۆبوونه‌وه‌كان نه‌درێ كه ببوونه جێی ره‌خنه‌و بگره تانه‌و نوكته‌ش!.، له‌و پرۆسه‌یه‌دا، رێگریی یاسایی و په‌یڕه‌وییش له‌ئارا نه‌بوو كه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو كه‌سه، سه‌ركرده‌ی تریش خۆی بۆ هاوسه‌رۆكی كاندید بكات، بۆیه، ئاكام ئه‌وه‌بوو، ئه‌و دوو كاراكته‌ره، لاهور و بافڵ، به زۆرینه‌ی ده‌نگ(93 له 124)، واته به رێژه‌ی(75%)ی ده‌نگی سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌یان، بوون به هاوسه‌رۆك.
ئێستا ئه‌مه ئیتر بۆته رووداو و واش ئه‌خوێنرێته‌وه كه بوار بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی، یان سوودی ره‌تكردنه‌وه‌ی نه‌مابێت. كاتێك هێزێكی وه‌ك پارتی دیموكرات، كه ره‌نگه زۆریش ئاسووده نه‌بێ به رووداوه‌كه، رێز له ئیراده‌ی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تیی هێزه ركابه‌ره‌كه‌ی بگرێ كه هه‌ڵبژێردراوی كۆنگره‌ی(4)ن و له‌رێی سكرتێری(م.س)ی خۆیه‌وه پیرۆزبایی له هاوسه‌رۆكه‌كانی یه‌كێتی بكات، ئه‌وا پێناچێ كاردانه‌وه ناوخۆییه‌كانی ئه‌م حزبه خۆی، له پیرۆزبایی و داننان به‌وه‌ی روویداوه كه‌متر بێ، ته‌نها ئه‌مێنێته‌وه، ده‌ست و پێوه‌ندی ناو جه‌مسه‌ره‌كانی ئه‌م هێزه، بۆ خۆ بردنه پێشه‌وه!، یه‌كتر ئیستفزاز نه‌كه‌ن!.
رووداوه‌كه بۆ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاسییش هه‌روایه. مه‌لا به‌ختیار، وه‌ك كاراكته‌رێكی دیار،(40)ساڵه بانگخوازی دیموكراسییه، پێشبینی ناكرێ دژی هه‌ڵبژاردنی دیموكراتییانه‌ی هاوسه‌رۆكه‌كان بێت، به‌تایبه‌تی كه خودی خۆی، باپیری مناڵی یه‌كێك له هاوسه‌رۆكه‌كانه، تێكه‌ڵ به ماڵی تاڵه‌بانیش بووه‌و رێزی زۆریش له هیرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌گرێت و هۆكاری تریش!. عه‌دنان موفتیش، له هیچ سه‌رده‌مێكدا نه‌بیستراوه كه شه‌ڕی له‌سه‌ر پۆست و ده‌سه‌ڵات كردبێ، ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌شی له هه‌ردوو كاره‌كته‌ره گه‌نجه‌كه‌ش هه‌بێ كه هه‌یه‌تی!، ره‌تیان ناكاته‌وه، ئه‌رسه‌لان باییزیش، له‌گه‌ڵ تێكچوونی یه‌كڕیزیی حزبه‌كه‌یدا نییه، بۆ دلێری سه‌ید مه‌جیدیش، ئه‌و، وه‌ك ئه‌وترێ، برای مه‌سڵه‌حه‌ت و سازانه، ئه‌و ته‌نانه‌ت له‌گه‌رمه‌ی ململانێی توندی نێوان یه‌كێتی و گۆڕاندا، پێی له ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌ده‌بڕی و وته تونده‌كانیشی قبوڵ بوو!.
هه‌رچی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده، به‌هۆی باری ته‌ندروستیی خۆیه‌وه، له‌ناو رووداوه‌كاندا نییه، به‌ڵام – به‌پێی زانیاریی من – پێی گه‌یشتۆته‌وه‌و دڵی به رووداوه‌كه خۆشه. حاكم قادر‌و شێخ جه‌عفه‌ریش، دواجار سه‌یری هه‌ڵوێستی ئه‌ندامانی تری ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاسی ده‌كه‌ن و ره‌نگه زیاتر دژی لۆژیكی په‌راوێزخستن و به كه‌مگرتنی دێرینه‌كان و ئه‌نجوومه‌نه باڵاكه بن و هیچیتر.
له‌پێش ئه‌وانیشه‌وه، به‌رهه‌م ساڵح، پێویستیی به به‌رده‌وامیی پاڵپشتیی هاوڕێكانێتی له‌حزبدا بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌رۆكایه‌تیی كۆماردا پشتئه‌ستوور بێت، پاشان ئه‌و خۆی كاریگه‌ره به كولتورێكی لیبراڵ دیموكراتی ئه‌مریكی و پێناچێ دژی میكانیزمه دیموكراتییه‌كان بێ، به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه‌ی من زانیاریم هه‌بێ، پیرۆزبایی بۆ هه‌ردوو هاوسه‌رۆكه‌كه ناردووه‌و ره‌نگه سه‌ردانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی تازه‌ش بكات كه خۆی ئه‌ندامه تیایدا.
له‌هه‌موو بارێكدا، بۆ ئه‌وه‌ی لاواز نه‌بن و مسداقییه‌تی زیاتر نه‌دۆڕێنن، یه‌كێتییه‌كان، ناچارن، پێكه‌وه هه‌ڵبكه‌ن. ئه‌وان ده‌توانن ئه‌زموونی هاوسه‌رۆكایه‌تی، وه‌ك ده‌زگاكانی تر، بخه‌نه ژێر چاودێرییه‌وه، هاوئاهه‌نگی له‌نێوان ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاسیی حزبه‌كه‌یاندا دروست بكه‌ن، دامه‌زراوه‌كان به‌هێز بكه‌ن له‌جیاتی ئه‌وه‌ی كاراكته‌ره‌كان پیرۆز بكه‌ن. ده‌شتوانن، وه‌ك ره‌مزێكی سیاسی، قه‌دری تایبه‌ت له سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای حزبه‌كه بنێن، به‌وه‌ش، پێكه‌وه، تا خولی داهاتوو، ئه‌م قۆناغه نوێیه‌ی حزبه‌كه له خزمه‌تی گشتی و چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، ئاراسته بكه‌ن. ئه‌وان ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌ن، سه‌رله‌به‌ر زیان ده‌كه‌ن و پێگه‌شیان له‌ناو خه‌ڵكی كوردستان و نه‌ته‌وه‌ی كوردیشدا مه‌ترسیی زیاتری بۆ دروست ده‌بێت.