چەند پەیڤێک لە ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا

رەوا هەژار
  2024-05-19     384

مردنی نەوشیروان مستەفا ھێمای کۆتایی ھاتنی مۆدێلێکی دیاریکراوی سەرکردەی سیاسی کاریزما بوو، کە بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای شەرعیەتی مێژوویی توانای وروژاندنی ھەستی مرۆڤی کوردی ھەبوو. بۆ زۆر کەس نەبوونی ئەو بۆشایییەکی ھێندە زەقی بەجێھێشتووە، وەک ئەوەی ڕزگارکەرێکی زۆر گەورە و بێ جێگرەوەیان لەدەستدابێت. ئەم زۆرینەیە تا ئێستاش لە دۆخی ماتەمینی گێڕان و لاواندنەوەدان، ئەم دۆخەش وایکردووە کە لە نەبوونی ئەودا بەردەوام ھەست بە بێدەسەڵاتی و بێ بایەخی سیاسی خۆیان بکەن. بە بڕوای من ئەم عەقڵیەتە مەترسیدارە لە کۆن و نوێدا گەورترین بەربەستی بەردەم گۆڕانکاری کۆمەڵگەی ئێمە بووە، چونکە گۆڕانی ڕاستەقینە تەنھا کاتێک ڕوودەدات کە ئەم جۆرە ھەڵوێستانە بگۆڕدرێن بۆ بینینی ئەو ڕاستییە واقیعییەی کە دەسەڵاتی ڕاستەقینە ھەمیشە لە دەستی خەڵکدایە، و ھەر دەبێت داھێنان و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و کاری مەیدانی لە ئاستی بنەڕەتییەوە سەرھەڵبدات، نەک لە چاوەڕوانی کەسایەتییەکی فریادڕەسدا.

نەوشیروان سەرکردەیەکی سیاسی بوو کە شوێنکەوتوویەکی زۆری ھەبوو، و ھەمیشەش لەلایەن زۆرێک لە شوینکەوتووەکانیاوە  وەک فریادڕەسێکی گەورە سەیر دەکرا. بۆ کەسێک کە چاودێری دیمەن و ڕووداوە سیاسییەکانی جێگەیەکی وەک سلیمانی بێت، ئاگاداری ئەو گروپە جیاواز و بچووک و فرەڕەنگانە ھەیە کە لە دوای مردنی نەوشیروانەوە درووستبوون و ئایدۆلۆژیا و مانیفێستی سیاسی جۆراوجۆری خۆیان ھەیە، و ھەموویان چالاکانە لە ھەوڵی دامەزراندنی شوناس و دەستنیشانکردنی توانا سیاسییەکانی خۆیاندان. زۆرێک لەم جۆرە گروپانە، پێش مردنی نەوشیروان دەرفەتی بوونیان نەبوو، لێ ئێستا بوونیان ھەیە و تەواو دڵنیان کە لە خۆیان زیاتر ناکرێت چاوەڕێی ھیچ ڕزگارکەرێک بکەن و دەبێت خۆیان ڕێگای خۆیان بدۆزنەوە.

ئەم گۆڕانکارییە بەرچاوە لە دیمەنی سیاسی ئێمەدا، پێموایە، یەکێکە لە دەرەنجامە زۆر ئەرێنییەکان دوای مردنی کەسایەتییەکی سیاسیی ھەژموونخوازی وەک نەوشیروان مستەفا. لە چلەکانی سەدەی ڕابردووە تا ئێستا بۆ یەکەمین جارە مرۆڤی کورد ناچارە لە ڕووی سیاسییەوە خۆی ببێتە سەرکردەی خۆی، چوونکە دەزانن ھیچ ڕزگارکەرێک لە جیھانی دەرەوەی خۆیان بوونی نییە. من ئەم دیمەنە بە چارەنووسسازترین گەشەسەندنی دیمەنی سیاسی دوای نەوشیروان مستەفا دەبینم.

بەڵام ھێشتا کێشەیەکی گرینگ لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پێویستی بە چارەسەرکردن ھەیە. دەبێ "مردنی" ڕاستەقینەی نەوشیروان مستەفا و تەواوی ئەو مۆدێلە سیاسییەی کە ئەو وەکو کۆتا میراتگری ئەو نەوە سیاسییە نوێنەرایەتی دەکرد، بە شێوەیەکی ڕەمزی ڕووبدات. لەم پرۆسەیەدا دەبێت قسە لەسەر سڕینەوە یان ئینکاری ڕابردوو نەبێت بەڵکو پەیوەندی بە نوێ بوونەوەیەکی بنیاتنەرەوە ھەبێت بۆ دروستکردنی سەرەتایەکی سیاسی نوێ. کاتی ئەوە ھاتووە لە مێژوومان فێربین و ڕێگا بۆ سەردەمێکی نوێ خۆش بکەین، لە شوێنکەوتووبوونەوە بگۆڕێین بۆ بوون بە سەرکردە. کاتی ئەوە ھاتووە کە فێربین مردووەکانمان بنێژین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×