دەنگنەدانی فراکسیۆنی یەکێتی بە نێچیرەڤان بەرزانی کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەرئەنجامی ئەو هاوکێشە و ئاڵۆزیانەیە کە ناوچەکە ڕووبەڕووی بۆتەوە، سەنگەربەندی ئێران و ئەمەریکا بۆ پاوەنخوازی دەسەڵات و کۆنترۆڵی بەرژەوەندییە ئابوری و چینایەتیەکانیان کە قوربانیەکەی خەڵکی زەحمەتکێش و هەژارانی ناوچەکەن، چەقی ئەم ململانییە.
دەنگنەدانی فراکسیۆنی یەکێتی و نوکی مووشەکەکانی حوسیەکان لەیەمەن لە جەمسەربەندیەکی ناوچەیدا هەڵپێکراون، وەک چۆن بەسەرۆک بوونی نێچیرەڤان و کەشتیە سەربازییە زەبەلاحەکانی ئەمەریکا ئاوێتەبوون لە کەنداودا.
ئێران و ئەمەریکا وەک دوو دەوڵەت و دوو هیزی ناوچەی و جیهانی کە بە خوێن و نەوت و سەرمایەگوزاری درێژە بەتەمەنی ستەمکاریان دەدەن، هەموو کارتە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان بەرانبەر بەیەکتر بەکاردەهێنن ئەگەر زۆر بچوکیشبن ، وەک بایکۆتی یەکێتی و بەسەرۆک بوونی نێچیرەڤان.
دەنگنەدانی فراکسیۆنی یەکێتی هیچ نزیکایەتیەکی لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵک و هەڵوێستێکی ئینسانی و مەبدەئیەوە نیە، وەک چۆن بەسەرۆک بوونی نێچیرەڤان بەرزان بێجگە لە قایمکردنی کۆڵەکەیەکی تری پارتی لە قەڵەمڕوەی زۆنە زەردەکەی خۆیدا شتێکی تر نیە.
دەنگنەدانی فراکسیۆنی یەکێتی بە نێچیرەڤان مانای دەستبەردابوون نیە لە شەراکەتی دەسەڵات، هەروەک چۆن هێزە سەرمایەدارە جیهانیەکان و دەوڵەتە ناوچەیەکان ستراتیژێک و ئایندەیەکی ڕۆشن و دیاریکراویان نیە بۆ داهاتووی کۆمەڵگا.
سەرمایەداران لەهەر سوچێکی ئەم جیهانەدابن وەک تۆڕێکی جاڵجاڵۆکەی و وەک ماشێنێکی زەبەلاح و چەوسێنەر، سەرەڕای کێشمەکێش و ململانێی خیزانی ناو چینەکەیان، بەڵام بەسەدان زنجیری بەرژەوەندی هاوبەش و چارەنوسسازەوە پێکەوە بەسراوان.
کۆکتێلی ئەم دوو هێزە و هاوپەیمانەکانیان، هیچ نین بێجگە پرۆژەیەک بۆ بەئامێرکردنی ئینسان و هەڵخراندنی وەک جەستەیەک بۆ قازانج و سەرمایەگوزاری، بزوتنەوەی کوردایەتی و حیزبەکانی لەشەڕدا خوێنی خەڵک دەڕژن و لە ئاشتیدا خوێنی خەڵک دەمژن.
هەر خۆشباوەڕیەک بەم گەمە و گاڵتەجاڕیەی ئەم بازرگانانە، زنجیرەکانی گەردن و مل و دەستمان توندتر دەکەن و ئاسۆکانی ڕزگاربوونمان لەم فاشیستانە دوور تر و قورس تر دەکات.