ھەرێمی کوردستانو پرسیار لەسەروەری یاسا؟
عومەر عەلی محەمەد
2019-01-22   1065
لەھەر کۆمەڵگەیەکدا ھاوڵاتیان لەبەر ئەنجامی بوونی جیاوازی، لەڕووی بەرژەوەندی و ئایدۆلۆژیا و ئایین و چەندان شتی تر، تووشی ئاڵۆزی و پێکدادان و گرفت دەبن، ئەم حاڵەتەش ئەگەر بەشێوازی یاسا و گەڕانەوە بۆ مەرجەعیەتێکی یاسایی نەبێت، بەرەو توندوتیژی و شەڕ و پێکدادان دەڕوات، ھەر کۆمەڵگەیەکیش بۆ چارەسەری کێشەکان لەو ڕێگەیەوە ھەنگاو ھەڵبگرێت، بە کۆمەڵگەیەکی ھەڵوەشاو و دواکەوتو و تووندوتیژ ناودەبرێت، چونکە ئەو ئاراستەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ گرفتەکاندا دەرگاکانی ئاشتی و دادپەروەری و چەسپاندنی یاسا دادەخات.
لەم کاتەدا پێوەری تر دێتە ئاراوە کە بەرەو ستەمکاری و توندوتیژی و تاکڕەوی ھەنگاو دەنێت، گروپێک خۆی بە خاوەنی مافی ڕەوا دەزانێت و بۆ ئەو مەبەستەش بەکارھێنانی ھەموو ھۆکارێک بە شەرعی لەقەڵەم دەدات.
لەبەرئەوە بۆ رێگرتن لەقوڵبونەوەی کێشەکان و گێڕانەوەی بۆ ئاراستەی سروشتی خۆی، پێویستە کۆمەڵێک پێوەر و بنەما ھەبن کە کۆمەڵگە بە ھەموو چین و توێژەکانیەوە بۆی بگەڕێتەوە لەپێناو رێکخستنی سلوکی کۆمەڵایەتی و رێگرتن لە پێکدادان و توندوتیژی و گێڕانەوەی مافە ڕەواکان بۆ ھەر تاکێکی کۆمەڵگە.
لەھەرێمی کوردستاندا ھەموو پارتە سیاسیەکان و رێکخراوەکان ئەگەر سەیری پەیڕەو و پڕۆگرامەکانیان بکەین جەخت دەکەنەوە لەسەر پاراستنی یاسا و رێزگرتنی، بەڵام لەکاتێکدا کە کێشەیەک دروست دەبێت ئەو مامەڵە و رەفتار و ھەڵسوکەوتانەی کە دەیکەن، تەعبیر ناکات لە ئەو دیدوبۆچوونەی کە ھەڵیانگرتووە، چونکە رێزگرتن لەیاسا نابێت تەنھا مەرەکەبی سەر کاغەز بێت، بەڵکو دەبێت ھەڵسوکەوتی رۆژانە و بەتایبەتیش لەکاتی ڕووداوەکاندا تەعبیر بێت لەپابەندبوون بە یاساوە.
توێژەرێکی بەناوبانگی وەک (روسکو بارند) دەڵێت: (یاسا ئەندازیاری کۆمەڵایەتییە کە لەڕێگەیەوە پەیوەندییە مرۆییەکان رێک دەخرێت لەکۆمەڵگەیەکی رێکخراو لەڕووی سیاسیەوە).
چونکە یاسا ھەڵدەسێت بە پاراستنی یەکپارچەیی کۆمەڵگە و پاراستنی لەپارچەبوون، ئەویش لەڕێگەی دەستەبەرکردنی ئازادی و دادپەروەری و ئاسایشەوە دەبێت.
ئەگەر سەیری ھەرێمی کوردستان بکەین سیستمە سیاسیەکەی لەبازنەیەکی داخراودایەو گەشە ناکات، چونکە ھێزە باڵادەستەکان ئەو ھەنگاوە ھەڵناگرن کە دەست ھەڵبگرێت لەبەرژەوەندییە بچوکەکان و لەپێناو بەرژەوەندی گەورەی نیشتیمان و نەتەوەیدا مامەڵە بکەن، ئەمەش وایکردووە کە یاسا لەھەرێمی کوردستان و دادگاکان و مەرجەعیەتە باڵاکان لەپەراوێزدا بن.
بەمەش رۆژ بە رۆژ پیرۆزی یاسا لەبەردەم ھاوڵاتیاندا لاواز دەبێت و ئەو سەنگەی خۆی لەدەستدەدات، چونکە ئەوانەی لەدەسەڵاتدان بەتایبەتی پارتە دەسەڵاتدارەکان، یەکەم کەسن کە دەبێت شکۆی یاسا بگێڕنەوە و پابەندبن پێی و لێی لانەدەن.
لە کوردستاندا سەرەڕای ئەوەی کە دادگاکان و پارێزەرەکانی وەک مەرجەع دادەنرێن بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ھەتا ئێستاش نەیانتوانیوە لەکێشە گەورەکاندا بێلایەنانە مامەڵە بکەن و ئەوانیش لەدەست تێوەردانی حیزب بە دوور نەبوون، ئەمەش بۆتە ھۆی ئەوەی کە لەلایەک ھاوڵاتی سادە و بێ پشت بەردەوام لە ترسدا بێت، دووەمیان ئەوانەی کە تاوان ئەنجام دەدەن ھەوڵبدەن پاڵپشتێکی حیزب بەتایبەت حیزبە دەسەڵاتدارەکان بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، چونکە لەو رێگەیەوە پارێزراو دەبن و خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی دادگا دەرپارێزرێن، ئێستا لەکوردستاندا سەدان دۆسیەی تاوان ھەیە ھەر لە دۆسیەکانی گەندەڵیەوە بیگرە ھەتا خیانەتی نیشتمانی و چەندانی تر، بەڵام لەبەرئەوەی کە یاسا بەو جۆرەی کە پێویستە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت نیە، نەتوانراوە ئەوکەسانە بھێنرێتە بەردەم دادگا.
بەردەوامبوونی ئەم ڕەوشە بەم شێوەی کە ئێستا ھەیە بە مەترسی گەورە دادەنرێت بۆ ئایندەی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەگەر کار بەم شێوە بڕوات کە ئێستا ھەیە، رێژەی تاوان ڕوو لە زیادبوون دەکات و ئاستی توندوتیژی بەرزدەبێتەوە و تەنانەت مەترسی ئەوەش دەکرێت کە شەڕی خوێناوی لەنێوان پارتە خاوەن دەسەڵاتە سەربازی و ئەمنییەکاندا ڕووبدات.
ئەو کێشانەی کە لەدوو ھەفتەی ڕابردوودا روویاندا لەنێوان یەکێتی و پارتیدا لەگرتنی لایەنگرانی یەکتر و ئەو لێدوانانەی کە بەرپرسانی ھەردوولا دایان لەسەر ئەم دۆسیەیە مایەی نیگەرانی بوون، چونکە ئێستا لەھەرێمی کوردستاندا کە دادگاکان و وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش و پەرلەمان و حکومەت ھەیە و سەر بەخۆیانن، چۆن دەبێت جارێکی تر مەڵبەند و لق و بەرپرسی حیزبی بێت قسە لەسەر کێشە و ڕووداوەکان بکەن.
ئایا کە ئەوان خۆیان بە خاوەنی ئەو دەزگایانەن چۆن دەبێت کێشەکان بەلاڕێدا ببرێن و لەبەرامبەر کەسێک کە بە ئەنجامدانی تاوانێک رووبەڕووی یاساکراوەتەوە، لەزۆنێکی تر کەسێک دەستگیر بکرێت و بکرێتە کارتێکی فشار بۆ بەردانی، ئایا ئەمە گەڕانەوە نیە بۆ یاسای سروشت، یان بڵێم دادگاکانی خێڵ، ھەروەک ئەوەی ئێستا لە عێراقدا ھەوڵی گەڕانەوەی بۆ دەدرێت؟