هێزە شاراوەكەی دیاسپۆڕای کوردستانی!

کارۆخ خۆشناو
  2023-12-27     492

كۆمەڵانی دیاسپۆڕا هەمیشە هێزێکی گەورەی نەتەوەیی و کاریگەرن بۆ گەل و نیشتمانەکەیان لە وڵاتی دووەمیان، كە دەتوانرێت لە هەموو کاتێکدا لەسەرجەم ئاستەکانی ئابووری، سیاسی، دیپلۆماسی و کەلتووری هاوکار و پشتیوانی میللەتەكانیان بن. دیاسپۆڕاکانی نەتەوەکانی خاوەن دەوڵەتی وەک (یۆنانی، ئیتالی، ئەرمەنی، جوو، تورک و لوبنانی) هەروەها نەتەوەکانی بێ دەوڵەتی وەک (باسک، کەتەلۆنیا، سکۆتلەندا، تامیل و...هتد) نموونەی دیار و بەرچاوی ئەم بۆچوونەن.

بەهۆی كۆمەڵێك هۆكار و قەیرانی مەزن، بەتایبەتی سیاسەتی داپڵۆسێنەری دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستانەوە، سەدان هەزار کوردستانی لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بە ناچاری نیشتمانی ڕەسەنی خۆیان جێهێشتووە و بوونەتە پەنابەر لە سەرتاپای جیهان، بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکا، کەندا، ئوستراڵیا..هتد. وڵات هەیە دەیان و بگرە سەدان هەزار هاونیشتمانی كوردستانی لێگیرساوەتەوە، بەمەش ڕەوەندی کوردستانی لە ڕووی ژمارەوە، بە تایبەتی لەو سی تا چل ساڵەی دواییدا، گەشەکردنێکی فراوانی بەخۆییەوە بینیوە.

دیاردەیەكی ئاساییە كە نەوەی یەکەمی دیاسپۆڕای کوردستانی، وەك هی هەر میللەتێكی دیكە كە بۆ یەكەمجار كۆچ دەكەن، تەرکیزیان بە پلەی یەكەم دەچێتە سەر جێگیربوون و زامینكردنی بژێوی ژیان و هاوكاریكردنی خانەوادەكانیان لە كوردستان، لەگەڵ خۆگونجاندن لەگەڵ یاسا و کەلتووری وڵاتە نوێیەكە. ئەگەرچی توانای ئەو نەوەیە بۆ ئاوێتەبوون لەگەڵ كۆمەڵگا نوێیەكە سنووردارە و زاڵبوون بەسەر بەربەستەكانی سەركەوتندا، كارێكی ئاسان نیە، لەگەڵ ئەوەشدا رێژەیەكیان، ئەگەر كەمینەش بن، سەركەوتوو بوونە و توانیویان خزمەت بە كۆمەڵگاكانیان لە هەردوو دیوی كوردستان و هەندەران بگەیەنن.

نەوەی یەكەمی دیاسپۆڕای كوردستانی زادە و پەروەردەی كوردستانن و بەوپەڕی دڵسۆزیەوە بەردەوام لە خەمی نیشتمانەکەیاندا بوونە و لەکاتی کارەسات و ڕووداوە ناخۆشەکاندا هەوڵی بێوەچانیان داوە بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی کوردستان بە ڕای گشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و میدیاکانی جیهان. بەڵام مخابن کاریگەرییەكانیان لەسەر پێشهاتە گرنگەكان و راكێشانی سۆزی کۆمەڵگە نوێیەکانیان بۆ كوردستان و كارتێكردنی چارەنووسی گەلەکەیان هەر بە سنوورداری ماوەتەوە. ئەمەش بەشێكی پەیوەستە بە بەربەستە مەزنەكانی بەردەم پەناهەندەكانی نەوەی یەكەم لە وڵاتێكی بێگانەدا، یان بە تێنەگەیشتن لە پڕۆسەی بڕیاردان لەنێو سیستەمی سیاسی و کارگێڕی وڵاتانی رۆژئاوا. بەشێكیشی بەیوەستە بە لێكدابڕان و پەرتەوازەیی كۆمەڵایەتی و سیاسی رەوەندی كوردستانی بەهۆی خۆبەستانەوەیان بە رەوتی رووداو و دینامیکیەتی سیاسی ناوەكی كوردستانەوە. ئەو رەوەندە وەك بڵێی درێژكراوەی كۆمەڵگاكانی ناوەوەیە، هەمیشە کێشە و ململانێ وجەمسەرگیریەکانی ناوخۆی وڵاتیان گواستووەتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی تێیدا نیشتەجێبوون. ئەمەش وایکردووە هاوشێوەی ناوخۆی کوردستان، دیاسپۆڕای کوردستانی لە وڵاتانی دەرەوەش دووچاری پەتای دابەشبوون و پەرتەوازەیی بن و بەهۆیەوە نەتوانن لە دەوری دۆزە مەزنە هاوبەشەكەیان كۆ ببنەوە و كاری لۆبی هەرەوەزی لە چوارچێوەیەكی گشتگیردا ئەنجام بدەن. بۆیە سەرباری هەوڵ و چالاكی حیزبی یان رێكخراوەیی نیو كۆمەڵگای مەدەنی، كەچی كاریگەرییان لەسەر ڕەوتی رووداوەكان و سیاسەتی وڵاتەكانیان لە ئاستی قەوارە و ژمارەی دیاسپۆڕاكەدا نەبووە.

جێگەی دڵخۆشییە کە ئێستا نەوەی دووەم و سێیەمی دیاسپۆڕای کوردستانی پێگەیشتوون و زیاتر ئاوێتەی کۆمەڵگەکانی خۆیان بوون و وەك هەر هاوڵاتیەك پەرە بە توانستەکانی خۆیان لە بواری فێربوون، خوێندن و کارکردن دەدەن. ئەوانە وەك خاوەنماڵ و بەشێکی کاریگەر لە کۆمەڵگا و لەگەڵ کەلتوور و فەرهەنگی وڵاتەكەدا گەشەیان كردووە. زۆرینەیان لە ڕێگەی خوێندن، سیاسەت، هونەر، ئەدەب و بزنسەوە توانیویانە جێپەنجەیان دیاربێ و بگرە رۆڵی سەركردەیان تێدا ببینن. بێگومان ئەوانە بە شێوازێکی جیاواز لە نەوەی یەکەم بیر دەکەنەوە، پێوەر و نۆڕمی ئەو وڵاتانە شارەزاترن و توانای كارتێكردنیان لەسەر سیستەمی بڕیارداندا زیاترە. ئەوانە دەتوانن ڕۆڵی گەورە لەمەڕ دۆزە مەزنەكەی كوردستاندا ببینن، بەتایبەتی ئەگەر توانستەکانیان کۆبکرێنەوە و ئاڕاستە بکرێن. ئەوەش پرسیارە مەزنەكەیە، ئایا چۆن ئەو توانا شاراوەی رەوەندی كوردستانی لە هەندەران بەدەربخرێت و بە دید و ستراتیژ و رێچكەیەكی نیشتیمانیەوە ئاراستە بكرێت.

دیارە پێشتر هەوڵدراوە كە لۆبی كوردستانی لە هەندەراندا رێكبخرێت یان هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەبێت، بەڵام تائێستا ئەو هەوڵانە پچڕ پچڕ بوونە و بەردەوامێتیان نەبووە. تا ئێستا هیچ لایەنێك نەیتوانیوە چوارچێوەیەك و بەرنامەیەكی هاوبەش بێنێتە كایەوە كە هەوڵە جیاوازەكان لەخۆ بگرێ یان گوڕێكی نوێ بداتە گەنجانی نەوەی دووەم و سێیەم کە لەو وڵاتانە لەدایکبوون و گەورەبوون. هاوكات بەحزبیکردنی کارو چالاکییەکانی دیاسپۆڕای کوردستانی هۆکارگەلی بەرچاون بۆ سەرنەکەوتنی ئەو هەوڵانە.

خۆشبەختانە، بەو دواییە هەوڵێکی نوێ، بە هەستێكی نوێ هاتووەتە كایەوە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی لۆبی كوردستانی و بۆ کۆکردنەوەی کوردستانیانی دەرەوە لە ژێر چەتری یەک دامەزراوەی نیشتمانی بەهێز و کاریگەر ئەویش (کۆنفیدڕاسیۆنی دیاسپۆڕای کوردستانی)ە بەو ئامانجەی كە ببێتە هۆكارێك بۆ بەهێزکردنی لۆبی کوردستانی و باشتر ئاڕاستەکردنی دیاسپۆڕاكە.

ئەم دامەزراوەیە هەوڵدەدات بە ڕووحیەتێکی بەهێزی نیشتمانی و دوور لە ئینتیمای حزبی و کەسی کاربکات. بێگومان ئەو جۆرە هەوڵە دەرفەتێکی زێڕین دەرخسێنێت بۆ بەگەڕخستنی توانستی دیاسپۆڕای کوردستانی و دروستکردنی لۆبییەکی بەهێز و کاریگەر بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی خاک و گەلی کوردستان لە ڕووداو و پێشهاتە نوێیەکاندا، کە چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاری گەورە لە سیستەمی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبردنی ململانێکانی جیهان بێتە ئاراوە.

هیچ كاتێك درەنگ نیە کە هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین هاونیشتمانی دیاسپۆڕا لە ژێر چەتری ئەم دامەزراوە نیشتمانییەدا و پێسپاردنی ئەركی پلاندانان و هەماهەنگیكردن تیایدا بە کەسانی چالاك و کاریگەر و خاوەن ئەزموون. خەڵكانێك كە لەتوانایاندابێ، دوور لە ئایدیۆلۆژیایەكی دیاریكراو یان جەمسەرگیری حیزبایەتی، دامەزراوەکە بەنیشتیمانی بكەن و بیكەنە پلاتفۆرمێك بۆ سەرجەم دیاسپۆڕای کوردستانی بە هەموو نەتەوە، ئایین، پێکهاتە و ئایدۆلۆژیاكانەوە. بە دەستەجەمعی، هەوڵی زامینكردنی سەرچاوەی دارایی بۆ بدەن، لە رێگەی كۆمەكی بێمەرجەوە، هەتا سەربەخۆیی رێكخراوەكە و بڕیارەكانی بپارێزن. لەگەڵ ئەمانەشدا پێویستە كوڕ و كچانی نەوەی دووەم و سێیەمی دیاسپۆڕای کوردستانی رۆڵی كاریگەری تێدا بگێڕن و بۆندی ئەوانەش لەگەڵ نیشتیمانە گەورە هاوبەشەكەمان پتەوتر بكرێ.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×