(تڕەمپ و سەدر) دوو کارەکتەری سیاسی ناوازە و سەرنج ڕاکێشن وەک دەڵێن (مع الفارق)، باسکردنی خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانی ئەم دوو کارەکتەرە قسە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام لێرەدا تەنها تیشک دەخەینە سەر ڕووداوێکی هاوشێوە، ئەویش هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا و پەرلەمانی عێڕاق، لەلایەن لایەنگرانی (تڕەمپ و سەدر)ەوە.
تڕەمپ ناڕازی بوو لە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن و پێی وابوو کەوا لە هەڵبژاردنەکاندا تەزویر کراوە و دەنگەکانی لێ دزراون، بەڵام نەیتوانی قسەکانی بسەلمێنێت و بەڵگەی پێویست بخاتە بەردەم دادگای فیدراڵی ئەمەریکا، بۆیە دەستی برد بۆ بەکارهێنانی کارتی شەقام و هێرشی کردە سەر کۆنگرێس، بەڵام بەهۆی پتەوی ژێرخانی دامەزراوەیی ئەمەریکا هەوڵەکانی تڕەمپ شکستیان هێنا، تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت کۆنگرێس بەردەوامە لە پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە هێرشبەرانی سەر کۆنگرێس، چونکە ئەو کارەی تڕەمپ لە (2021/1/6) ئەنجامیدا، لە مێژووی ئەمریکادا وێنەی نەبووە، بەم کارەشی کۆی پڕۆسەی دیموکراسی ئەمریکای خستە ژێر تاقیکردنەوەیەکی سەخت!
سەدر لە هەڵبژاردنەکانی (2021/10/10) براوە بوو بەڵام ڕێگری لێکرا بۆ پێکهێنانی حکومەت و بەربەستی زۆری بۆ دروستکرا لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی، بەتایبەت کاتێک دادگای فیدڕای عێڕاق بەکارهێنرا بۆ دەرکردنی بڕیاری سێیەکی پەکخەر یان (الثلث المعطل) کار گەیشتە ئەوەی سەدر کوتلەکەی لە پەرلەمان بکشێنێتەوە و لە جیاتی نوێنەرانی شەقام، خەڵکی شەقام بنێرێتە ناو پەرلەمان، ئەمەش بەمەبەستی دروستکردنی وەرچەرخانێکی گەورە لە گۆرەپانی سیاسی عێڕاق و گۆڕینی دەستور و دوورخستنەوەی گەندەڵکاران و گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە عێڕاق!
پرسیار لێرەدا ئەوە:
ئایا عێڕاق هاوشێوەی ئەمەریکا بەرگەی ئەم هێرشەی شەقام دەگرێت؟
وەڵام: نەخێر عێڕاق بەرگە ناگرێت، چونکە ژێرخانی دام و دەزگاکانی عێڕاق هاوشێوەی ئەمەریکا بەهیز نین، بەڵکو لەوپەڕی لاوازیدان، هەروەها زەمینەی هەڵچوونی خەڵکی ناڕازی ناوەڕاست و خوارووی عێڕاق لەبارە، ئەمەش بەهۆی شکستی چینی دەسڵاتدارانی عێڕاق و نەبوونی دادی کۆمەڵایەتی و نەبوونی کەمترین پێداویستی ژیان کە شایستەی عێڕاقیەکان بێت.
بۆیە چاوەڕوان دەکرێت عێڕاق بەرەو تونێلێکی تاریک هەنگاو بنێت، ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی سەدر ڕازی نەکەن و سازشی بۆ نەکەن.