دۆکترینی (بایدن) لە مانگێکدا!
کارۆخ خۆشناو
2021-02-21   911
ئەمڕۆ مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر دەستبەکاربوونی (جۆو بایدن) وەک سەرۆکی ژمارە (46)ی ئەمهریکا، لەم مانگەدا ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن کەوا (دۆکترین) و رێبازی بایدن بریتی دەبێت لە شێوازی پشتبەستن بە (دیبلۆماسیەتی دەستەجەمعی) واتە هەماهەنگیکردنی دیبلۆماسی لەگەڵ هاوپەیمانان وەک کۆڵەگەی بەڕێوەبردنی سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئەم شێوازەش لەلایەک سەرچاوەی گرتووە لە پاشخانی کەسیەتی بایدن وەک کارەکتەرێکی ئەزمووندار و میانڕەو لە سیاسەتدا، لەلایەکی تر سەرچاوەی گرتووە لە دیدگای پارتی دیموکراتی ئەمهریکا بۆ بەرێوەبردنی قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە رێگای دیپلۆماسیەت و هێزی نەرم (Soft Power).
بە چاودێرکردنی مانگێکی سەرۆکایەتی (بایدن) لە کۆشکی سپی ئەم حەقیقەتەمان بۆ روون دەبێتەوە کەوا (بە پێچەوانەی ئیدارەی ترەمپ) ئەم ئیدارەیەی ئەمهریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پشت دەبەستێت بە هەماهەنگی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمهریکا، بۆ نموونە ستراتیژی نوێی بایدن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکانی عێراق بریتی دەبێت لە هاوبەشیکردن لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی (ناتۆ) بە جۆرێک کەوا بڕیار دراوە هێزەکانی (ناتۆ) لە عێراقدا (10) ئەوەندە زیاد بکرێن، واتە ژمارەی هێزەکانی ناتۆ لە (500) سەرباز و راوێژکارەوە بەرزکراوەتەوە بۆ (4000) سەرباز و راوێژکار، ئەویش بەمەبەستی هاوکاریکردنی هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی گروپە تیرۆرستیەکانی وەک داعش و مەترسیە ئەمنیەکانی تر.
لە کەیسی ئێرانیشدا وا دیارە (بایدن) تاکلایەنە هیچ بڕیارێک نادات بەڵکو هەوڵدەدات بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمهریکا بڕیارێک بدەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ئەتۆمی ئێران و گەڕانەوە بۆ رێکەوتنی ئەتۆمی (5+1).
جیاواز لە پرسی عێراق و ئێران، چاوەڕوان دەکرێت ئەجێندای (بایدن) لە ماوەی (100) رۆژدا ئەم کارانەی خوارەوە لەخۆ بگرێت:
1- هەماهەنگیکردن لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی ئەوروپی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی (سیاسی و ئابووری) هەریەکێک لە (چین و رووسیا).
2- درێژەدان بە رێکكەوتننامەی (ئیبڕاهیمی) و (گرێبەستی سەدە) واتە لەم پرسەدا ستراتیژیەتی (بایدن) درێژە پێدەری ستراتیژیەتی (ترەمپ) دەبێت، چونکە (بایدن) بەهەمانشێوەی (ترەمپ) باڵیۆزخانەی ئەمهریکا لە ئۆرشەلیم (قودس) دەهێڵێتەوە و ناڕاستەوخۆ بەردەوام دەبێت لە داننان بە (بەرزاییەکانی جۆلان) وەک خاکی ئیسڕائیل.
3- جیاواز لەم خاڵەی سەرەوەدا (بایدن) هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی ئەمهریکا لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستینی ئاسایی بکاتەوە و نووسینگەی دەسەڵاتی فەڵەستینی لەواشنتن بکاتەوە، هەروەها لەم چوارچێوەیەدا لەوە دەچێت بایدن هاوکارییە ماددیەکانی ئەمهریکا بۆ فەڵەستین بگێڕیتەوە بەمەرجی رازیبوونی فەڵەستینیەکان بە (گرێبەستی سەدە).
4- (بایدن) چاو دەخشێنێتەوە بە هەموو ئەو گرێبەستانەی کە وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئەمهریکادا واژۆیان کردووە، (مەبەست گرێبەستەکانی کڕینی چەک) لەوانەش هەڵوەشاندنەوە و نەفرۆشتنی فڕۆکەی جۆری (F35) بە وڵاتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، هەروەها چاوخشاندنەوە بەم گرێبەستانەی کەوا شانشینی سعودیە لەگەڵ ئیدارەی (ترەمپ) ئەنجامی داون.
5- چاوەڕوان دەکرێت ئیدارەی (بایدن) گرنگی زیاتر بدات بە پرسەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە جیهان بە گشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بەتایبەتی.
لەم سۆنگەیەوە سیاسەتی (ئەمهریکای سەردەمی بایدن) سەبارەت بە ئێران تەواو جیاواز دەبێت لە سیاسەتی (ئەمهریکای سەردەمی ترەمپ) بەڵام لە دۆسیەی ئاسایکردنەوەی (عەرەب-ئیسڕائیل)دا سیاسەتی بایدن تاڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی سیاسەتی ترەمپ دەبێت.
لە کۆتاییدا روون و ئاشکرایە کەوا دۆکترین و رێبازی بایدن نزیکە لە دۆکترین و رێبازی ئۆباما، ئەگەرچی بایدن رەتی کردۆتەوە کەوا ئیدارەکەی کۆپی پێستی ئیدارەی ئۆباما بێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەند جارێک گوتوویەتی:
"ئەمهریکا دەگەڕێتەوە سەر رێچکەی جارانی خۆی" واتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەمهریکا دەگەڕێتەوە بۆ ناو سلکی دیپلۆماسی و بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان بڕیار دەدەن، هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆشدا (بایدن) پشت دەستێت بەو بژاردانەی کەوا دام و دەزگاکانی (داڕشتنی بڕیار) دەیخەنە بەردەمی وەک (کۆنگرێس و CIA و پنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوە و هەندێک لە ناوەندەکانی Think Tank) ئەم خەسڵەتەی (بایدن)یش تەواو پێچەوانەی خەسڵەتی تاکڕەوی (ترەمپ)ە کە بێ گەڕانەوە بۆ ئەم ناوەندانە لە رێگەی (تویتەر)ەوە بڕیاری ترسناک و چارەنوسسازی دەردەکردن!