کلاسیکۆی فیل و گوێدرێژ!
کارۆخ خۆشناو
2020-10-14   672
هەڵبژاردنی ئەم ساڵی سەرۆکایەتی ئەمریکا بە گرنگترین (کلاسیکۆ)ی گۆڕەپانی سیاسی ئەمریکا و جیهان لە قەڵەم دەدرێت، چونکە ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا تەنگی بە جیهان هەڵچنیووە، بۆیە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی ململانێکانی جیهان و داڕشتنەوەی (سیستەمی نێودەوڵەتی) دوای پەتای کۆڕۆنا، هەروەها ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێمەی کوردیش گرنگە، چونکە ئەگەری هەیە دەرەنجامەکانی لێکەوتەی (ئەرێنی و نەرێنی) بۆ سەر دۆزی کورد هەبێت.
سەرەتا گرنگە ئاوڕێک لە مێژووی هەردوو پارتی سەرەکی ئەمریکا (دیموکرات و کۆماری) بدەینەوە:
1- پارتی دیموکراتی ئەمریکا لە ڕێکەوتی (۱۸۲۸/۱/۸) دامەزرا، لە ساڵی (۱۸۳۳) ئۆپۆزۆسیۆن بەگاڵتەجاڕیەوە سەرۆک (ئەندرۆ جاکسن)ی دیموکراتیان بە گوێدرێژ ناوزەد کرد، لەو ساڵەدا وێنەکێش و کاریکاتێرست (تۆماس ناست) وێنەی سەرۆکی ئەمریکای لەسەر جەستەی گوێدرێژێک کێشا، سەرۆک (جاکسن) لە جیاتی ئەوەی توڕە بێت، سودی لە وێنەی گوێدرێژەکە بینی و لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا وەک ڕەمزی دیموکراتەکان بەکاریهێنا و سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەوکاتەوە (وێنەی گوێدرێژ و ڕەنگی شین) بوونەتە لۆگۆ و دروشمی دیموکراتەکان، هەروەها سڵۆگانی دیموکراتەکان لە کۆنفڕانسی ئەم ساڵیاندا بریتی بوو لە (Uniting America) چونکە بەڕای دیموکراتەکان (دۆناڵد تڕەمپ) ڕەوتی ڕەگەزپەرستی بەهێز کردووە و کۆمەڵگای ئەمریکی دابەشکردووە.
2- پارتی کۆماری لە ڕێکەوتی (۱۸٥٤/۳/۲۰) دامەزرا، هەمان وێنەکێش (تۆماس ناست) لە ساڵی (۱۸۷٤) لە کاریکاتێرێکدا وێنەی فیلێکی وەک ڕەمز بۆ کۆماریەکان بەکارهێنا، لەوکاتەوە (وێنەی فیل و ڕەنگی سور) بوونەتە دروشمی کۆماریەکان، هەروەها سلۆگانی کۆماریەکان لە کۆنفڕانسی ئەم ساڵیاندا هەمان سڵۆگانی هەڵبژاردنەکانی ساڵی (2016) بوون کە بریتین لە (America First) و (Make America Great Again) چونکە بەڕای تڕەمپ ئەمریکا لە سەردەمی ئۆبامادا لاواز بووە و پێویستە بەهێز بکرێتەوە.
لە ئێستادا هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و کێبڕکێ و ململانێی نێوان (فیلە کۆماریەکان و گوێدرێژە دیموکراتەکان) بە شێوەیەک گەرم و گوڕن کە لە مێژووی هەموو هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و جیهاندا بە دەگمەن وێنەیان هەبووە، پێموایە ئەم هەڵبژاردنە هاوشێوەی یاری (کلاسیکۆ) زۆربەی دانیشتوانی وڵاتانی جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوای نزیکەی سێ هەفتەی تر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوە دەچن و هەردوو پارتی سەرەکی ئەمریکا (دیموکرات و کۆماری) هەموو هەوڵێکی ڕێگاپێدراوی (یاسایی و دەستوری)ی خۆیان خستۆتەگەڕ بۆ دژایەتیکردنی یەکتر و بردنەوەی هەڵبژاردنەکان، بۆیە (گوێدرێژە دیموکراتەکان) هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکان و دەرکردنی (فیلە تڕەمپ) لە کۆشکی سپی، لە بەرامبەردا (فیلە تڕەمپ) هەموو هەوڵێکی چڕ کردۆتەوە تاکو بەهەمان شێوەی سەرکەوتنی خۆی بەسەر (کۆڕۆنا)دا، بەسەر دیموکراتەکانیشدا سەرکەوێت!
چاوەڕوان دەکرێت بڕی تێچووی ئەم خولەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ژمارەی پێوانەیەیی تۆمار بکات، چونکە گوژمەی تێچوەکەی دەگاتە نزیکەی (11) ملیار دۆلار، لاتان سەیر نەبێت ئەگەر بڵێم پرۆپاگەندە و (تـــا)ی هەڵبژاردنەکانی ئهمهریكا هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕ دەبن لە گوتاری نا عەقڵانی و تەخوینکردن و جوێن و قسەی نەشیاو، بەڵام جیاوازیەکەی لەوەدایە (تـــا)ی هەڵبژاردنەکانی ئهمهریكا تەنها پێش هەڵبژادن گەرم دەبێت و دواتر سارد دەبێتەوە و هەر کام لە بەربژێرەکان (ترەمپ یان بایدن) دەربچن، لە گوتاری سەرکەوتندا دەڵێن "هەڵبژاردن تەواو بوو، من سەرۆک و خزمەتکاری هەموو ئەمهریکییەکانم بە بێ جیاوازی (بە دیموکرات و کۆمارییەکانەوە) لە چوار ساڵی داهاتوودا بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی کە دەستووری ئەمریکا بۆی دیاریکردووم، ئەوپەڕی توانام دەخەمە گەڕ بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن".