ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان (تڕەمپ و بایدن)دا

کارۆخ خۆشناو
  2020-08-15     801
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکی ستراتیژی گرنگە بۆ ئەمریکا، چونکە لەلایەک پێگەیەکی جیۆپۆڵەتیکی پڕ بایەخی هەیە، لەلایەکی تریش سەرچاوەیەکی سەرەکی ووزەی جیهانە، بۆیە ئەمریکا گرنگیەکی زۆری بەم ناوچەیە داوە، بەتایبەت دوای پاشەکشەی بەریتانیا لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، ئەمریکا جڵەوی ناوچەکەی گرتە دەست و شوێنی بەریتانیای گرتەوە و ڕەگ و ڕیشەی داکوتا و چەندەها بنکەی سەربازی دامەزراند.

بە شێوەیەکی گشتی ئامانجی هەموو سەرۆکەکانی ئەمریکا بریتی بووە لە (پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا) هیچ کاتێک بە هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ، گۆڕانکاری بنەڕەتی لەم دوو ئامانجە ستراتیژیە ڕووی نەداوە، بەڵام شێواز و تاکتیکی گەیشتن بەم دوو ئامانجە لە سەرۆکێکی کۆماریەوە جیاواز بووە لەگەڵ سەرۆکێکی دیموکرات.

بە شێوەیەکی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئەمریکا پێنج ئامانجی نەگۆڕی هەیە، ئەوانیش بریتین لە کۆنتڕۆڵکردنی ووزە و پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و دژایەتیکردنی تیرۆر و ڕاگرتنی (باڵانسی هێز) لە نێوان هەردوو جەمسەری شیعە و سونە، لەگەڵ چاودێریکردن و لە قاڵبدانی پێگە و ڕۆڵ و نفوزی چین و ڕوسیا، ئەم (پێنج) ئامانجەی ئەمریکا جێگیرن و بە هاتنی (سەرۆکێکی نوێ) گۆڕانکاریان بەسەردا نایەت.

لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵدا کە لە (٢٠٢٠/١١/٣) ئەنجام دەدرێت، چەند سیناریۆیەکی تاکتیکی بۆ گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئارادان:

١- ئەگەر (بایدن و دیموکراتەکان) سەر بکەون ئەوا چاوەڕواندەکرێت ئێران گەشە بکات و ڕێکەوتنی ئەتۆمی (٥+١) زیندووبکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕواندەکرێت تورکیا پاشەکشە بکات، چونکە پەلکێشیەکانی تورکیا بۆ (سوریا و لیبیا و هەرێمی کوردستان) بایدنی تەواو نیگەران کردووە، وەک لە چاوپێکەوتنی بایدن لەگەڵ (نیویورك تایمز New York Times) ڕایگەیاند "ئەگەر ببم بە سەرۆکی ئەمریکا، هاوکاری ئۆپۆزۆسیونی توکیا دەکەم بۆ ڕوخاندنی دیکتاتۆر ئۆردوگان"

٢- ئەگەر (تڕەمپ و کۆماریەکان) دووبارە سەر بکەون ئەوا چاوەڕواندەکرێت وەکو پێشتر ئێران پاشەکشە بکات، تاکو ناچار بکرێت بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا واژوو بکات، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕواندەکرێت تورکیا گەشە بکات، بە هۆی ئەو پەیوەندیە  دۆستایەتیەی کە تڕەمپ لەگەڵ ئۆردۆگاندا هەیەتی.

۳- لە ئەگەری دەرچوونی (تڕەمپ یان بایدن) چاوەڕواندەکرێت ووڵاتانی کەنداو لەناویشیاندا عێڕاق، پەیوەندیەکانیان گەشە بکەن لەگەڵ ئەمریکا، هەروەها چاوەڕواندەکرێت پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلیشدا ئاسایی بکەنەوە (هاوشێوەی ئیماڕات) بەمەبەستی زەمینە سازکردن بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی سەدە (Deal of the Century).

٤- بە هۆی ناسەقامگیری پەیوەندیەکانی واشنتن لەگەل هەریەک لە تاران و دیمەشق و ئەنکەرە و بەغدا، چاوەڕواندەکرێت (کورد) لە هەر چوار پارچەی کوردستان (بەتایبەت لە باشور و ڕۆژئاوا) دەرفەتی بەھێزکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمرێکادا بۆ بڕەخسێت، لەم چوارچێوەیەدا گرنگە کورد ئامادە بێت بۆ ئەوەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا ببەستێتەوە بە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی کوردستان، بە واتایەکی تر بەرژەوەندیەکانی کوردستان پاڕاڵێڵ بکات لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، بۆیە لە ئێستادا گرنگە کورد بەرنامەڕێژی بۆ سیاسەتی دەرەوە بکات و شێوازی (کاردانەوە بۆ رووداوەکان) بگۆردرێت بۆ نەخشەرێگایەکی ستراتیژی، تاکو بتوانێت پەیوەندیە نێوەدەڵەتیەکانی بگەیەنێتە ئاستێکی باڵاتر.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×