کەرکوک قودسی کوردستان، بۆچی کەرکوک بۆ کورد قودسە و بۆ عیراق ئۆرشەلیمە؟
میهرەبان مەلا رەئوف
2021-02-08   407
میهرەبان رووف
سەرۆک
جەلال تاڵەبانی لە ٩ ی شوباتی 2004 ، لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی حوکم لەسەر پرسی کەرکوک بەڵگەیەکی خستەڕوو كوردستانی بوونی كەركوكی سەلماند . لەو کۆبوونەوەیەدا تالەبانی داوای مافی کوردی کرد لەگەڵ داننان بە
فیدراڵیەتی کوردستاندا لە ناو عیراق و قەناعەتپێکردنی بەرپرسانی عیراق کە سنوری
کوردستان چیای حەمرینە و کەرکوک کوردستانیە. تاڵەبانی بە زمانی
نەرم و بەڵگە کوردستانیبوونی کەرکوکی سەلماند . تاڵەبانی بە کەرکوک دەڵێت قودسی کوردستان ، وەک ئیشارەتێک کە بە عەرەبی
عیراق و جیهان بڵێت : ئێوە چۆن واز لە قودس ناهێنن وەک شارێکی
عەرەبیی ئیسلامیی ، ئیمەش واز لە کەرکوک ناهێنیین وەک شارێکی کوردی کوردستانی . بەلام دەسەڵاتدارانی عەرەب و شەقامی عەرەب لە ئیستا و لە ڕابردووشدا بە
شیعەو سوننە وە هیچکاتێک دانیان نەناوە بەم قسە ڕاست و دروستانەی تالەبانی دا و مێژووش
سەلماندوویەتی کە هەرگیز دانی پیا نانێن .
هەروەک
ململانێی ئیسرائیل و عەرەب لەسەر قودس ، ململانێی کورد و عەرەبیش لەسەر
کەرکوک ماوەی شەست ساڵە بەردەوامە . ئامانجی ستراتیجی
هەموو سەرۆکەکانی عیراق لەسەر کەرکوک لە عارف١٩٦٣
هەتا عبادی و کازمی لێکچوون ، وەکو ئامانجی ستراتیجی سەرکردە ئیسرائیلیەکان لەسەر
قودس لە ١٩٤٨ وە لە دەڤید بێنگوریۆن وە هەتا ناتانیاهو . هەر
لە ١٩٦٣ وە، ئامانجی کورد و عەرەب لەسەر کەرکوک نەگۆڕە بەڵام پێچەوانەی یەکن : لەوکاتەوە کورد تەبەنی سیاسەتێکی کردووە کە
رەفزی ئامانجی بەغداد دەکات لەسەر کەرکوک بۆمەبەستی
دەرکردنی هەموو عەرەبە هاوردەکانی کەرکوک. جیاوازی
بۆ چوونەکانیش لە نێوان کوردەکاندا لەسەر
ئەو بابەتە تاکتیکی بووە بۆ کەسبی تەنازول وباڵادەستی
تەواوەتی لە کرکوک .
بەنیسبەت
عەرەبەوە ، بەنزیکی هەموو عەرەب هاوڕان کە وا لەکورد بکەن بەتەواوەتی دەست لە کەرکوک هەڵبگرێت ، ئیتر بە
تاکتیکی جیاواز : هەندێکیان بە شکاندنی ئیرادەی کورد
لەسەر کەورکوک و باقیەکەیان بە قناعەتپێکردن و تنازل کردن بە کورد . بەعسیەکان
و قەومیەکان وەک هی یەکەمیان بوون و شیعەکان وەک هی دوهەمیان . لەدوای
شەست ساڵ ململانێ ، ئەم دوو قەناعەتی رەفزکردن و قبوڵکردنە لەلایەن هەردوو لاوە
گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە.
هەڵکردنی ئاڵای
کوردستان لە ٢١ی ئازاری ٢٠١٧ دا لە دامودەزگا حکومیەکانی کەرکوک لەپاڵ ئاڵای
عیراقدا دیوێکی شاراوەی ستراتیجی عەرەب و تورک و فارسی ئاشکراکرد . زمانی هەرەشە و
ئینکاریکردن لە کوردستانیبوونی کەرکوک لە لایەن ترکیا و ئیران و عیراق سەلماندی
کە ئە و ناکۆکیە سەدەییەی کورد هەیەتی بەرامبەر
عەرەب و تورک و فارس لەسەر خاک هەر بەردەوام ئەبێت. هەروەها دەستتێوەردانی
ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە ئینکاریکردن لە کوردستانیبوونی کەرکوک لە قازانجی عەرەب ، درێژەپێدانە بەو ناسەقامگیری و ململانێیانەی
نێوان کورد و عەرەب ، هاوشێوەی ئەو دەستتێوەردانە ئیقلیمی و
نێودەوڵەتیانەی هەیە لە ئینکاریکردن لە عەرەبستانیبوونی قودس لە قازانجی جولەکە و درێژەدان بە ناکۆکی و ململانێیی عەرەب و جولەکە.
ئەوەی هەتا ئێستاش بەدەست
هاتووە بۆ کورد لە عیراقی دوای سەدام حسین، دەرەنجامی سەلماندنی کوردستانیبوونی
نیە بە بەڵگە و گفتوگۆ و دانوسان، بەلکو دان نانە بە ئەمری واقعێک کە توانای هێزی
پێشمەرگە سەپاندوویەتی . بوونی باڵادەستی کورد لە کەرکوک بەرهەمی
رزگارکردنی کەرکوک بووە بۆ چەندرۆژێک لەبەهاری ١٩٩١ دا و پاشان رزگارکردنەوەی لە
نیسانی ٢٠٠٣ دا و پاراستنی لە هێرشی داعش
لە ٢٠١٤ وە هەتا ریفراندۆم.
بۆیە پێویستە کورد
لەم کاتەدا بەهەمان ستراتیجی سەپاندنی ئەمری واقیعی توانای هێزی پێشمەرگە بیر لە کەرکوک بکاتەوە، بەتایبەت کە عەرەب و تورک و فارس بەیەکەوە و لەیەک کاتدا زیاتر لە ڕابردوو دژی کوردستانیبوونی کەرکوکن . داواکاری نوینەری نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەمریکا ش بۆ داگرتنی ئالای کوردستان لە کەرکوک درێژەدان بوو بەم ململانێ مذمنەی
نێوان کورد و عەرەب . ئیتر کاتی ئەوەیە زیاتر ستراتیجی هێز
بەکاربێنێت بۆ ئەوەی کە عەرەب لە کەرکوک و دەوروبەری هەمان تامی بەزین بکەنەوە کە
لە ١٩٩١ و ٢٠٠٣ و شەڕی داعش کردیان و بەتەواوەتی و وەدەربنرێن لە ناوچەکە. ئەمەش هەمان ئەو ستراتیجەیە کە Daniel Pipe داوای دەکات بۆ ئیسرائیل لەبەرامبەر عەرەب . هەرچەندە عەرەب داوای قودس دەکات لە گۆشەنیگای ئایینیەوە ، بەڵام داواکاری عەرەب بۆ کەرکوک ئەم داوا ئایینەیە نیە
، بەڵکو داواکاریە بۆ سامانە سروشتیەکەی (نەوتی ڕەش) .
ستراتیجی کورد و عەرەب لەسەر ئەم ناوچانە لە
١٩٢٥ وە دەستیپێکردوە کە عصبة الامم کوردستانی نوساند بە عیراقەوە و ئیتر لەو
کاتەوە هەردولایەنی کورد و عەرەب ئامانجەکانیان نەگۆڕبوون بەرامبەر یەکتری. لەوکاتەوە ئەم پێداگریەی نێون کوردو عەرەب لە سەر کوردستانیبوون و کوردستانی نەبوونی کەرکوک
گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە.
ئایدۆلۆجی و ستراتیج
و ئامانج و تاکتیک ی پەیڕەوکراوی ئەکتەرە جیاوازەکانی دەسەڵاتدارانی عیراق ی
مۆدێرن تەنها جیاووازی بووە لە ووردەکاریەکاندا ، ئەگینا جیاوازی لە نێوان توندڕەوەکان و بەڕواڵەت میانڕەوەکانیان نیە و
نەبوە . شەڕ و دانوسان و گفتوگۆ هەر هاتوە و
ڕۆشتوە، بەلام جیاوازیەکان هەر لەجێی خۆیان ماونەتەوە. هەرلەوکاتەوە عەرەب تەبەنی سیاسەتی رەفزکردنی کوردستانیبوونی کەرکوک ی کردووە بە ڕێگەی بەعەرەبکردن و
دەرکردن و ڕاگواستن ی کورد لەسەر خاکی
کوردستانی خۆیان. تاکتیکی جیاوازی عەرەب لەو ناوچانە لە کاتە جیاوازەکانیشدا هەر بۆ هەمان ستراتیج بووە ، ئیتر ئەگەر تاکتیک میانڕەو یان توندڕەو بێت . ئەگەر تاکتیکی میانڕەوییان
پەیڕەوکردبێت و بەڕواڵەت کوردیان قبوڵبووبێت ئەوا وویستوویانە و دەیانەوێت
تەنازول بە کورد بکەن لەسەر ئەو ناوچانە . یان بە تاکتیکە توندڕەویەکانییشیان
هەر هەمان ستراتیجیان هەبووە کە رەفزکدنی کوردە
لەو ناوچانە. رژێمی ئیستای عەرەب لە بەغداد تاکتیکی یەکەمیان پەیڕەودەکات و ڕژێمەکانی
پێش ٢٠٠٣ ش هی دوهەمیان.
بۆیە باشترە باڵادەستی تاکتیکی و روئیای ستراتیجی کوردی بریتی بێت لە ئیجبارکردنی
عەرەب بەقبولکردنی کورد وەک شەریک لە عیراق و داننان بە کوردستانیبوونی کەرکوک بە
هەڕەشەی لووتشکاندن/الردع و تۆڵەکردنەوەی بەئازار . ئەم ڕێگەیەش بە دووبارەکردنەوەی سەرکەوتنە تۆمارکراوانەکانی
١٩٩١ و ٢٠٠٣ و ٢٠١٤ بەدەستدێت. هەرچەندە ئەگەر کورد لە دوای روخانی رژیمی سەددامەوە
بیتوانیایە سیستمێکی سیاسی دەوڵەتداریتر و ئابوریەکی مۆدێرنتری
هەبوایە لە هەرێمی کوردستان ئەوا مەوقفی باشتر ئەبوولەم ناوچانە، بەڵام هەموو
ئەمانە بەبێ بوونی هێزێکی پێشمەرگەی پرۆفیشناڵ کە سەرچاوەکەی توانای مرۆیی خۆماڵی
بێت فلسێکی قەڵب ناهێنێت .
هەموو گفتوگۆو
لێکتێگەیشتن و ڕێکەوتن و پەیماننامەکان کە کراون لەم سەدەیەی رابردوودا دوای
ماوەیەک وەلانراوون و بوونەتە مایەی بێ ئومێدی بۆ هەردوولایەنی کوردی و عەرەبی، چونکە ستراتیجی هەردوولا مەحاڵ بووە جێبەجێبکرێت لەبەرئەوەی کورد ویستوویەتی کوردستانیبوونی کەرکوک بە عەرەب بسەلمێنێت و
عەرەبیش ویستوویەتی تەنازول بە کورد بکات لەسەر ئەو ناوچانە . بۆیە ئەو تاکتیکانە بێ سوودە وکارەکانیش هەتا ئێستا بەهەڵەڕۆشتوون ، لەبەرئەوەی هەمووسەرکردە عەرەبە عیراقیەکان بەڕواڵەت
وایان دەرخستووە کە واز لە رەفزکردنی کورد دەهێنن و رازی ئەبن بە کوردستانیبوونی کەکوک ، بەلام هەموویان
ویستوویانە تەنازول بە کورد بکەن بۆ ئەوەی دەست بەسەر کەرکوک و ناوچەکانی تردا بگرن بە تاکتیکی جیاواز.
پرۆسەی ماددەی ١٤٠ ی کە لە دەستوری عیراقدا جێگیرکراوە بریتیە لە گریمانەیەکی خەیاڵی کە گوایە لەڕێگای
نیەتی پاک و تەوافق یا هەڵبژاردنەوە کۆتایی بەو ململانێ یەک سەدەییە بهێنن. بەلام لەڕاستیدا هەوڵدان
بە گفتوگۆ بۆ ڕازیکردنی عەرەب کە کەرکوک کوردستانیە ئاسنی سارد کوتانە . جێبەجێنەکردنی ئەم ماددە دەستووریەش لەماوەی دیاریکراودا لاوازی ئەو
گریمانەیەی دەرخست و بێدەنگی کوردیش لەسەر ئەم بابەتە هەڵویستی کوردی لە خراپەوە
بۆ خراپتر گۆڕی .
ئەم حاڵەتە ڕاماندەکێشێت
بۆ مەفهومێکی سەرەکی: سەرکەوتن یا دۆڕاندن لە جەنگدا . سەرکەوتن مانای فەرزکردنی ئیرادە بەسەر دوژمندا بە تەواوەتی و ئیجبارکردنی
لەڕێگای زیانەکانیەوە بۆ ئەوەی واز لە طموحاتەکانی جەنگەکە بهێنێت . ڕووداوە تۆمارکراوە
مێژووییەکان دەریدەخەن کە نیەتی باش کۆتایی بە جەنگ ناهێنێت ، بەڵکو سەرکەوتن و دۆڕاندن کۆتایی پێدەهێنێت. بیرمەندەکان و جەنگاوەرەکان بە درێژایی مێژوو یەکهەڵوێستبوون
لەسەر گرنگی سەرکەوتن وەک تەندروستترین
ئامانجی جەنگ بەرپاکردن . ئەرستۆ دەڵێت "جەنگ واتە کۆتایی
جەنەراڵەکان" و دوایت ئیزنهاوەر یش لە ووتەیەکیدا دەڵێت "لەجەنگدا، جێگرەوە بۆ سەرکەوتن نیە". بۆیە لە مەسەلەی جەنگدا تەنها براوە و دۆڕاو هەیە و ئەوەی
براوە نەبێت دۆڕاوە. بۆ مرۆڤایەتیش جێگەی داخە کە لەگەڵ ئەم هەموو پێشکەوتنەی
تەکنۆلۆجی و ئەم هەموو ڕێکخراوە حکومی و نا حکومیە مرۆیییانەدا بەلام گۆڕانکاری
لەم ڕاستیە هەمیشەییەدا ڕووینەداوە . کەوابێ کورد کە ماسیەکی زۆر بچوکە لەم زەریایانەدا ناتوانێت ئەم ڕاستیانە
بگۆڕێت، بەلکو تەنها ئەرکی ئەوەیە کە پەیڕەوی ئەم ڕاستیانە بکات .
لەم بابەتەدا ڕاستترە
کە بەوەی بە تەقلیدی پێی دەڵێن ناوچە جێناکۆکی لەسەرەکان بڵێین " ناوچە شەڕلەسەرەکان " ، بۆیە لەم ململانێیەدا کورد تەنها یەک بژاردەی هەیە : بردنەوە . ئەمەش بە ئیجبارکردنی عەرەب بە قبوڵکردنی
کوردستانیبوونی کەرکوک لەڕێگەی جەنگەوە . لێرەدا ئیجبارکردن لە تاکتیک زیاترە کە
هەموو سەرکردە کوردەکان لەپێناویدا تێکۆشاون. بۆیە کورد پێویستی بە سیاسەتێکی سیستیماتیکی هەیە کە ئیجباری عەرەب بکات وازلەکەرکوک بهێنێت و واز لە رەفزکردنی
کوردستانیبوونیشی بهێنێت. ئەمەش پێویستی بە ستراتیجێکی درێژخایەن هەیە کە لە
توانایدا بێت ئیرادەی عەرەب لەسەر ئەم بابەتە بشکێنێت و گۆڕانکاری ڕیشەیی لە
دڵیاندا دروستبکات .
ئێمە لێرەدا
مەبەستمان نیە کە عەرەب ئیجبار بکرێت کوردیان
خۆش بووێت ، بەڵکو ئامانج لەکارخستنی ماکینەی جەنگە بۆ یەکجاری بە نەهێشتنی ئاسەواری
تەعریب و گێڕانەوەی سنورە ئیداریە ئەسلیەکانی کەرکوک و داننان بە پەیوەندی
هەتاهەتایی کوردوکەرکوکە ، پاشان ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ عەرەب
بە گشتی . ئیترکاتێک تودنوتیژی نەما لە ناوچەکە و پارێزگاری لەو
پەیمانە کرا بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، ئەوکاتە بوونی عەرەبیش لەناوچەکەدا قبوڵکراو بێت
لەلایەن کوردەوە گرفت نابێت .
بە بەئەنجامگەیاندنی
ئەم سیاسەتە سیستماتیکیە، هەردوو لایەنی کورد و عەرەب لەو ململانێیەدا سەرکەوتوودەرەچن . لەم ڕێگایەوە هەردوولایەن (کورد و عەرەب ) لە توندڕەوی نەتەوەیی و ئایینی دەربازیان دەبێت. ئەم دەربازکردنەش هەردوولا ئازاددەکات بۆ ئەوەی دەستبەتاڵ بن بۆ چاکسازی لە ژیانی تایبەتی خۆیاندا . پاشان هەردوو لایەن ئەتوانن ببن بە خەڵکانی ئاسایی و گەشە بە ژیانی سیاسی و
ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری خۆیان بدەن .
پێویستە لەبیرمان
بێت کە ئەو گۆڕانکاریە ئاسان و خێرا ڕوو نادات ، بەڵام جگە لەم ڕێگەیە ئیتر ڕێگایەکی کورتتری ئاسانتری هەرزانتری یەکلاکەرەوە بەردەست نیە . لێرەدا یارمەتی ئەمەریکا و ئەوروپاش بۆ ئەم پرۆسەیە بۆ
کورد بریتی ئەبێت لە وازهێنان لە رەتکردنەوەی
داواکاری کورد و دەستهەڵگرتن لە پشتیوانیکردنی بەغداد. هەروەها بوونی هێزێکی پێشمەرگەی پرۆفیشناڵی نیشتیمانی سەرەکی و حەتمیە.