یه‌كگرتو: حیزبێكی ده‌سه‌ڵات یان قوتابخانه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی؟

عادل باخه‌وان
  2019-12-31     765
كۆمه‌ڵێك ڕۆژنامه‌نوسی چه‌ند كه‌ناڵێكی جیاواز و به‌شێكی گرنگ له‌ خوێنه‌ره‌كانم له‌م دوو ڕۆژه‌دا داوای بۆچون و خوێندنه‌وه‌ی دۆخی ئێستای یه‌گرتوویان لێكردوم. به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر بێكاتی نه‌متوانی وه‌ڵامی داوای ته‌له‌فزیۆن و ڕۆژنامه‌نوسه‌كان بده‌مه‌وه‌، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌م لێره‌دا چه‌ند تبینیه‌كی خێرا له‌سه‌ر یه‌كگرتووی ئێستا و داهاتوو بنوسم، به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می مانگی مارس، كه‌ له‌ كوردستان ده‌بم، له‌ به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تدا به‌ چڕی قسه‌ی لێبكه‌ین.

1. له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كگرتوو دیارده‌یه‌كی گرنگه‌ له‌ كوردستان. به‌شێكی گرنگ له‌و ئه‌كته‌رانه‌ی كه‌ ئیداره‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن له‌ كوردستاندا، به‌ فلته‌ری یه‌كگرتوودا تێپه‌ڕیون و ڕۆژێك له‌ ڕۆژان یه‌كگرتوو بوون. له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیش، زۆر به‌ ده‌گمه‌ن بستێك له‌ جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستانت ده‌ستده‌كه‌وێت كه‌ په‌نجه‌مۆری یه‌كگرتووی به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بێت.

2. به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا یه‌كێك له‌ قه‌یرانه‌كانی ئه‌‌م دیارده‌یه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی كه‌ تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش خۆی بۆ یه‌كلاییناكرێته‌وه‌ له‌نێوان مۆنۆلۆگ له‌گه‌ڵ خودی خۆی و دیالۆگ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌دا، له‌نێوان كارگه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی و حیزبی ده‌سه‌ڵاتدا.

3. كارگه‌ی په‌روه‌رده‌یی كار له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی تاكێكی عه‌قائیدی ده‌كات. یه‌كگرتوو له‌مه‌دا ته‌واو سه‌ركه‌وتوبوه‌. به‌ڵام حیزبی ده‌سه‌ڵات كار له‌سه‌ر كرانه‌وه‌ به‌سه‌ر ته‌واوی كۆمه‌ڵگادا ده‌كات، كۆمه‌ڵگا به‌ دیندار و بێ دینه‌كانیه‌وه‌، به‌ ژن و پیاوه‌وه‌، به‌ موسڵمان و مه‌سیحی و جوله‌كه‌ و كاكه‌یی و ئێزیدی و ...كانیه‌وه‌. یه‌كگرتوو له‌مه‌یاندا شكستی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌.

4. یه‌كگرتوو سه‌ركه‌وتووبوه‌ له‌ وه‌رگرتنی كۆمه‌ڵێك هه‌ڵوێستی نیشتمانی زۆر جواندا، به‌ڵام شكستی گه‌وره‌ی هێناوه‌ له‌ كه‌پیتالیزه‌كردن و وه‌به‌رهێنان و مۆبیلیزه‌كردنی ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌دا، به‌پێچه‌وانه‌ی پارتیه‌وه‌ كه له‌ هه‌مان ڕێگاوه‌‌ كورسیه‌كانی گه‌یانده‌ چل و پێنج!

5. یه‌كگرتوو تێناگات له‌وه‌ی سه‌رده‌م پارادیگمی خۆی گۆڕیوه‌ و ئێستا سه‌رده‌می سه‌ركرده‌ی دانا و له‌سه‌رخۆ و ریشسپی نیه‌، به‌ڵكو سه‌رده‌می ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌یه‌ كه‌ ده‌توانن زۆرترین كه‌سی كۆمه‌ڵگا قه‌ناعه‌ت پێبكه‌ن. به‌ زمانێكی دی، یه‌كگرتوو تێناگات له‌وه‌ی كه‌ ئێستا سه‌رده‌می دكتۆر موسه‌ننا ئه‌مین و مامۆستا ئه‌بوبه‌كر كاروانیه‌ نه‌ك سه‌رده‌می دانایانی وه‌ك مامۆستا سه‌لاحه‌دین و موحه‌مه‌د فه‌ره‌ج !

6. فاكته‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ یه‌كگرتوو دره‌نگ وانه‌ له‌ ئه‌زمونه‌كانی هاوشێوه‌كانی وه‌رده‌گرێت و چه‌ندین كیلۆمه‌تر له‌دوای بزوتنه‌وه‌ی نه‌هزه‌ له‌ تونس و پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له‌ توركیاوه‌یه‌، له‌كاتێكدا له‌سه‌ر ئاستی گوتار، وه‌ك هه‌ر كوردێكی دی، خۆی به‌ لوتكه‌ی پێشكه‌وتن ده‌زانێیت ! ئه‌مه‌ بۆ پارتی و یه‌كێتی و حیزبه‌كانی دیكه‌ش هه‌روایه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ بونیه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤی كوردیه‌وه‌ هه‌یه‌.

7. پرسی ژن تائێستاش لای یه‌كگرتوو، وه‌ك زۆربه‌ی حیزبه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، به‌شێوه‌یه‌كی كلاسیكی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، واته‌ وه‌ك دیكۆرێكی جوان، نه‌ك وه‌ك ئه‌كته‌رێكی كاراو سه‌ربه‌خۆ. جیاكردنه‌وه‌ی ڕیزی ژنان له‌ ریزی پیاوان، ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ تیۆریسیانه‌كانی یه‌كگرتوو زۆریان ماوه‌ كه‌ له‌ مۆدێلی ڕاشید غه‌نوشی تێبگه‌ن.

8. له‌بیرمان نه‌چێت یه‌كگرتوو وه‌ك ڕێكخراوی سیاسی به‌لای كه‌مه‌وه‌ مێژوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی ١٩٥٢. واته‌ نزیكه‌ی حه‌فتا ساڵه‌ یه‌كگرتوو كار له‌سه‌ر گۆڕینی دنیا ئه‌كات ! به‌ڵام به‌هه‌موو ئیسلامیه‌كانی كوردستانه‌وه‌، له‌ ١٩٩٢ وه‌ تا ٢٠١٩، هه‌رگیز په‌رژینی ١٧ له‌ ١٠٠ یان تێنه‌په‌ڕاند. واته‌ ناتوانن موسوڵمانان قه‌ناعه‌ت پێبكه‌ن كه‌ ئه‌مان نوێنه‌رایه‌تی خه‌ونه‌كانیان ده‌كه‌ن.

9. پرسیاری سه‌ركی كه‌ ئه‌بێت یه‌كگرتوو له‌خۆی بكات : ئایا كاتی موراجه‌عات نه‌هاتوه‌ ؟
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×