بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، تکایە قانونی چاکسازيی ئیمزا مەکە
پەیمان عیزەدین
2020-01-17   1322
دوای دەنگدانی پەرلەمان لەسەر قانونی چاکسازیی، بەئیمزاکردنی بەڕێزتان یان ئیمزا نەکردنی لەماوەی یاسایی دیاریکراودا دەبێتە قانونێکی بەرکار، بۆ ئیمزانەکردنی ئەم قانونەو گێڕانەوەی بۆ پەرلەمان زیاتر لە هۆکارێکی قانونیو کۆمەڵێیەتیو ئەخلاقی هەیە کە لەم نوسینەدا ئەیخەمە بەرچاوی بەڕێزتان.
١-ناوی قانونەکە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ناوەڕۆکی یەکناگرێتەوەو ئەمەش یەکێکە لە عەیبە قانونیەکانی یاساکە، هیچ ماددەیەکی ناو یاساکە بەدورو نزیک پەیوەندی بەچاکسازییەوە نیەو ماددەکان تایبەتن بەڕێکخستنەوەی خانەنشینیو دەرماڵە لەهەرێمدا، کە لەبنچینەدا بۆ زۆرینەی ئەو ڕێکخستنەوانە قانونی نەدەویستو چۆن حکومەت ئەو دەماڵەو خانەنشینیە ناقانونیانەی دروست کردوە بەهەمانشێوە دەیتوانی بیانبڕێت یان کەمیان بکاتەوە.
٢-هەر قانونێک بەناوی چاکسازیەوە پەسەند بکرێت، ئەسڵ وایە ئەو قانونە کاری لەسەر هێنانەدی دادپەروەری کردبێ، کە ئەمەش لە هیچ ماددەیەکی قانونەکەدا بەڕونیو بەزەمانەتەوە لانی کەمی دادپەروەری ناهێنێتە دی.
دادپەروەری ئەوەیە هەمو پلەکانی وەزیفی لەسەر یەک بنەما خانەنشین ببنو لەسەر یەک بنەما دابمەزرێن و دەرماڵەیان بۆ زیاد بکرێت.کە بەهۆی ئەم قانونەوە ئەو نا دادپەروەریانە زیاتر ئەچەسپێنو دوبارە دەستکاریکردنیان زەحمەت ئەبێت.
ناکرێت و نابێت لەیەک حکومەت و سیستمی حکومڕانیدا کەمینەیەک ڕێژەی خانەنشینکردنیان لەسەر کۆی موچە بۆ هەژمار بکرێ و زۆرینەیەکیش ئەو ڕێژەیەیان لەسەر موچەی بنەڕەتی بۆ هەژمار بکرێت، بۆیە ئەرک و ئەمانەتێکی مێژویی لەسەر شانی بەڕێزتانە ئەگەر تەنیا لەبەر ئەم خاڵەش بێ قانونەکە بگێڕنەوە پەڕلەمان و ئەو خاڵە بەو جۆرەی لێبێت کە بۆ خانەنشینی موچە باڵاکانیش رێژەی ٪٢٥ و ٪٥٠ لەسەر موچەی بنەڕەتیان هەژمار بکرێت لەبەر ئەم هۆیانە:
-حکومەتی هەرێمی کوردستان بەنیازە یاسای خانەنشینی یەکگرتو لەداهاتودا بنێرێتە پەرلەمان، چۆن دەکرێ لەئێستادا قانونێک بەو جیاوازیە گەورەیە لە خانەنشینیدا پەسەند بکرێ کە چەند مانگێکی ترو لەپێشنیازی قانونێکی تردا باس لەخانەنشینیی یەکگرتو بکرێت، بۆیە لەئێستاوە بایەکخستنی بنەماکانی خانەنشینی لەخزمەتی موچەخۆران و قانونی خانەنشینی یەکگرتودا بێت.
-هەمو هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە لە بەرزترین پلەی وەزیفیەوە تا نزمترینی هاوڵاتی ئەم هەرێمەن و مافی هاوڵاتیبون و بنەماکانی دادپەروەری و بەڵێنەکانی بەڕێزتان ئەوە دەخوازێ کە هەمان بنەما بۆ هەژمارکردنی خانەنشینی ڕەچاو بکرێت.
-ئەم هەنگاوە ڕقو یەکتر ناشرین کردن کاڵ دەکاتەوە، چونکە ئەوە ئەوناعەدالەتیەی ئەم چەندین ساڵەیە ئەو هەمو ڕق و کینەیەی لەیەکتر دروستکردوە، دڵنیام بەڕێزتان و هەر کەسێکی تر بچینە شوێنی فەرمانبەرێکی بەتەمەن کە بە هۆی کەمی خانەنشینیەوە خواخوای کاری زیاترو ماندوبونی زیاترێتی، بەدڵنیاییەوە ڕقی لەو پەرلەمانتارو وەزیرە دەبێتەوە کە تەنیا بۆ چوار ساڵ ١٥ هێندەی ئەو وەربگرن، ئێوە ئەگەر ئاشتی کۆمەڵایەتیاتان ئەوێ ئیمزا لەسەر ئەم قانونە مەکەن.
٣-ئەوەی لەم قانونەدا وەک کڕۆکی چاکسازی باسدەکرێت، هەڵوەشاندنەوەی هەزاران پلەی وەزیفی و خانەنشینی نایاساییە کە زۆربەیان نەبڕوانامەیان هەبوەو نەتەمەنی خانەنشینی و نەپلەی وەزیفی، لەگەڵ ئەوەشدا هەم دامەزراون و هەم خانەنشین کراون، کە ئەمانەش هەمویان ئەندام و بەرپرس و دەنگدەری یەکێتی و پارتین بەپلەی یەکەم و پارتەکانی تر بەپلەی دووەم، کە زۆر دڵنیام لەهیچ حاڵەتێکدا ئەو کارە ناقانونیانە هەڵناوەشێنرێتەوە و لە باشترین حاڵەتیشیدا دەخرێنە ژێر ناونیشان وناو چوارچێوەیەکی قانونی نوێ، کە ئەمەش زۆرتر ناوەڕۆکی قانونەکە لەبابەتی چاکسازیی دور دەخاتەوە.
بۆیەو لەبەر ئەو هۆکارانە تکایە قانونەکە ئیمزا مەکە.