مافی دزی لێکراو لەیاسای حەمۆرابیدا
د. ئیسماعیل نامیق
2019-03-12   1395
حەمۆرابی (1793- 1750 پێش زایین)، یەکێک بووە لەپاشا ناودارەکانی عێراقی کۆنو حوکمی ناوچەیەکی بەرفراوانی کردووە، یاسای حەمۆرابی پاشماوەیەکی دیاری مێژوییە بەناوی ئەم پاشایەوە ماوەتەوە.
ماددەی 23 لەیاسای حەمۆرابی:
"ئەگەر دز نەگیرا ئەوا پێویستە لەسەر ئەو کەسەی کەدزی لێکراوە لای خوداوەند سکاڵا تۆمار بکات سەبارەت بەهەموو ئەو شتانەی لێی دزراون وە ئەوانەش کە لەدەستی داون، لەم بارەشدا پێویستە لەسەر ئەو شارە یان ئەو فەرمانڕەوایەی کەدزیەکە لەخاکەکەیدا یان لەناوچەکەیدا رویداوە، تەعویزی کەسی دزی لێکراو بکات بەهەموو ئەو شتانەی لێی دزراون یان لەدەستیداون".
ماددەی 24 لەهەمان یاسا:
"ئەگەر لەکاتی دزیکردنەکەدا خاوەنی ماڵەکە گیانی لەدەستدا، ئەوا پێویستە لەسەر شارەکە یان فەرمانڕەواکەی یەک مانەی (مانە کێشانەیەکە لەوسەردەمەدا بەکارهاتووە) زیو بدات بەکەس وکارەکەی".
راستە دەقی لەمجۆرە لەیاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستاندا نیە، هەروەها سیستمی دڵنیاییو دەستەبەریش بونی نیە، یاخود کارا نیە، دەرەنجام دزی لێکراو یان زیانلێکەوتوو ئەبێت بەتەنها خۆی بەرگەی زیانەکان بگرێت، رەنگە هەندێک جار لەلایەن خزم وهاوڕێ ودراوسێ هاوکاری بکرێت یان خێری پێ بکرێت، بەڵام ئەمە بەو ئەندازەیەی کەدەستگیرۆیی وبەتەنگەوەهاتنە، بەهەمان ئەندازەش لەکەدارکردنی کەرامەتی مرۆڤە.
کەواتە پرسیارە جەوهەریەکە ئەمەیە: ئایا فەرمانڕەوایانی هەرێم، بەتایبەتی لێپرسراوانی شاری سلێمانی لەساڵی 2019 ئەتوانن بەئەندازەی حەمۆرابی ( 1793- 1750 پێش زایین) لەخەمی پزیشکانو کارمەندانی نەخۆشخانەی شاردا بن؟