دوا مۆدێلی‌ ململانێ

د. ئیسماعیل نامیق
  2021-08-03     874
لەسەرەتای‌ پێکهێنانی‌ کابینەی‌ نۆی‌ حکومەتەوە تێڕوانینم  وابوو، وە لەچەندین مینبەری‌ جیاوازەوە رامگەیاندووە، کە ئەم کابینەیە کابینەی‌ ململانێی‌ حیزبەکان نیە لەگەڵ یەکتر، بەڵکو کابینەی ململانێی‌ ناوخۆی‌ حیزبەکان خۆیانە، کابینەی‌ پاکتاوکردنی‌ باڵەکانە لەلایەن یەکترەوە. ئێستا ئەم تێڕوانینەم لام بەهێزتر و تۆختر بۆتەوە. 

ململانێ نێوخۆییەکانی‌ پێشووی‌ گۆڕان، و ئەوەی‌ ئێستای‌ یەکێتی‌، و هەروەها ململانێ شاراوەکانی‌ نێوخۆی‌ پارتی‌، لەرابردوو وئێستا و داهاتوودا، باشترین گەواهیدەری‌ ئەم تێڕوانینەن. چونکە کاتێک حیزبە رکابەرەکان لەگەڵ یەکتریدا رێکدەکەون، ئیتر هەر یەکەیان قاڵ ئەبێتەوە بۆ ململانێ و پاکتاوی‌ ناوخۆیی خۆی‌.

ململانێ نێوخۆییەکانی‌ ئێستای‌ یەکێتی‌ یەکێکە لەسەخترین قۆناغی‌ مێژووی‌ ململانێی‌ ئەم حیزبە، چونکە لەم ململانێیەدا سێ قورسترین جۆری‌ ململانێ ئاوێتەی‌ یەکتر بوون، ئەوانیش: ململانێی‌ سیاسی کە ئەمە هەر بەسروشتی‌ خۆی‌ سەختە. ململانێی‌ نێوان بنەماڵەو خزمەکان، ململانێیەکی‌ ئاڵۆزەو هەندێک جار خوێناویش دەبێت. ململانێی‌ نێوان ژنەکان، ئەمە ململانێیەکی‌ هەمیشەییەو مۆرکی‌ هاندان دنەدانی‌ تیایدا زاڵە، بۆیە زۆر جار ململانێیەکانی‌ تر سەخترو دژوارتر ئەکات.

من لەبەر ئەوەی‌ ئەندامی‌ یەکێتی‌ نیم، رێگە بەخۆم نادەم قسە لەسەر ململانێ نێوخۆییەکانی‌ ئەم حیزبە بکەم، تەنها لەو روەوە نەبێت کەپەیوەندی‌ بەفەزای‌ گشتییەوە هەیە. بۆیە لەو سۆنگەیەوە ئەڵیم:

یەک/ ئەگەر ئەم ململانێیە بەقازانجی‌ ژیانی‌ حیزبایەتی‌ و دیموکراسیبوون و سوودی‌ گشتی‌ کۆتایی‌ پێ بێت، ململانێیەکی‌ دروستە و بوونی‌ پێویستە، خۆئەگەر ئاراستەکەی‌ لەزیانی‌ دیموکراسی‌، و پاوانکردنی‌ زیاتری‌ دەسەڵات، و قەتیس کردنی‌ ژیانی‌ حیزبایەتی‌، و گلۆربوونەوەی‌ ماف وئازادییەکانە، ئەوا خەڵکی‌ دەرەوەی‌ یەکێتی‌ پێش یەکێتییەکان مافی‌ قسەلەسەرکردن و تەنانەت دژایەتیکردنیشیان هەیە.

دوو/ گرنگە لایەنە ناکۆکەکان ئەگەر پەنا بۆ دادگا و دامەزراوەکان ئەبەن، وەکو حاکم و حەکەم پەنایان بۆ بەرن، نەک وەکو ئامرازێکی‌ دەستی‌ خۆیان بەکاریان بهێنن، بۆ پاکتاوکردنی‌ نەیارەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی‌ حیزب. 

لەململانێی‌ نێوخۆیی‌ یەکێتی‌، یان پارتی‌، لای‌ من گرنگ نیە کام باڵ بەسەر کام باڵدا سەر ئەکەوێت، هەروەها لام گرنگ نیە کێ ئەبێ بەسەرۆک، چونکە ئەوە بابەتێکی‌ پەیوەستە بەنێوخۆی‌ حیزب و ئەندامەکانی‌. بەڵام ئەوەی‌ لای‌ من گرنگە، لەهەر ململانێیەکی‌ نێوخۆیی‌ ئەم دوو حیزبە، یان ململانێی‌ حیزبەکانی‌ تر لەگەڵ ئەم دوو حیزبە، گۆڕینی‌ مۆدیلی‌ خراپی‌ حیزبایەتیە لای‌ ئەم دوو حیزبە. ئەم مۆدیلە خراپە، بارێکی‌ قورسە بەسەر کۆمەڵگەوە، هیچ کات خۆشگوزەرانی‌ بۆ ناهێنێت، جگە لەقوربەسەریی‌ و دەربەدەریی‌، جا ئەرکی‌ هەموومانە هەوڵ بدەین مۆدێلی‌ خراپی‌ حیزبایەتی‌ یەکێتی‌ و پارتی‌  بگۆردرێت، وە دڵخۆش بین بەگۆڕینی‌ جا لەهەر لایەکەوە بێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×