چەند پرسیارێک لەبارەى هێرشەکەى سەر دکتۆر غالب

د. ئیسماعیل نامیق
  2021-02-28     958

سەبارەت بەوەى کێ هێرشەکەى ئەنجامداوەو کێ لەپشت لەئەنجامدانێوەیەتى و بۆچى و لەسەر چی ئەنجامدراوە؟ ئەمانە هەموى پرسیارى خەڵکن، چاوەڕێ دەکرێت دەزگا فەرمییەکان لەرێگەى لێکۆڵینەوەیەکى شەفافەوە وەڵام بدەنەوە. بەڵام ئەوەى پرسیارە لاى من:

1- بۆچى پارێزگارى سلێمانى سەبارەت بەم هێرشە بێدەنگى هەڵبژاردوە؟ ئەزانم دکتۆر غالب رەخنەى زۆر توند لەپارێزگار دەگرێت، تاڕادەى ناوزڕاندن و ناکۆکى کەسى، ئەوانە هەموى بەلایەک، بەڵام دواجار تاوانلێکراو لەچەقى پارێزگاکەدا تاوانى بەرامبەر کراوە، جەنابى پارێزگاریش بەرپرسى یەکەمى ئەم شارەیە، دەبێت پارێزەرو خەمخۆرى هەموان بێت بە یار و نەیارەوە، ئێ خۆ ناکرێت، ئەوەى لەدەسەڵاتە بڵێت من ئۆپۆزسیۆن ناپارێزم لەبەرئەوەى لەدژم راوەستاوە. هیوادارم کاک دکتۆر هەڤاڵ وەڵامى ئەم پرسیارە بداتەوە.

2- بۆچى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق وەکو دامەزراوە هیچ هەڵوێستێکى فەرمى دەرنەبڕى؟ تەنها مەلا بەشیر ئیدانەى هێرشەکەى کردوە.

3- بۆچى هاوسەرۆکانى یەکێتى بێدەنگ بون؟ لەکاتێکدا بۆ زۆر روداوى دیکە قسەیان هەبوە، بەتایبەتى روداوى هەڕەشەکردن و دەستدرێژىکردن، تەنانەت سەردانى تاوانلێکراو و شوێنى روداوەکەشیان کردوە، بۆ نمونە، روداوى هەڵکوتانە سەر چێشتخانەکەى عەقارى. غالب محەمەد ئەندامى پەرلەمانى عێراقەو پێنج سەد مەترێک لەدورى ئاسایشى سلێمانى هێرشى کراوەتە سەر، ئایا ئەم روداوە یاراى ئەوە نەبو قسەیەکى لەسەر بکەن؟!!

4- بۆچى هاوپەیمانى هیوا سەرەتا بەبەیاننامەیەک ئیدانەى هێرشەکەیان کردو پاشان هەر پێکهاتەیەکى هاوپەیمانییەکە، تەنانەت هەر پەرلەمانتارێکى هاوپەیمانییەکە بەیاننامەى تایبەت بەخۆیان هەبو؟ ئایا ئەمە گومان لەسەر پتەویى هاوپەیمانییەکە دروست ناکات؟

ئەمانەو چەندین پرسیارى دیکەش، کە لەزهنى هەر یەکێکماندایە سەبارەت بەو تاوانە.

هەرچى تایبەتە بە دۆزینەوەو دەستگیرکردنى تاوانبارەکە، بەڕاى من عورفێک جێگیر بوە سەبارەت بە دۆزینەوەى تاوانبار، بەپێى ئەو عورفە ئەگەر لەماوەى (24) کاتژمێردا تاوانبار دەستگیرکرا، ئەمە دەبێتە بەڵگە لەسەر رادەى جدیەتى لێکۆڵینەوەو خەمخۆریى دەسەڵات، خۆ ئەگەر لەماوەى (72) سەعاتدا دەستگیرنەکرا، ئەوا رەنگە ماستەکە موى تێدا بێت، بەتایبەتى ئەو تاوانانەى کە بەئاشکرا ئەنجام ئەدرێن.

لەکۆتاییدا هیواى زو چاکبونەوەو لەشساغى بۆ دکتۆر غالب ئەخوازم، ئۆمیدئەکەم هەر بەردەوام و توندتر بێت لەرەخنەگرتن، بەڵام بەزمان و میکانیزمێکى تر، هەروەها هیوادارم تاوانبار لەزوترین کاتدا دەستگیربکرێت و سزاى دادپەروەرانەى تاوانەکەى وەربگرێت، لەهەموى گرنگتر هیوادارم هیچ لایەنێک لەم تاوانەوە نەگلابێت. ماوەتەوە بڵیم: وەک لەسەر هیچ کۆک نین، تکایە وەرن با لەسەر ئەوە کۆک بین، وەڵامى رەخنە بە رەخنەو گوتارى توند بە یاسا بدەینەوە، نەک رەخنە بە تێهەڵدان و گوتارى توند بە کوشتن. (چالاکڤانانى هەولێرو بادینانیشتان لەبیرنەچێت.)

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×