بێدەنگی چارەسەری ئەم دۆخە ناکات
کاروان گەزنەیی
2020-04-24   678
بێدەنگی چارەسەری ئەم دۆخە ناکات
ئارامی مووچە خۆران تاقی مەکەنەوە
لە ١٠-٣-٢٠٢٠ هۆشداریماندا لەوەی کە ئەگەر حکومەت فریای دۆخی هەرێمی کوردستان نەکەوێت، دووچاری قەیرانێکی سەخت دەبێتەوە. ئەم قەیرانە چاوەڕوانکراوبوو، لە کاتێکدا لە ١٠-٣ نرخی یەک بەرمیل ٣٧ دۆلاری ئەمەریکی بوو پێشبینی ئێمە وابوو کە تەنها ١٠ دۆلار بۆ حکومەت دەمێنێتەوە، و قەیرانی کۆرۆناش ھاڕەی بە ئابووری جیھان کرد، بەڵام بەداخەوە حکومەت هەرزوو ئەمەی ڕەتکردەوە و دانی پێدانەنا. ئێستا نرخی نەوت تەنها ٢١ دۆلارە، و تا دێت ڕووە و دابەزینیش دەڕوات، ئەو بڕە پارەیە زۆر کەمترە لەو کاتەی نرخی نەوت ٣٧ دۆلار بوو.
زەرەرمەندی یەکەم لەم ناوەندە مووچە خۆرانن، کە نزیک دەبینەوە لە ٥٠ ڕۆژ و تا ئێستا مووچە دابەش نەکراوە، ئایا حکومەت پلانی چییە؟ مووچە خۆران لە دۆخی سەختی ژیاندان، و بەشێکیان کە مووچەکەیان نەدرێت ناتوانن ژیانێکی کەمتر لە ئاسایش بژیێن.
لە ١٨-٣-٢٠٢٠ یاداشتێکی ١٠ خاڵیمان خستە بەردەستی حکومەت بۆ چارەسەر و تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە کاتییە، بەڵام گوێیان نەگرت و هیچ کەسێک گرنگی پێ نەدا؛ بەڵام هێشتاش درەنگ نەبووە، و دەکرێت حکومەت سوود لە چەند خاڵێک وەربگرێت و دەستبکات بە هەنگاوی پراکتیکی.
ئێستا بەغدا ئاسان ئەو پارەیە نانێرێت کە پێشتر دەینارد بۆ هەرێمی کوردستان چونکە خۆی عجزێکی ٦٠ ملیار دیناری هەیە، و نرخی نەوتیش تا دێت دا دەبەزێت؛ لە لایەکی تریشەوە دەبێت ١.٦ ملیۆن بەرمیل لە کۆی زیاتر لە ٤ ملیۆن بەرمیل کەمبکاتەوە لە هەناردەکردنی نەوت وەکو وڵاتێکی بەشدار لە ئۆپیک و دوای بڕیاری ئۆپیک پڵەس.
داهاتەکانی هەرێمی کوردستان پێشتر بەم شێوەیە بوون، نزیکەی ٣٥٠ ملیار دینار داهاتی نەوت بووە بە وتەی حکومەت و وەزارەتی دارایی؛ نزیکەی ٤٥٠ ملیار دینار لە بەشە بودجەی بەغداوە نێردراوە، و ٢٥٠ ملیار دیناریش داهاتی ناوخۆ بووە. لە کاتێکدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نزیکەی ٨٩٤ ملیار دینارە، و ١،٤٠٠،٠٠٠ یەک ملیۆن چوار سەد هەزار مووچە خۆرهەیە و ١،٢٠٠،٠٠٠ یەک ملیۆن و دوو سەد هەزار کەس تەنها لە بایۆمەتری تۆمارکراون.
ئێستا بەغدا بەشە بودجەی هەرێم نەنێرێت، و داهاتی ناوخۆ کەم بوبێتەوە- کە من پێم وایە تا ڕادەیەك کەمبووەتەوە نەک بە تەواوی- و نەوتیش نرخەکەی لەو دابەزینە دابێت، دەبێت پلانی حکومەت چی بێت؟
کاتێک حکومەت نەتوانێت مووچە دابینبکات، ئەوکات بازاڕ بە شێوەیەکی گشتی سست دەبێت و ئاڵوگۆڕ و خولانەوەی پارە ڕووەو لاوازی دەڕوات.
وەکو ئاماژەشمان پێدا ئەم دۆخە زیاتر لە هەر کەسێک کار دەکاتە سەر ئەوکەسانەی مووچەکانیان کەمترە لە ١ ملیۆن دینار، و تەنەنانەت ئەوانەشی سەرووی ١ ملیۆن وەردەگرن بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبنە قوربانی.
پێشمەرگەیەک، ئاسایشێک، فەرمانبەرێک، دایکێکی شەهید، کەمئەندامێک و هەموو مووچە خۆرانی دیکە، کە سەرچاوەی داهاتییان زۆر سنووردارە، دەبێت چیبکەن لە دۆخێکی وەها سەخت و دژواردا لە کاتێکدا بەشێکی زۆریان کرێنشینن! تاقیکردنەوەی ئارامی مووچە خۆران، لە بەرژەوەندی حکومەتی هەرێم نابێت.
ئەم قەیرانە تا کۆتای مانگی ٧ی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، و تا ئەوکاتە حکومەت دەبێت دان بەو شکستە دابنێت و چارەسەری خێرا بدۆزێتەوە چونکە چارەسەر ڕادەستکردنی نەوت نییە بە بەغدا و دەبوایە پێشتر حکومەت پابەندی ئەم ڕێککەوتنە بوایە. دەبێت حکومەت ھەموو ھەوڵێکی بخاتە گەڕ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچە خۆران و چیتر ئارامی مووچە خۆران تاقی نەکاتەوە.
تێبینی ئەمە لینکی ئەوسای وتارەکانە:
https://www.facebook.com/1951151558245122/posts/3471241812902748/?d=n
https://www.facebook.com/1951151558245122/posts/3451963111497285/?d=n
کاروان گەزنەیی
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان