بەکارهێنانی ناوی دەوڵەت بۆ خزمەتی حزب، پێچەوانەی خواستی وەدیهێنانی حوکمێکی ڕەشیدە
کاروان گەزنەیی
2020-04-07   837
دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی نامەیەک لە لایەن بەڕێز وەزیری ناوخۆ بۆ تەفویزکردنی دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ وەرگرتنی هاوکاری مرۆیی ئاوارەکان لە یو ئێن ئێچ سی ئاڕ (UNHCR)، بەدواداچوونمان کرد بۆ دڵنیا بوون لە دروستی ناوەڕۆکی نامەکە.
گەیشتین بەو دەرەنجامەی کە بەڵێ ئەو نامەیە لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکەوە ئاڕاستەی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، و داواکراوە کە ئۆفیسەکانییان لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازی بارزانی-یەوە هاوکاری ئاوارەکان بگەیەنن بە هەرێمی کوردستان. وێڕای دەسخۆشیمان بۆ هەموو کار و چالاکییەکانی هەر ڕێکخراو و گروپێک کە بە هەر جۆرێک خزمەت دەکات، و دەبێتە مایەی سود گەیاندن بە هاووڵاتییان، لێ نابێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بخرێتە خزمەت هیچ ڕێکخراو و گروپێکەوە، لە کاتێکدا کە حکومەت بانگەشەی ئیسڵاح و ویستی پێکەوەیی دەکات.
هەر هەنگاوێکی هاوشێوە دەبێتە بنەمایەک بۆ ویستی پاوانخوازی و تێکشکاندنی هەوڵە پێکەوەییەکان لە پێناو تێپەڕاندنی دۆخی سەخت و دژواری ئێستای هەرێمی کوردستان.
بۆیە پێمان وایە ئەم کارەی وەزیری ناوخۆ دوو ڕەهەندییە. یەکەم: ئەمە پێشێلکردنی یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ١٩٩٣-ی پەرلەمانی کوردستانە، کە تیایدا ئاماژە بە دروستکردنی ڕێکخراوێکی حکومی بە ناوی هەیڤی سووری کوردستانی دەکات بۆ هەر جۆرە بەرپرسیارێتییەکی هاوشێوە؛ دروستکردنی ڕێکخراوەکەش کارێکی ئاسانە و حکومەت دەیتوانی زۆر پێش ئێستا بەم ئەرکە هەڵبستێت.
دووەم: ئەم هەنگاوە تۆخکردنەوەی هێڵەکانی بیری حزبۆکراتییەتە، و هەنگاوێکی نەرێنییە لە بە حزبیکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەتداری لە لایەک و بێ ئەرزشکردنی سەرجەم ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان لە لایەکی دیکەوە. لە کاتێکدا دۆخی ئێستای کوردستان و ناوچەکە بە جۆرێک لێمان دەخوازێت، کە پێکەوە کاربکەین بۆ بە موئەسەسەکردنی جومگە و کایەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، نابێت هیچ جۆرە هەوڵێکی تاک ویستی لەم شێوەیەی ڕێگەی پێبدرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر زانیاریمان هەبووە لەسەر بەکارهێنانی حکومەتی هەرێم بۆ بەهێزکردنی ئەم ڕێکخراوە و وەرگرتنی زۆربەی هاوکارییەکان لە کاتی جەنگ و لێقەومانە مرۆییەکان؛ ڕەنگە ئەمەش هۆکارێک بووبێت بۆ دانەمەزراندنی کۆمەڵەی هەیڤی سووری کوردستانی، کە لە ئەگەری هەبوونی ئەم ڕێکخراوە کەس مافی نەبوو تانەبدات لە کار و چالاکییەکانی و بڕیار و سەرچاوەی فەندەکانی. هاوکات، ڕێکخراوە حزبییەکان دەبێت داهاتی حزب ببێتە سەرچاوەی کار و چالاکییەکانییان، نەک سەرچاوە فەرمییەکانی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێتە هۆکاری بەهێزکردنییان.
داواکارین بە زووترین حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ ڕوونکردنەوەی لۆژیکی لەو بارەیەوە بدەن، ئەگەرنا ناچارین هەموو ڕێکخراوە تایبەتمەندەکان و ڕێکخراوە خێرخوازییە بەخشەرەکان لە ڕێگەی قونسڵخانەکان، نوێنەرایەتییەکان و بارەگای ڕێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بە فەرمی لەو بارەیەوە ئاگادار بکەینەوە و بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم هەوڵە تاکڕەوییە و هاوشێوەکانی لە ئێستا و داهاتووشدا.