بەبێ هیچ هۆکارێکی باوەڕپێکراو، لەکوردستان هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت، ئەوە گاڵتەجاڕی یەکەمە.
لەکوردستان، پەرلەمان کە دەبوایە بەهۆی بێتوانایی و ناکاراییەکەی زوتر دابخرایە، کەچی ماوەی خۆی درێژتر ئەکاتەوە، ئەوەش گاڵتەجاڕی دووەمە.
بەگوێرەی یاسا، دەبێ چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان بکرێت. ئەمە نەپێویستی بەکۆبونەوەی حزبەکانو نەبهئیمزاو رەزامەندی ئەوان هەیە. ئەوە ئیشی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنە کە خاوەنی دەیەها بەڕێوەبەرایەتی و کارمەندە. حزبی سیاسی و بەرپرسە حزبیەکان بۆیان نیە لەم پرسەدا هیچ دەستێوەردانێک بکەن. هەر حزبێکیش ببێتە هۆکاری رێگەگرتن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن ، ئەوا دەبێ بە گوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
لەئێستادا هەم یاسای هەڵبژاردن هەیەو هەم کۆمسیۆنی هەڵبژاردن. گەر کێشەیەک لەهەردوکیاندا هەبێت ئەوا دەبوا لەم ماوە دورو درێژە چارەسەر بکرابایەن.
ئەی کەواتە کێشەکە لە چیدایە؟
بەڕای من لەدوو خاڵدا کورت ئەبێتەوە:
یەکەم: ئەم دوو حزبە قەت نە پەرلەمانیان لا گرنگ بوە نە دەنگی خەڵک و نە دامەزراوەی شەرعی. ئەوانە بەبەشێک لەزەخرەفەی دیموکراسی ئەزانن. بۆیە لایان ئاساییە بە مەزاج و ویست چۆنیان بوێت هەڵیسوڕێنن وەیا دوای خەن.
دووەم: پارتی هەرچەندە بە رەسمی داوای ئەنجامدانی ئەکات، بەڵام لەواقعدا باڵێکی بەهێزی ناو پارتی پێیان باشە ماوەی ئەم کابینەیەو ئەم پەرلەمانە لاوازە، تا ساڵێکی تریش درێژ بکرێتەوە.
یەکێتیش کە هۆکاری سەرەکی دواخستنی هەڵبژاردنە، لەئێستادا ترسێکی گەورەی هەیە لەرێژەی دەنگ و کورسیەکانی. لەوانەشە باشترین بەڵگەیەک بۆ ئەم جۆرە لە گاڵتەجاڕیە ئەوەبێت کە تا ئەم ساتەوەختە، یەکێتی کە لایەنی سەرەکی و رەسمی پەکخستنی هەڵبژاردنە، نە پێشنیازێکی هەیە، نە پرۆژەیەک و نە داوای هەموارێک! ئەوەی ئەیبیستین لەسەر مەسەلەی بازنەکان و کۆتاکان (کە لەوانەیە زۆربەمان لەسەر ئەوە هاوڕابین) جگە لە قسەی زارەکی هیچی تر نیە.
دواجار دەرکەوت بە گوێرەی نەخشەو سەفقەیەک کە دواتر رونتر ئەبێتەوە، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و درێژکردنەوەی نایاساییانەی ماوەی خولی پەرلەمان، بە رێکەوتنی هەردولایەو بۆ ئەجندەیەکی دیاریکراوە.