ئەنجومەنەكەتان بۆ خۆتان
دیاری محەمەد
2019-11-28   892
سەندیكای رۆژنامەنوسانی
كوردستان، زۆر شپرزە بون، نەقیب و سكرتێری سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، لەوە
ناچێت لەناو بینایەك بن لەسەر شەقامی شەست مەتری پایتەخت، لێدوانەكانیان سەبارەت بە
"پرۆژە یاسای ئەنجومەنی باڵای میدیا" پیچەوانەی یەكترن.
لە دیدارەكانی رۆژانی
رابردودا، نەقیبی سەندیكا پرۆژە یاساكە بە دەسكەوتی سەندیكا وەسفدەكات، بەڵام سكرتێری
نەقابە بۆ NRT دەڵێت
"هیچمان رانەگەیاندوە بەرپرس نیین لەو پرۆژانە".
ئەوەی سەرنجی
دوا كۆبونەوەی فراوانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانی دابێت، كە لە ژێر ناوی (كۆنفرانسی
ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی چوارەم)، بڕیاریان وایە كە یەكێك لە تەوەرەكانی كۆنگرەی
داهاتویان " كاربكەن لەسەر رێكخستنی بواری میدیا لەكوردستان، لە رێگەی پرۆژە یاساكانی
ئەنجومەنی باڵای میدیا و یاسای بینراو بیستراو"، تا ئێستا پرۆژە یاساكانیان بۆ
رای گشتی بڵانەكراوەتەوە.
نەقیبی رۆژنامەنوسان،
لە دیدارەكانیدا لەم چەند رۆژەدا كە تەرخانكراوە بۆ شكاندنی رۆژنامەنوسان و هێرشكردنە
سەر ئەو رۆژنامەنوس و رێكخراوانەی پێان وایە ئەم پرۆژەیە دەبێتە بەدیلی یاسای كاری
رۆژنامەنوسی و لەدوا دیداریدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەلیكترۆنی پەیسەر پرێس، دەڵێت
:" هەن قازانجیان لەو بێسەروبەرەییەدایە و سودیان لێ وەرگرتوە، لە حاڵەتی ڕێكخستنی
میدیادا ئەو قازانج و سودەیان نامێنێت، لەبەرئەوە دژایەتی پرۆژەكە دەكەن و نایانەوێت
سەربگرێت" ئامادەیش نییە پرۆژەكەیان بخنە بەردەم رای گشتی و رۆژنامەنوسان"
جەختدەكاتەوە "خەڵكانێك هەن بەناو ڕۆژنامەنوسن و خۆیان بە پیشەكەدا هەڵواسیوە،
ناكرێت پرۆژەیەكی وا گرنگ بدرێتە دەست كەسانێك كە شارەزاییان لە ڕاگەیاندندا نییە."
ئەم هێرشانەی نەقیبی
رۆژنامەنوسان، بەكەم تێڕوانینی بۆ رۆژنامەنوسان و ئەو رێكخراوانەی داكۆكی لە ژینگەیەكی
لەبار بۆ ئازادی میدیا دەكەن، نەك خزمەت بە سەندیكا ناكات بەڵكو خزمەتیش بە كەشی
گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاساكە ناكات، كە بڕیارە لە كۆنگەرەی داهاتوی سەندیكا گفتوگۆیان
لەبارەوە بكرێت.
ئێمە لە سەنتەری
میترۆ كە داوامان كردوە رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی میدیا پەلەنەكەن لە پشتیوانی ئەو
پرۆژە یاسایەو بە دروشمی بریقەداری وەك ئەوەی "ئەنجومەن سەربەخۆ دەبێت"
نەكەونە داوی سەندیكا و ئەوانەی زەمانێكە لەسەنگەردان بۆ ئەوەی ئەنجومەنی میدیا بكەنە
بە دیلی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری.
هەرێمی كوردستان
لە قۆناغی گواستنەوەدایە بەرەو دیموكراسی، دەسكەوتی تەشریعی باش هەن لەناو ئەم دیموكراسیەتە
ناتەواوە ، بەڵام خەبات و فشاری زۆری ترمان ماوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایانە.
نە سەندیكاو نە
پشتیوانانی "ئەنجومەنی میدیا" ناتوانن گرەنتی ئەوە بدەن كە لەناو ئەم هەمو
دەزگا "سەربەخۆ"یانەی هەرێم كە بە پشك پشكێنەی حزبەكان دامەزراوە ، ئەنجومەنی
میدیا خۆی دەربازبكات لە هەژمونی حزبەكان، هێلكەی دو زەردێنەمان بۆ بەرهەم بهێنێ.