حکومەتی سێبەر، حیزبی سێبەر، سەرچاوەی هەمو کێشەکانە
توانا ئەحمەد خەیات
2020-02-04   1220
لەم هەرێمە بچکۆلانەیەدا کە دەوڵەمەندە بەسەرچاوەی سروشتی هەر لە ئاو ، کانزا ، نەوت و غاز ، کە نەک هەر بەشی پێداویستی ناوخۆ ئەکات بەڵکو سەرچاوەی داهاتێکی بێشوماریشە کە دەکرا بۆ خۆشگوزەرانی و بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمە بەکار بێت، بەڵام بە داخەوە بۆتە سەرچاوەی بەڵاو نەهامەتی بۆ هاوڵاتیان و دانیشتوانەکەی ، لە بەرامبەریشدا بۆتە سەرچاوەی داهات و بۆتە هۆکاری دەوڵەمەند بونی چەندان کەسی دەست ڕۆیشتوو لە ناو حزب و حکومەتدا .
هیچ کات ئەم مۆدێلە لەحزب و لە حکومەت کە لە هەرێمدا هەیە ،نە حکومەتی ڕاستەقینەیە نە حزبی ڕاستەقینەیە. بەڵکولە بەرامبەردا هەمیشە حکومەتی سێبەر و حزبی سێبەر هەبووە و کەسانی باڵادەست لە هەردوو سێکتەرەکەدا کۆنترۆڵی سەروەت و سامانی گشتی ئەم هەرێمەیان کردووە .
دانیشتوان و هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە هەر جارەی گیرۆدەی نەبوون و قەیرانی یەکێک لەم سەرچاوانەی ژیان دەبنەوە :
کە وەرزی گەرمای هاوین دێت کارەبا نامێنێت.
کە وەرزی سەرما دێت نەوت و غاز نامێنێت .
کە کێشیەکی سیاسی لە نێوان حیزبەکانی زۆنی ئەملاو زۆنی ئەولا دروست دەبێت :
ماوەیەک بەنزین نامێنێت
، ماوەیەک غاز نامێنێت
، ماوەیەک هێلکە نامێنێت
. ماوەیەک کارەبا نامێنێت
، ماوەیەک ئینتەرنێت نامێنێت
، ماوەیەک تەلەفۆن و پەیوەندی نامێنێت..
ماوەیەک چەندان و چەندانی تر لە پێداویستی ژیان نامێنێت و دەبێتە قەیران........
هەندێ جار کێشەو ململانێکان کە تونتر دەبنەوە کار دەگاتە نەمانی ڕێگا لە نێوان ئەم دوزۆنەدا ، هەر بە ئاسانی سەیتەرەکان دادەخرێن ، پەرلەمان دادەخرێت ، حکومەت دادەخرێت ، تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە دادەخرێت ، هەتا کار دەگاتە داخستن و یاساغ کردنی ئەو حزب و کەسایەتیانەی کە لەبەرامبەر ئەم نادادییەدا هەڵوێستیان دەبێت .
لە هیچ شوێنێکی دونیادا جگە لە ووڵاتانی گەندەڵ و دواکەوتوی لێ دەرچێت ئەم سەرچاوانەی ژیان ناکرێت و نابێت مۆنۆپۆڵ بکرێت و تەنها و تەنها بۆ خزمەتی کەسانی دەست ڕۆیشتوو و باڵادەست بەکار بێت ، چونکە ئەو سەرچاوانە موڵک و مافی دانیشتوانی ئەو ووڵێتەیە و یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکان کە پێویستە بە هەموو مرۆڤێک بدرێت .
بەڵام لە هەرێمی کوردستان حکومەتێکی ڕاستەقینە نییە کە نوێنەرایەتی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە بکات بە بێ جیاوازی بە یەک چاو سەیری دانیشتوانی زۆنی ئەملاو ئەو لا بکات و بە یاساو بە دەستوور پارێزگاری لە مافەکانیان بکات .
چونکە ئەرکی حکومەتی ڕاستەقینە ئەویە کە نەهێڵێت ئەم کێشەو ململانێنانەی نێوان باڵادەست و دەسڕۆیشتووەکانی حزب و ئەوانەی کۆنتڕۆلی کۆنتراکتی سێکتەرەکانی ( بازرگانی ، نەوت ، غاز ، بەنزین ، ئینتەرنێت ، کارەبا ،....هتد ) کردووە ، هەر ڕۆژەو بە بیانوییەک قەیران و کێشە بۆ دەستخستنی ئەم پێداویستیانەی ژیان دروست بکەن ، بێگومان ئەمەش بە جێبەجێکردنی یاساو پەیڕەو کردنی کاری شەفافی حکومی دەکرێت کە هەرگیز لەم هەرێمەدا جێبەجێ نەکراوە . بۆیە ئەو حکومەتانەی بەدرێژایی ئەم 28 ساڵەی دوای ڕاپەڕین دروست کراون لەم هەرێمەدا حکومەتی سێبەر بون ،حکومەتی ناوچەیەک بوون ، حکومەتی چەند کەسێکی دەست ڕۆیشتوو بوون ، نەک حکومەتی ڕاستەقینە .
بە دیوێکی تریشدا ئەو حزبانەی کە پێکهێنەری ئەو حکومەتانە بوون بە حزبە باڵا دەستەکان و حزبە بچوک و ئۆپۆسزیۆنەکانەوە هەموو کات حزبی سێبەر بوون ، حزبی کەسانی دەستڕۆیشتوو بوون ، حزب بوون کە هیچ کات ئەو پەیڕەو وپڕۆگرامەی کەوەک دەستوری حزب هەیانە جێبەجێان نەکردووە ، تەنهاو تەنها حزب بووە بە ئامرازێک بۆ وەرگرتنی پلەو پۆست و ئیمتیازات لە ناو حکومەت و سێکتەرەکانی بەڕیوەبردندا .
بۆیە سەرهەڵدانی ئەم قەیران و کێشانە زۆر ئاسییە لە ووڵاتێکدا کە نەخاوەنی حکومەتی ڕاستەقینەیە و نە خاوەنی حزبی ڕاستەقینە ، لەبەر ئەوە سەرچاوەی سەرەکی هەموو کێشەکان حکومەتی سێبەر و حیزبی سێبەر لە هەرێمی کوردستان .