پرۆسەی چاکسازیی لەکابینەکەی مەسرور بارزانیدا
سەڵاح زانا
2019-11-22   739
دامەزراندنی حکومەتێکی بەهێز، دروشمی سەرەکی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بوو . ئاڵوگۆڕی لە پۆستی سەرۆکی وەزیراندا، ئومێدێکی بەخشیە خەڵک، بەوەی کە رەنگە چاکسازی لە هەندێ بواری گرنگدا ئەنجام بدرێت. گوتیان حکومەت پڕۆژەی گەورەی هەیە بۆ چاکسازی، بیستمان کە هەندێ رێکاری سزادان بەرامبەر بە چەند بەرپرس و تاوانبارێک گیراوەتە بەر . ئەم سەرەتایە بووە جێگەی دڵخۆشی خەڵک.
کەچی دوای تێپەڕ بوونی زیاتر لە چوار مانگ بەسەر دەست بەکاربوونی کابینەی تازە، خەریکە گەشبینی بەرامبەر بە کابینەکەی مەسرور بارزانیش لەدەست دەدەین. لە خوارەوەدا بە کورتی سەرنجەکانمان سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی لە کابینەکەی مەسرور بارزانیدا دەخەینە روو.
_ سەرۆکی حکومەت چاکسازی زیاتر کورت دەکاتەوە لە فشار خستنە سەر فەرمانبەران لە فەرمانگەکاندا، وەک ئەوەی زیاتر کردنی دەوام لە فەرمانگەکاندا، کلیلی چارەسەر کردنی پرسی گەندەڵی و بە فیڕۆدانی سامانی گشتی وڵات بێ.
_ ترسناکترین دۆسیەی گەندەڵی لە هەرێمدا، لە بواری بەرهەمهێنانی نەوت و پرسی بەڕێوەبردنی داهات دایە. ئەگەر چاکسازیەکی بنەڕەتی لەو بوارەدا نەکرێ، هەرگیز حکومەتی هەرێم ناتوانێ لە رووی ئابوریەوە پشت بەخۆی ببەستێ، کەچی تا ئێستا مەسرور بارزانی هیچ هەنگاوێکی کردەیی لەم رووەوە نەناوە.
_ بەشێکی زۆری داهاتی وڵات، بە ناوی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانەوە تەخشان و پەخشان دەکرێ، سەدان هەزار کەس بە ناوی هێزە چەکدارەکان مووچە وەردەگرن، کە زۆرینەیان بن دیوار و ناشایستەن. بە راستی زۆر پێویستە هێزە چەکدارەکان رێک بخرێنەوە و بە کردەوەش سوپایەکی نیشتیمانی دابمەزرێ .
_ بە هەزاران کادیری یەکێتی و پارتی ناونیشانی وەزیفیان پێدراوە و لەسەر بودجەی حکومەت بەناوی فەرمانبەر مووچە وەردەگرن، کە ئەمە هەم کارێکی نایاساییە و هەمیش قورساییەکی زۆری خستۆتە سەر بودجەی حکومەت.
_ خۆراکێکی زۆری بەسەرچوو و کوالیتی خراپ دەهێنرێ بۆ نێو هەرێمی کوردستان، وە قاجاغی داوودەرمان بە شێوەیەکی ترسناک پەرەی سەندوە، هەروەها بازرگانی مادەی هۆشبەر بووەتە مەترسییەکی زۆر گەورە لەسەر ئاسایشی وڵات. بێگومان بە زۆری بەرپرس و دەستەڵاتداران لە پشت ئەم کردەوانەن، ئەرکی حکومەتە دژایەتیەکی گەورەی ئەم مەترسیانە بکات .
_ یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ئەم وڵاتە، نەبوونی سەروەری یاسایە، بەبێ سەروەر کردنی یاسا، ناتوانرێ رێگری بکرێ لە گەندەڵی و تاوان.
_ تا ئێستا بە کردەوە هەرێم دابەش بووە بۆ دوو زۆنی دەستەڵات زۆنی( زەرد و سەوز ) تا شوێنەواری دوو ئیدارەیی چارەسەر نەکرێ، ناتوانرێ حکومەتێکی بەهێز دروست بکرێ، کە ئەمە گەورەترین دروشمی کابینەکەی مەسرور بارزانیە.
_ بەر لە هەر هەنگاوێ، سەرەتا پێویستە چارەسەری کەموکوڕیەکان بکرێ لە بواری خزمەتگوزاریە گشتیەکاندا، وەک ( پەروەردە، تەندروستی، کارەبا، ئاو .... هتد ) . کە لەم سێکتەرانەدا کێماسی زۆر گەورە هەن.
_ چاکسازی پرۆسەیەکە، پێویستە لە سەرەوە دەست پێ بکرێ نەک بە پێچەوانەوە، ئەگەر بە راستی بەڕێزتان نیازی دژایەتی کردنی گەندەڵیتان هەیە، پێویستە چاکسازی لە خۆتان و دەوروبەر و حیزبەکەتانەوە دەست پێ بکەن. ئەو کات رووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی لە ئاستەکانی خوارەوەدا، پرۆسەیەکی ئەستەم نابێ.
ئومێدەوارین سەرۆکی حکومەت لە پرسی دژایەتی کردنی گەندەڵیدا، دەست بۆ پرسە هەستیارەکان بەرێ، نەک پرۆسەی چاکسازی لە دەوامی فەرمانبەراندا کورت بکاتەوە. لە کاتێکدا لەژێر ناوی پاشەکەوت، حکومەت بە ملیۆنان دۆلاری ئەم چینەی زەوت کردوە.