ئه‌وروپا چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پاره‌ ره‌شه‌كاندا ده‌كات، سویس وه‌كو نمونه‌!

موزەفەر هەمزە
  2019-11-08     689
                                                                               
بۆ ئه‌وه‌ی له‌پاره‌یه‌كی ره‌شه‌وه‌ كه‌ به‌رێگا ورێكاری نایاسایی به‌ده‌ستده‌هێنرێن، بگۆردرێ بۆ پاره‌یه‌كی سپی، له‌رێگای ئاوێته‌كردنی به‌پرۆسه‌ وسوڕه‌ داراییه‌كان و ئابوورییه‌كان، له‌پێناو ئه‌وه‌ی خه‌سڵه‌تێكی یاسایی وه‌ربگرێت، ئه‌و كرداره‌ به‌ پرۆسه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ ناوده‌برێت.

ئه‌و كرداره‌ چه‌ندین رێوشوێنی جیاجیای له‌خۆده‌گرێت له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنییه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ دوا قۆناغ كه‌ سپیكردنه‌وه‌یه‌.ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌و پرۆسه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌یه‌ هاودژه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ژینگه‌یه‌ی كه‌ تێیدا گوزه‌ر ده‌كات، چ له‌و وڵات‌و هه‌رێمانه‌ی كه‌ سه‌ره‌تای پرۆسه‌كه‌ لێیه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا ده‌گاته‌ ئاودیوكردنی بۆ ده‌ره‌وه‌ وپێشوازیكردنی بانك و كۆمپانیا داراییه‌كان لێیه‌وه‌. پاره‌ ئه‌و كاته‌ ده‌بێته‌ ره‌ش كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بریتی بێت له‌ داهاتی گشتی وڵات كه‌ له‌رێگای چاڵاكییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان وهه‌ڵسوكه‌وتكردن به‌سامانی وڵاته‌وه‌ په‌یدا ده‌بن، به‌ڵام له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بخرێته‌ نێو پرۆسه‌ی بنیاتنانی وڵات و خزمه‌تی كۆمه‌ڵگا، له‌ پرۆسه‌یه‌كی شاراوای زۆر نهێنی دزه‌ی پێده‌كرێت و به‌به‌شێك له‌پێكهاته‌ی داهات هه‌ژمار ناكرێت. پاره‌ی ره‌ش له‌وڵاتی دایكدا زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری بۆ ده‌گونجێت كاتێ:

- حكومه‌تی دامه‌زراوه‌ی ئاماده‌یی نابێت، ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ په‌یكه‌ری گه‌نده‌ڵی حكومه‌ت.
- له‌بواره‌كانی به‌رێوه‌بردندا پشت نابه‌سترێته‌ پێوه‌ره‌ زانستیه‌كان.
- كه‌موكوڕیی زۆر له‌یاسا و رێساكاندا بۆ چاودێكردن و سزای گه‌نده‌ڵكاران .
- ئاوێته‌بوونی ماڵی حیزبه‌ فه‌رمانڕه‌واكان و حكومه‌ت و هه‌ژموونی دیاری حیزب به‌سه‌ر ته‌واوی حكومه‌ت وكارمه‌نده‌كانی.
 
هه‌ماهه‌نگی نێوده‌وڵه‌تی بۆ‌به‌ره‌نگاری سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ چۆن ئه‌نجامده‌درێ؟
له‌ ساڵی 1989 به‌ ده‌ست پێشخه‌ری حه‌وت وڵاته  پیشه‌شازییه‌كه‌ كه‌ به‌گرووپی حه‌فت ناسراوه پێكهاته‌كییان له‌ژێر ناوی كۆمه‌ڵه‌ی كاری دارایی دامه‌زراند كه بە(‌ FATFیان GAFI)ناسراوه‌. رێكخراوێكی حكومی نێو ده‌وڵه‌تیه‌ به‌رپرسییاریه‌تی په‌ره‌پێدانی پێوه‌ره‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان   بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ و پاره‌داركردنی ئیرهاب له‌ئه‌ستۆگرتیه‌.ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌‌ له‌ ئێستادا به‌ فه‌رمی 39 وڵات له‌ خۆده‌گرێت، له‌وانه‌ 20 وڵاتی ئه‌وروپی- ئه‌مریكا- چین- ژاپۆن- هیند- به‌رازیل- ئه‌رجه‌نتین- سعودیه‌، تاكو ئێستاش نزیكه‌ی 180 ده‌وڵه‌ت ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕییه‌ كه‌ راسپارده‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ له‌به‌رچاو بگرێت، ژماره‌ی راسپارده‌كان 40 دانه‌ن و جێگیركراوه‌، ئه‌و رێكارانه‌ی دیاریكردووه‌ كه‌ پێویستن بخرێته‌ بواری بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌ویش له‌ پێناو ده‌ست نیشانكردنی سه‌رمایه‌ داراییه‌كان و ئه‌و ده‌روازه‌ پیسانه‌ی كه‌ لێیه‌وه‌ دێن و دواتریش راگرتنی هاتنیان. هه‌ر له‌نێو ئه‌و رێكارانه‌شدا مه‌رجی هه‌بوونی دامه‌زراوه‌یه‌كی نیشتمانی ده‌سه‌پێنێ كه‌ چاودێری سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ و شه‌فافییه‌ت له‌ كه‌رتی داراییدا له‌ ئه‌ستۆ بگرێت.

سیستمی سویس له‌به‌ره‌نگاری پاره‌ ره‌شه‌كان به‌كوێ گه‌یشتووه‌؟
به‌ گه‌رانه‌وه‌ بۆ رۆڵی كۆمه‌ڵه‌ی كاری دارایی و كاتی دامه‌زراندنه‌كه‌ی، له‌ ساڵی 1990 سویس بوو به‌ ئه‌ندامی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌، ئه‌و كات و تا ئێستاشی له‌گه‌لدا بێت گۆره‌پانی دارایی ئه‌و وڵاته‌ به‌یه‌كێ له‌و سه‌كۆیانه‌ داده‌نرێت كه‌ له‌ پرۆسیسی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌دا كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گیری و له‌گشت جیاهانه‌وه‌ بۆی دێت.
له‌ ئه‌نجامی ئه‌و فشاره‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر سویس كرا وله‌رێگای ئاشكرابوونی ئه‌و كه‌یسه‌ داراییانه‌ی له‌ساڵانی حه‌فتاكان و هه‌شتاكان په‌رده‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵمادرا، له‌ساڵی 1997 سویس یاسایه‌كی فیدرالی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پاره‌ ره‌شه‌كان ده‌ركرد. ئه‌و یاسایه‌ پێداگری له‌سه‌ر دیاریكردنی شوناسی ئه‌و زه‌بوونانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی بازرگانیان له‌گه‌ڵدا داده‌مه‌زرێنێ وهه‌ر گومانێك له‌سه‌ر گوژمه‌كانی پاره‌ و چاڵاكییه‌كانی په‌یوه‌ندیار پێیه‌وه‌ هه‌بێت په‌رده‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵده‌ماڵدرێ و به‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ راده‌گه‌ینرێت. له‌ كۆتایی ساڵی 2016 راپۆرتی هه‌ڵسه‌نگاندنی تایبه‌ت به‌ سویس كه‌ تیمی كۆمه‌ڵه‌ی كاری دارایی ئاماده‌یان كردبوو، له‌سه‌ر دروستی وتۆكمه‌یی رێكاره‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پاره‌ی ره‌ش كه‌ له‌لایه‌ن كۆنفدرالیی سویس كاری پێده‌كرێ، ئه‌نجامێكی باشی به‌ده‌سته‌وه‌ هێنا و له‌پێشه‌وه‌ی ئه‌و هه‌شتا وڵاته‌ بوو كه‌ تا ئێستا ئه‌و جۆره‌ لێكۆڵینه‌وهانه‌ی تێدا ئه‌نجامدراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌ كه‌مته‌رخه‌می كۆنفدرالیه‌تی سویسی له‌ 9 راسپارده‌دا له‌كۆی 40 راسپارده‌ به‌ده‌رخست. تۆماری چالاكیه‌كانی چه‌ند ساڵی نزیكی رابڕدوو ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ئاماژه‌دان و گه‌یاندنی هه‌واڵ له‌سه‌ر پاره‌ وهه‌ژماره‌ بانكیه‌ گوماناویه‌كان به‌ ئۆفیسی(هه‌واڵپێدان له‌سه‌ر كرداره‌كاره‌كانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌)1* له‌ حكومه‌تی سویس جۆرێكن له‌ به‌ڵگه‌، تێیدا ته‌نها له‌سه‌ڵی 2018 بڕی 6100 راپۆرت له‌ لایه‌ن بانكه‌ سویسرییه‌كان به‌و ده‌زگایه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ بڕی 17.5 ملیار فره‌نك له‌خۆ ده‌گرێت. گرافیكی خواره‌وه‌ زیاتر روونیده‌كاته‌وه‌:
 
سویس سه‌رچاوه‌ی گرافیك: ئۆفیسی هه‌واڵپێدان به‌ ره‌وشه‌كانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌
شرۆڤه‌كردنی گرافیكی سه‌ره‌وه:
‌ گرافیكه‌كه‌ ره‌وشی ده‌ ساڵی رابڕدووی وێناكردووه‌ ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ساڵ دوای ساڵ ژماره‌ی ئه‌و راپۆرتانه‌ی كه‌ دراون به‌ ده‌سه‌ڵاتی سویس ده‌رهه‌ق به‌ جووله‌ی داراییی پاره‌ هاتووه‌كان وگوومان لێكردنیان، له‌هه‌ڵكشاندا بووه. كاتێ ژماره‌ی راپۆرته‌كانی هه‌واڵپێدان له‌هه‌ڵكشاندا بووه‌، به‌و مانایه‌ دێت كه‌ رێژه‌ی پاره‌ ره‌شه‌كانیش ئه‌وانه‌ی روویان له‌و وڵاته‌ كردووه‌ به‌هه‌مان پێوه‌ر له‌هه‌ڵكشاندا بووه، بۆ نموونه‌: له‌ساڵی 2017 ژماره‌ی هه‌واڵپێدانه‌كان به‌ده‌زگای په‌یوه‌ندیدارنزیكه‌ی 4700 هه‌واڵپێدان بووه‌ كه‌ گومان له‌سه‌رچاوه‌ی یاسایی بوونی پاره‌كه‌ كراوه‌. له‌ 2018 بۆ 6100 هه‌واڵپێدان هه‌ڵكشاوه‌. رێژه‌ی هه‌ڵكشان له‌ 2018 به‌راورد به‌ 2017 بریتیه‌ له‌ 29.7%. ئه‌گه‌ر ساڵی 2015 به‌بنه‌ما وه‌ربگرین كه‌تێیدا ژماره‌ی هه‌واڵپێدان 2400 بووه‌، له‌2018 به‌بڕی زیاده‌ی 3700 هه‌واڵپێدان زیادیكردووه‌. 
له‌گه‌ڵ هه‌بوونی هه‌موو ئه‌و رێكارانه‌ی ده‌گیرینه‌به‌ر له‌ چاودێریكردن و هه‌بوونی دامه‌زراوه‌ی‌ په‌یوه‌ندیدارله‌ به‌رامبه‌ر پاره‌ دزه‌پێكراوه‌كان وكۆنترۆڵكردنی ده‌روازه‌ و نیشتمانی ئه‌و پارانه، كه‌چی پاره‌ سپیكراوه‌كان به‌ گوژمه‌ی زیاتر دزه‌یان پێده‌كرێت.
ئه‌گه‌ر چاوێك به‌ پێگه‌ی سویسدا بخشێنین له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌تانی جیهان له‌بواری شه‌فافییه‌تدا كه‌ رێكخراوی شه‌فافییه‌تی نیو ده‌وڵه‌تی* ساڵانه‌ راپۆرتی هاوپێچ به‌ لیستێك‌ ده‌رده‌كات، ده‌بینرێ سویس زۆر زیاتر له‌ پێشه‌وه‌ی وڵاتانی تری ئه‌وروپیه‌ نه‌وه‌ك هه‌ر وڵاتانی تری جیهان، خشته‌ی خواره‌وه‌ زیاتر روونیده‌كاته‌وه‌:
 
 
خشته‌ی سه‌ره‌وه‌ دوا لیستی رێكخراوی شه‌فافییه‌تی نیو ده‌وڵه‌تیه 2018 بۆ رێژه‌ی پاكی هه‌ر وڵاتیك له‌ پێوه‌ری ئه‌ودا. پێوه‌ره‌كه‌ له‌ سفره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تاكو 100 خاڵ، كامه‌ وڵات خاڵی زیاتر هه‌بێت به‌و مانایه‌ دێت كه‌ رێژه‌ی ده‌ستپاكی به‌راورد به‌وڵاتی تر زیاتره‌ تێیدا.
سویس كه‌ رێژه‌ی شه‌فافییه‌ت تێیدا له‌ ساڵی 2018 بریتی بووه‌ له‌ 85%، ریزبه‌ندییه‌كه‌ی له‌نێو لیسته‌كه‌دا له‌ نێو گرووپی ئه‌و سێ وڵاته‌یه كه‌ پله‌ی سیهه‌میان له‌ئاستی ئه‌و 181 وڵاته‌ی جیهاندا به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌و مانایه‌ دێت كه‌ ته‌نها دانیمارك و نیوزلاند له‌پێشه‌وه‌ی سویسن، ئه‌گینا نه‌رویج و هۆڵاند و لوكسنبۆرگ و ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا و ئوسترالیا و نه‌مسا له‌دوای ئه‌وه‌وه‌ هاتوون.
ئه‌گه‌رچی سویس له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هه‌ولێكی زۆریدا بۆ چاككردنی سیستمی به‌ره‌نگاری سپیكردنه‌وه‌ی پاره ‌له‌بواری یاسایی و په‌یكه‌ریدا، كه‌چه‌ندین پرۆسێسی قێزه‌وه‌نی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ی به‌خۆوه‌ بینی، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت هه‌ندێ كه‌له‌به‌ر ماون. له‌به‌رنامه‌یدایه‌ به‌ هاتنی سه‌ره‌تای ساڵی 2020 ئه‌و كه‌له‌به‌رانه‌ پڕبكاته‌وه‌. له‌و پێناوه‌ش حكومه‌تی فیدرالی له‌ مانگی ته‌مموزی ئه‌مساڵ 2019 پرۆژه‌ی پێداچوونه‌وه‌ به‌ یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ راده‌ستی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ی كرد، داواكراوه‌ له‌ مانگی شوباتی هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ ئه‌و كه‌له‌به‌رانه‌ پڕبكرێنه‌وه‌.
چونكه‌ له‌ساڵی 2021 له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی كاری دارایی دووباره‌ سویس ده‌خرێته‌وه‌ به‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی سیستمه‌كه‌ی له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پاره‌ ره‌شه‌كان.

كه‌له‌به‌ره‌كان له‌كوێن؟  
كۆنترۆڵنه‌كردنی یه‌كجاره‌كی دیارده‌ی دزه‌پێكردنی پاره‌ ره‌شه‌كان ئه‌وانه‌ی روو له‌ سویس ده‌كه‌ن (ته‌نها له‌ ئه‌نجامی پاراستنی نهێنی بانكییه‌وه‌ نیه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ش به‌هۆی فراژۆبوونی ئه‌و چوارچیوه‌ یاسایی وداراییه‌ گونجاوه‌یه‌ كه‌ رێگا خۆشكه‌ر بووه‌ بۆ هه‌زاران كۆمپانیا داڵده‌بدرێن بێ ئه‌وه‌ی له‌وێدا بنه‌ وباره‌گایان هه‌بێت.
دزه‌پێكردنی سامانی دارایی وڵات كه‌به‌رده‌وامی هه‌یه‌ مه‌رجی نیه‌ له‌دزه‌پێكردنیاندا ته‌نها روو له‌یه‌ك وڵاتی ئه‌وروپی بكه‌ن.
له‌ دیوی به‌رامبه‌ریشدا كه‌ به‌مه‌به‌ست ئه‌و وڵات و هه‌رێمانه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانیان ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی نین وخۆیان له‌ده‌سه‌ڵاتێكی ده‌ستی ئاسنین و بنه‌ماڵه‌یی و به‌شبه‌شێنه‌ی ئۆلیگارشی ده‌بیننه‌وه‌، كوشتنی خۆپیشانده‌ران و رۆژنامه‌نووسان وده‌ربه‌ده‌ركردنیان و هه‌ڕه‌شه‌ لێكردنیان و ده‌ستگیركردنیان ئه‌و بژارده‌یه‌ن كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ست پیسه‌كان له‌ شێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ هێشتنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ وه‌ك خۆی، ده‌ستییان بۆ بردووه‌. به‌پێی ئاماژه‌ی رێكخراوی شه‌فافییه‌تی نێو ده‌وڵه‌تی كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ به‌رلینی پایه‌ته‌ختی ئاڵمانیایه‌، ده‌ڵێ: (له‌ زۆربه‌ی جاره‌كاندا ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌كرێته سه‌ر رۆژنامه‌نووسان به‌ كوشتن كوتاییان دێت، له‌ساڵی 1992 وه‌ تاكو كاتی نووسینی ئه‌و راپۆرته‌، بڕی 1300 رۆژنامه‌نووس كوژراون، زۆربه‌یان له‌و وڵاتانه‌دا كوژراون كه‌ تێیدا كه‌رته‌ گشتیه‌كان - واته‌ له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌ته‌كانیان- گه‌نده‌ڵن.
ئه‌و راپۆرته‌ نوێیه‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌ی به‌رگریكار له‌ رۆژنامه‌نووسانه‌وه‌ ده‌رچووه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ تێكڕای خۆ دزینه‌وه‌ له‌ سزادان بكوژانی رۆژنامه‌نووسان ئه‌وه‌نده‌ به‌رزه‌ شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیداری وه‌رگرتووه‌، له‌ پێنج تاوانی كوشتندا، یه‌ك ئیدانه‌كردن هه‌یه‌. كاتێ دادگا و پۆلیس ده‌بن به‌ خودی به‌شێك له‌په‌یكه‌ری ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ، هه‌ڵاتن له‌ وه‌رگرتنی سزا ده‌بوژێته‌وه‌.‌  


په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كانی كه‌ڵك لێوه‌رگیراو:
1  / ئه‌و ئۆفیسه‌ كه‌ تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ وه‌رگرتنی هه‌واڵ له‌سه‌ر هه‌ر پاره‌یه‌كی نایاسایی كه‌ له‌نێو كۆنفیدرالیه‌تی سویس ده‌خولێته‌وه‌، باره‌گاكه‌ی له‌ بێرنی پایه‌ته‌خته‌ وماڵپه‌ری تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت ناونیشانی شوێن ژماره‌ی ته‌له‌فونیشی داناوه‌.
  2/ Armando Mombelli / Swissinfo
 3  / رێكخراوی شه‌فافییه‌تی نێو ده‌وڵه‌تی / راپۆرت/ 1ی نوفه‌مبه‌ر2019.  

‌موزه‌فه‌ر هه‌مزه‌، ئابورییناس‌و ده‌رچوی زانكۆی به‌غدا 1986، كولیژی كارگێری‌و ئابووری - به‌شی ئابوری


   


 ‌ ‌‌  
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×