ئۆکرانیا لە ترسی ئەوەی کە جارێکی دی لە لایەن ڕوسیاوە پەلامار نەدرێت ویستی بچێتە نێو پەیمانی ناتۆو ئاسایشی داهاتوی خۆی دابین بکات، چونکی ڕوسیا ناتوانێ هێرش بکاتە سەر ئەندامانی ناتۆ، گەر ئۆکرانیا ئەو کارەی بۆ بچوایەتە سەر وەکوو کوردەواری دەڵێ پشتێنی لێدەکردەوەو قاچی لێڕادەکێشا. وە بەهەمان شێوەش ڕوسیا لە پێناوی ئەوەی کە ڕێگا بگرێت لە چونی ئۆکرانیا بۆ نێو ناتۆ، بۆ نێو دوژمنەکەی، یان بە واتایەکی دی بۆ ئەوەی ڕێگە بگرێت لە گەورە بوونی دوژمنەکەی و نەگاتە سنورەکەی هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا. پۆتین دەڵێ (ناتوانی لە سەر حیسابی ئاسایشی خەڵکی ئاسایشی خۆت دابین بکەیت). هۆکاری سەرەکی شەڕەکە ئەمنیەت بوو.
ئۆکرانیا چاک دەیزانی ئەو هەنگاوەی ڕیسكێکی گەورەیە، ڕەنگە بە تەواوی سەری بخوات، وە بە هەمان شێوەش ڕوسیا دەیزانی بەم کارەی ئابوریەکەی زەرەری زۆر بەر دەکەوێ و ڕەنگە پەل بکێشێت بۆ شەڕی گەورەتر .... هەردوکیان دەزانن ئاسایش بەر لە هەموو شتێکەوە، گەر ئاسایش نەبوو هەر شتێکی دیت هەبوو نرخێکی ئەوتۆی نیە. کەواتا بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش دەبێت ڕیسکی گەورەی بۆ بدەیت.
هەرێمی کوردستان گەر هەموو شتێکی هەبێت مادام ئاسایشی نیە (هیچ گەرەنتی نیە کە مانگی داهاتوو هێرش نەکرێتە سەری) کەواتە ئەوەی هەیەتی جێگای دڵخۆشی نیە، چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا ئەندام پەڕلەمانێکی عێراقی شۆفێنی وتی با هێرش بکەینە سەر هەرێمی کوردستان، لالۆ شۆفێنیەت دەستور ناناسێ، ئاسایش لە پێش دروستکردنی جادەیە، بینایە، کۆنسێرتە، ....هتد کە ئاسایشت نەبوو دەکرێت زۆر بە ئاسانی هەموو شتێک لە دەست بدەیت.