ئەمانە پاندامیکن

دانا میرزا ڕەفیق
  2020-06-09     898

هەرێمی کوردستان نزیکەی سی ساڵە توشی ڤایرۆسێکی کوشندە بووە. تائێستا هەزارەها کەسی کوشتووە (شەڕی ناوخۆ، کوشتنی ڕۆژنامەنووس، چالاکوان، هاوڵاتی...هتد). هەزارەها کەس بە جۆرێک لە جۆرەکان لە بەر ئەو پاندامیکە وڵاتیان بە جێهێشتووە. سەدەهاو هەزارەها کەسی کەم ئەندام کردووە. بە تەواوەتی ژیانی لە هاوڵاتیانی کوردستان هەراسان کردووە.

ئێمە زیاتر لە ڤایرۆسە کوشندەکان ئەترسین تا ڤایرۆسە مرۆییەکان (دەسەڵاتە خراپەکان). ئەمەش دیدگایەکی خراپە. هەڵەیە. ئەوەمان لە بیر چوەتەوە بە درێژای زەمەن دەسەڵاتە خراپەکان زیاتر زیانی هەبووە تا ڤایرۆسەکان.

دەسەڵاتی کوردی پاندامیکێکی کوشندەیە. ڕۆژ لە داوای ڕۆژ خراپتر ئەبێت چونکی وەکی پێویست ڕێگا لە تەشەنەکردنی ناگیرێت، ئەمە سروشتی ڤایرۆسە. دەسەڵاتە خراپەکان هەموویان جۆرێکن لە جۆرە خراپەکانی ڤایرۆس. 

ڤایرۆسی خراپ خراپە، بەڵام ئەوەی خراپتری ئەکات کورد گوتەنی قوڕەکە خەستتر ئەکات ئەوەیە خەڵکانێک دەیانەوێت ڤایرۆسە خراپەکان  بمێنێت. بۆ نموونە تەنها لەبەر یەک تاکە ڤایرۆسی کوشندەی وەک ئەسەد نیو ملیۆن هاوڵاتی سوری تیا چووە، ملیۆنەها کەس ئاوارە بووە، ئەو وڵاتە بووەتە کەلاوە. لە گەڵ ئەوانەشدا هێشتا خەڵکانێک هەن بەرگری لێئەکەن و ڤایرۆسەکەیان (ئەسەدیان) هەڵگرتوەو دەیپارێزن.

هەمان ڤایرۆس لە سوریا لێرەش هەیە، ئەی ئەو نەبوو ڕۆژنامەنوسێک لە بەرچاو دایکیا کوشتیان... هەمان عەقڵیەتی بەرگری لە سوریا لێرەش هەیە. ئەی ئەوە نەبوو کوڕێکی سەرجادە شەقێکی لە مامۆستایەکی بەتەمەن هەڵدا... ڕاستە ئەوەی سوریا کوشندەترە، جۆرەکەی جیاوازە، عەقڵیەتی بەرگری ڤایرۆسەکە داماوترە. بەڵام هەردوکیان دەکەونە ژێر کاتیگۆری خراپەوەو زیان بەخشن.

چارەسەری ئەم پاندامیکە دەرزی کوتانە Vaccine Injection و هیچی تر. فول ستۆپ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×