كه‌س هه‌یه‌ به‌ بافڵ تاڵه‌بانی بڵێت

ئومێد قه‌ره‌داغی‌
  2023-09-29     507

ئه‌گه‌ر كۆنگره‌ی یه‌كێتی ته‌نها بریتی بێت له‌ دووباره‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ نێو سه‌ركرده‌كان و كادره‌كانی حزبدا، ده‌ستكاریكردنی په‌یره‌و و پروگرام و رێكسختنه‌وه‌ی ئۆرگانه‌كان، ئه‌وا ئه‌و كۆنگره‌یه‌ هیچ گرنگییه‌كی بۆ ژیانی گشتی و بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی یه‌كێتیش نابێت ، ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كۆنگره‌ی یه‌كێتی كۆنگره‌ی پێداچوونه‌وه‌ بێت به‌ روئیا و ئه‌دای یه‌كێتی بۆ حوكمرانی له‌ هه‌رێمدا ، با واز له‌وه‌ بێنین یه‌كێتی خاوه‌نی باكگراوندێكی چه‌پ و دیدێكی سوشیالیستانه‌یه‌ بۆ واقیع و به‌رێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا ، گه‌وره‌ترین و كاریگه‌رترین سه‌ركرده‌كان و ره‌مزه‌كانی یه‌كێتی وه‌ك شه‌هید ئارام و شهاب شیخ نوری و زۆری تر سه‌ر به‌م تایپه‌ له‌ دیدی سیاسین ، خۆ هه‌ر ئێستا به‌ ره‌سمی خۆی وه‌ك حزبێكی سوشیال دیموكرات ناساندوه‌

چ روئیای فكریی رابردووی یه‌كێتی و چ سوشیال دیموكراته‌كه‌ی ئێستای ، له‌ جه‌وهه‌ردا له‌سه‌ر یه‌ك تێز دامه‌زراوه‌ ، ئه‌ویش فروانكردنی چینی ناوه‌نده‌، فروانكردنی چینی ناوه‌ندیش له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی حوكمرانی راده‌وه‌ستێت ، له‌وانه‌ زیاتركردن و هه‌مه‌جۆركردنی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتیه‌كان بۆ هاوڵاتیان، په‌یره‌وكردنی سیاسه‌تێكی دارایی و نه‌ختینه‌یی ئه‌وتۆ كه‌ له‌ خزمه‌تی چینی هه‌ژاره‌كان بێت و به‌هیواشی هه‌ژاره‌كان بهێنێته‌ ئاستی چینی ناوه‌ند ، په‌یره‌وكردنی سیستمێكی باجی هه‌ڵكشاو ( ئه‌م سیستمه‌ باجه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی باجه‌ له‌سه‌ر هاوڵاتیان و زیاتركردنی باجه‌ له‌سه‌رده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ، باج به‌ پێی ئاستی داهات ئه‌سه‌پێنرێت ) ، فروانكردنی چینی ناوه‌ند له‌ رێگای سنووردانانه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌ڵپه‌ و ته‌ماعی كه‌رتی تایبه‌ت ، دیاریكردنی لانیكه‌می كرێیه‌ به‌جۆرێك ژیانێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ بۆ ژیانی كارمه‌ند دابین بكات ، سنووردانانه‌ بۆ هه‌ڵاوسان و به‌هێزكردنی توانای هێزی كرینه‌ ، چونكه‌ له‌ هه‌ڵاوساندا ته‌نها ئه‌و چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ زیان ئه‌كه‌ن كه‌ خاوه‌ن داهاتێكی جێگیرن وه‌ك فه‌رمانبه‌ران .....

یه‌كێتی ساڵانێكی زۆره‌ له‌ حكومه‌تدا شوێن هه‌مان روانگه‌ی پارتی كه‌وتوه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ نێولیبرالیزم ، جه‌وهه‌ری نیولیبرالیزم بریتیه‌ له‌ خۆرزگاركردنی حكومه‌ت له‌ دابینكردن و زیادكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتیه‌كان، ئه‌مه‌ش به‌ پاساوی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش حكومه‌ت به‌ جدی كاریكردوه‌ بۆ به‌تایبه‌تكردنی كه‌رته‌ گشتیه‌كان و له‌ راستیشدا به‌تایبه‌تكردنی هه‌موو شتێك ، زیادكردنی باج و خه‌راج ، یه‌كێتی له‌م لایه‌نه‌وه‌ هه‌مان شه‌و شته‌ی جێبه‌جێكردوه‌ كه‌ پارتی كردوێتی ، به‌ هه‌موو توانایانه‌وه‌ هه‌وڵیانداوه‌ حكومه‌ت خۆی له‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتیه‌كان بدزێـته‌وه‌ ، به‌تایبه‌ت خزمه‌تگوزاری په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی و كاره‌با ، خزمه‌تگوزاری گشتی له‌ ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ و كاره‌با به‌راده‌یه‌كی زۆر هێنراوه‌ته‌ خواره‌وه‌ ، ئامانج له‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی پله‌ به‌ پله‌یی حكومه‌ت به‌ ته‌واوی خۆی بدزێته‌وه‌ له‌ پێشكه‌شكردن خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان و به‌مه‌ش قورسایی خه‌رجییه‌ گشتیه‌كان له‌سه‌ر خۆی لابه‌رێت ، بۆ ئه‌مه‌ش بیرۆكه‌ی به‌تایبه‌تكردنیان هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ ، ده‌یان نه‌خوشخانه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت كراونه‌ته‌وه‌ هیچ كاتێك نرخه‌كانیان له‌ ئاستی داهاتی هه‌ژاره‌كاندا نییه‌ ، سه‌دان قوتابخانه‌ی ئه‌هلی دروستبوون كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بوارێك نین بۆ پێگه‌یاندنی مناڵی خێزانی هه‌ژار و مام ناوه‌ند ، كاره‌با به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌روانه‌كراو گران بوه‌ ، ساڵه‌هایه‌ خاوه‌ن مولیده‌كان وه‌ك كه‌رتێكی تایبه‌تی كاره‌با له‌سه‌ر گیرفانی خێزانی كورد پاره‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌ ، زۆربه‌ی خێزانه‌ هه‌ژاره‌كان به‌ گه‌رمای هاوین و سه‌رمای ززستان ناچارن به‌ چه‌ند ئه‌مپێرێك كاره‌بای كه‌م ژیان بكه‌ن

حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ یه‌كێتی پێكهێنه‌رێكی سه‌ره‌كییه‌تی باج و خه‌راجێكی وای سه‌پاندوه‌ كه‌ بۆ چینی هه‌ژار و مام ناوه‌ند تاقه‌ت پڕوكێنه‌ ، به‌ڵام زۆربه‌ی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان كه‌ سامانه‌كانیان ملیار دۆلاری تێپه‌راندوه‌ باج ناده‌ن، باجیش بده‌ن ناچێته‌ خه‌زێنه‌ی گشتی و نابێته‌وه‌ به‌ ئامرازی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری بۆ هاوڵاتیان .

یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین ئه‌ركه‌كانی هێزێك كه‌ خۆی به‌ سوشیال دیموكرات بزانێت ئه‌وه‌یه‌ ده‌رفه‌تی كاری گونجاو به‌ كرێی گونجاو بره‌خسێنێت ، له‌ سایه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌دا كه‌ یه‌كێتی تیایدا به‌شداری سه‌ره‌كییه‌ ، زیاتر له‌ 500 هه‌زار ده‌رچووی زانكۆ و په‌یمانگاكان هه‌یه‌ دانه‌مه‌زراون، كه‌رتی تایبه‌تیش به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌م زۆر بچووكن به‌راورد به‌ قه‌باره‌ی ده‌ستی كار ، هه‌میش به‌هۆی لاوازی چاودێری و لاوازی رۆڵی سه‌ندیكا كریكارییه‌كانه‌وه‌ به‌ خراپترین شێوه‌ سه‌رقاڵی ئیستیغلالكردنی كرێكار و كارمه‌ندن، به‌ كه‌مترین كرێ كاریان پێده‌كه‌ن ، ئه‌ركی یه‌كێتییه‌ لانیكه‌می كرێ دیاری بكات كه‌ بگونجێت له‌گه‌ڵ ئاستی گوزه‌راندا ، وه‌ك چاودێریكه‌ر و جێبه‌جێكه‌ری ئه‌م بریاره‌ بێت ، كه‌ به‌داخه‌وه‌ نه‌یكردوه‌

له‌ كوردستان ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ ملیاردێر و ملیۆنه‌ر هه‌یه‌ ، كه‌ ئه‌وه‌ هێما نین بۆ گه‌شه‌ی ئابووری ، به‌ڵكو هێمان بۆ ئیستغلالی سامانی گشتی و نه‌بوونی سیستمی باجی هه‌ڵكشاو و نه‌بوونی لانیكه‌می دادپه‌روه‌ریی ، به‌رانبه‌ر به‌ هه‌ڵكشانی ملیاردیره‌كان ، چینی ناوه‌ند له‌ داروخانێكی ئێجگار مه‌ترسیداردایه‌، رووبه‌ری هه‌ژاره‌كان فراوان ئه‌بێت و هه‌ژاره‌كان هه‌ژارتر ئه‌بن ، ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی سه‌ره‌تاكان و پره‌نسیپی سوشیال دیموكراتیه‌ و گه‌وره‌ترین مه‌ترسیشه‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی حوكمرانی ، روانشاد مام جه‌لال له‌م راستیه‌ گه‌یشتبوو بۆیه‌ دروشمێكی سه‌ره‌كی ئه‌و ئه‌وه‌بوو كه‌ ده‌یگوت له‌ خانوه‌ قوره‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ن، به‌ڵام یه‌كێتی له‌ ئێستادا خانوه‌ قوڕه‌كانی كردوه‌ به‌ قوڕدا.

چیرۆكی ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌ چینی مام ناوه‌ندییان له‌ كوردستان له‌ناوبردوه‌ و كۆمه‌ڵگای كردوه‌ كردوه‌ به‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی هه‌ژار و مه‌حروم چیرۆكێكی دوور و درێژه‌، ره‌نگه‌ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ نه‌بێت به‌ نوسینێكی كورت ئه‌م پرسه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر تاوتوێ بكرێـ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بوترێت ئه‌وه‌یه‌ ، كۆنگره‌ی یه‌كێكی ته‌نها له‌یه‌ك باردا ئه‌توانێت رۆڵی هه‌بێت له‌ باشتركردنی دۆخی یه‌كیتێدا ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و چاكسازی له‌و بابه‌تانه‌ بكات، فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ئه‌و فراوانكردنی چینی ناوه‌ند و به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بێت كه‌ پێش هه‌موو شت دادپه‌روه‌رییه‌كی ئابوورییه‌ ، بێ ئه‌مه‌ ، كۆنگره‌ی یه‌كێتی هیچ بایه‌خێكی نابێت نه‌ بۆ یه‌كێتی و نه‌ بۆ خه‌ڵك ، لای خه‌ڵك ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ سیستمی به‌رێوه‌بردن هاوسه‌رۆكیه‌ یان تاك سه‌رۆكی ، بافَل تاَله‌بانیه‌ یان لاهور جه‌نگیه‌، كێ ده‌چێته‌ سه‌ركردایه‌تی و كێ ئاوت ئه‌كرێ، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش گرنگ یه‌كێتی بوه‌ به‌ حزبێكی بنه‌ماڵه‌یی یان حزبێكی فره‌ مینبه‌ره‌، ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵك گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ چۆن حوكم ئه‌كرێت، ژیانی چۆنه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×