ئه‌م ئاراسته‌ وێرانكه‌ره‌ رابگرن

ئومێد قه‌ره‌داغی‌
  2021-05-07     614
ئه‌وه‌ی له‌روداوی به‌كارهێنانی دادگاو دادوه‌ر روئه‌دات بۆ سه‌ركوتكردنی ئازادی و  به‌دیهێنانی ئامانجی سیاسی، روداوێكی شوكهێنه‌ر نییه‌، پێشتریش له‌چه‌ندین بۆنه‌ی سیاسیدا دادگا وه‌ك ئامرازی ته‌سفیه‌ی سیاسی به‌كارهاتوه‌، وه‌ك   فاكتێكی به‌هێزی بێده‌نگكردن و سه‌ركوتكردنی ئازادی رۆڵی بینیوه‌، نموونه‌ی نزیكی ئه‌مه‌ش بریاری ده‌ستگیركردنی  نه‌وشیروان مسته‌فا بوو له‌ دادگاكانی هه‌ولێره‌وه‌، دواین پێشهاتیش بریتیه‌ له‌بریاری دادگای ته‌میز به‌سزادانی شه‌ش ساڵ زیندانی بۆ ئازادیخوازه‌كانی بادینان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ئه‌و چاودێرانه‌ی  ئاگاداری وردی ره‌وشی دادگایكردنه‌كه‌ن، بێ دوو دڵی، بریاری ئه‌م دادگایه‌ به‌گاڵته‌جاری وه‌سف ئه‌كه‌ن.

پێشترو له‌سه‌ره‌تای تۆمه‌تباركردنی ئازادیخوازه‌كانی بادینانه‌وه‌، من نوسیم، ئه‌مه‌ ئه‌و مۆدێله‌یه‌ له‌حوكمران‌ كه‌ پارتی ئه‌یه‌وێ دروستی بكات، ئێستاش وێنه‌كه‌ باشتر روون بۆته‌وه‌، بناغه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ر سیستمێكی دیكتاتۆرو دژه‌ ئازادی بوونی دادگای ده‌سته‌مۆو دادوه‌ری بوكه‌ڵه‌یه‌، زیاد له‌هه‌ر ئه‌زموون و ساتێكی دیكه‌ ، ئه‌م دیمه‌نه‌مان له‌ بریاری دادگای ته‌میز بۆ ده‌ركه‌وت، ئه‌وه‌ی پارتی  ده‌یه‌وێت بیكات  دروستكردنی زیندانێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ هه‌ر ده‌نگێكی ئازادیخواز، بۆ  هه‌ر (نا) یه‌ك به‌رووی ئه‌و سیستمه‌ حوكمرانیه‌دا، پارتی له‌رێگای كۆنترۆڵكردنی جومگه‌كانی دادگاو هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی،  ئه‌م تێزه‌ی ده‌سه‌پێنێت، به‌ڵام ئه‌ی یه‌كێتی و گۆران چیده‌كه‌ن؟ دوو هێزی به‌شدارو باڵاده‌ست له‌ كایه‌ی حوكمرانیدا چۆن ئه‌م مۆدیله‌ به‌رێوبه‌رییه‌ی پارتی قبوڵ ئه‌كه‌ن؟ له‌ر راستیدا ئه‌ركی راسته‌قینه‌ سنووردانانه‌ بۆ ئه‌م تایپه‌ له‌ دیكتاتۆری و كۆتایهنانه‌ به‌ هه‌ژموونی حزبی به‌سه‌ر دادگادا، مانه‌وه‌ی دادگا له‌ژێر هه‌ژموونی حزبیدا په‌ڵه‌یه‌كی ره‌شه‌ به‌ حوكمرانی كوردییه‌وه‌ و پێویسته‌ كۆتاییپێبهینریت.

نوسراوه‌كه‌ی دادگای ته‌میز، نه‌ك برواپێهێنه‌ر نییه‌ بۆ رای گشتی، به‌ڵكو  به‌راستی گاڵته‌جارییه‌كی گه‌وره‌یه‌، وه‌ك هه‌موو ئه‌و گاڵته‌جارییانه‌ی له‌ دادگای وڵاته‌ دیكتاتۆره‌كاندا بوونی هه‌یه‌، تۆمه‌تباركردنی هه‌ریه‌ك له‌كونسوڵخانه‌ی ئه‌ڵمانیاو ئه‌مریكا  به‌ پشتیوانی دارایی  بۆ كاری تیرۆرو تێكدان، خستنه‌رووی  وه‌رگرتنی كۆمه‌ك له‌ رێكخراوێكی نیوده‌وڵه‌تی بۆ رۆژنامه‌نووس و چالاكی مه‌ده‌نی  وه‌ك به‌ڵگه‌ی  تیرۆرو تاوان،  وێنه‌گرتن له‌گه‌ڵ شۆرشگێره‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان وه‌ك تاوان بخرێته‌روو، ئه‌راستیانه‌ پێمان ده‌ڵێن ئه‌م جۆره‌ له‌حوكمرانی كاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و هه‌موو تاك و گروپێك، هه‌موو بزووتنه‌وه‌یه‌كی جوداو جیاواز له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری سزادانی  دادگاكانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دایه‌،  زیاتر له‌وه‌ش، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌م ره‌فتاره‌ی پارتی سه‌ری هه‌رێم و قه‌واره‌كه‌ی بخوات، پێویسته‌ به‌زووی رێگری لێبكرێت، ئه‌ركی یه‌كه‌م له‌ئه‌ستوی یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆرانه‌، به‌توندی دژی ئه‌م یارییه‌ ناشرینه‌ بوه‌ستنه‌وه‌ و بریاری سزدانی  ئازادیخوازه‌كانی بادینان هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه‌، دادگا له‌ ژێر هه‌ژموونی حزب ده‌ربهێنن، ئه‌ركی دوه‌میش نوخبه‌ی رۆشنبیرو میدیاكارو چالاكی مه‌ده‌نییه‌  ئه‌م ئاراسته‌ وێرانكه‌ره‌ رابگرن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×