بۆ ناکرێت سیاسەت ببێ بە داینەمۆیەکی دیکە، ئیفرازێکی راستەقینەی چەرخێکی نوێ بێ، مشتوماڵکردنی کێشە بنەڕەتییەکان و لەبەرچاوگرتنی کێشە هەنووکەییەکان بێ، دیارییکردنی سنوورێک بۆ نیشتمان و واڵاکردنی وزە و هزرێک کە خودی ئەم سنوورە تەی بکات بۆ ئەوەی باڵاتر بگەڕێتەوە بۆی؟
بۆ ناکرێت، دیموکراسییەت، کە بە دەسەڵات و سەروەری خەڵک پێناسە دەکرێت، هەم وزە بدات بە حکومەت، هەم موعارەزەیەک بێتە مەیدان، نە ستراتیژ بخاتە خزمەتی بەرژوەندییە شەخسییەکان، هەمیش بتوانێ خۆی لە کۆی ئەو داوانە قوتار بکات کە دەسەڵات ناو بە ناو بۆی روو دەکات؟
بۆ ناکرێت، هێزێکی موعارەزە، بە نەفەس و تێڕوانێکی نوێیەوە، لە ناو خەڵکەوە، بە چەک و تفاق و توێشووی هاوچەرخەوە خۆی لە سەر وێرانە خاکی موعارەزەی لەکەڵکچوو و سواوی ئەم دوو دەیەدا، سەر لەنوێ هەڵسێنێتەوە؟ بە تێڕوانینی تازەوە، بە ئیشکردنی پشوودرێژانە لەسەر دۆسییە کەڵەکەبووانەی کە تۆزی ٣ دەیەیان لەسەر نیشتووە، بۆ خەمڵاندنی گوتارێک کە بتوانێت لاپەڕەیەکی نوێ بۆ ئایندە هەڵبداتەوە؟
بۆ ناکرێت، ئەم هەرێمەی کە بەدەستی خودی خۆی دەناڵێنێ، سەرەتا ئازاد بکرێت لە خۆی بۆ ئەوەی قسەی هەبێت هەم لەسەر سیاسەت وەک پرۆسەی رێکخستنەوەی کۆمەڵگە، هەم لە کۆی ئەو کێشانەی کە بوونەتە هۆکار لەو قەفەزە گەوەرەیەی کە ناوی هەرێمە؟ ئازادکردن لە خۆی، واتە لە دەستی پیسی گەندەڵی، لە بەرژەوەندیی حیزبی خێزان و بنەماڵە، لە نا شەفاییەت و هەلاکەتی خۆی کەرتە خزمەتگوزارییەکان...
هەرێم پێویستی بە سیاسەت و سیاسەتمەدارە، ئەوەی هەیە، رەگیان لە ناو بەرژوەندیی جۆراوجۆر، لە ناو ناکۆکی جۆراوجۆر، لە ناو هەیمەنەی ئایدیۆلۆژیای کورتبین و کەمبیندا چەقیوە. دیموکراسی واتە راخستنەوەی خوانی خەڵک لەسەر مێز، بەشداریی کاریگەری خەڵک و پەروەردەکردنی ئەم سەروەتەی کە دواجار هەر ئەو دەتوانێ ئایندە بخوێنێتەوە و دایڕێژێتەوە. دیموکراسییەت بە بێ موعارەزەیەکی لێپرسراو و نەفەس درێژ، حوکم و حوکمەتی ئیستیبدادی بەرهەم دەهێنێ، ئیستبیدادییەک لە ژێر رەنگ و رووناکی دیموکراسییەتییەکی شیکلیی و بێ ناوەڕۆکدا وەک ئەوەی لە لای ئێمە بەرقەرارە.
ئەم گەمە ستراتیژییە کەم مەودایەی نێوان یەکێتی و پارتی، هەمیشە لە سەر حیسابی رەشەخەڵکەکە کۆتایی هاتووە، ئەم دوو پارتە، وەک دوو رووی یەک مەدالیا، نە بە بێ یەک هەڵدەکەن، بە یەکەوە، ئەمەش گرێکوێرە راستەقینەکەی هەرێمە.
موعارەزە نە لە کۆشکی بە بریق و باقەوە دەتوانێت هەنگاوی دروست هەڵبنێ، نە لە بەکارهێنانی مزگەوت وەک دوا چارەسەر، بەڵکو لە رێگەی کردنەوە دەروازە نوێیەکانەوە کە بتوانێت هەم لە کێشەکانی دنیا، سیاسەت، ئابوری، دارایی، ئاڵووێر، دیبلۆماسییەت، راگرتنی هاوسەنگیی، هەم لە کێشەکانی هەرێم سەر دەربکات : بوژانەوە، هەلی کار، وزەی بەردەوام، کشتوکاڵ، سامانی مرۆیی، بەرهەمهێنان، بەرکاهێنانی دروستی ژینگە، سیاسەتی ئاو، هتد.
گوتاری ئەم دەسەڵاتە سواوە، بۆیە هەر ئەم سواویی و پەکەوتنەیە کە ناوماڵی کوردی گەیاندۆتە ئەم ئاستە، مەکینەی ژەنگن ناتوانیت ئیدی بەسەر بەرژەوەندییە تەسکەکاندا باز بدات بۆ ئەوەی ئێستا و ئاسۆ بەیەکەوە گرێ بدات. دەسەڵات ئەو مەکینە گەورەیەیە کە بە تێپەڕینی کات ئەگەر دەستاودەست نەکات، ژەنگهەڵدەهێنێت، لە ناوەوە گرژ دەبێتەوە، دواجار هەم دەبێت بە بەڵا بۆ خۆی، هەم بۆ هەموو بستێکی ئەم هەرێمە...
سیاسەت لە هەرێم گەیشتۆتە بنبەست...بنبەستێک کە ئیدی بێومێدیی بە بودجەش چارەسەر نابێت، لە باشترین حاڵدا هەرێم دەبێ بەو چێشتخانە گەورەیەی کە تەنها بینا و باڵەخانەی بەرز دایدەپۆشێ!!!