دوو قسە لەسەر بایكۆت

هاوکار حسێن
  2019-10-26     780

حیكایەت:
نزیك دە ساڵ لەمەوپێش، گەنجێكم دەناسی دەرچوی قوتابخانەی سەڵاحەدینی توركیی بو، بەڵام پەیوەندی لەگەڵ مامۆستا توركەكانی هەر مابوو. وتی: "رۆژێك لەگەڵ ئەو مامۆستا توركەم چوین بۆ ماركێتی ئاڵتون. پەنیری پێویست بوو. یەك بەیەك پەنیرەكانی ئەمدیو و ئەودیو دەكرد. منیش لێمپرسی بۆچی دەگەڕێی. وتی، بۆ پەنیری توركی. چونكە ئەگەر من لێرە پەنیرێك بكڕم، بازرگانە كوردەكە ناچارە بەیانی بۆ پڕكردنەوەی رەفەكە، داوای پەنیرێكی توركی بكات. واتە من لێرەوە توانیم، خزمەتی توركیا بكەم". 

جا با ئێمەش لێگەڕێن پەنیرەكە لەسەر رەفەكە كەڕوبكات تا قارداش لەتوركیا هەر چاوەڕێی ئۆردەر بكات. كڕین و فڕۆشتن، هەر تەنیا مەسەلەیەكی بازرگانی روت نیە، بەڵكو هۆشیارییەكی كۆمەڵایەتیشە. جێی خۆشحاڵییە ئێستا ئەم كۆهۆشیارییە لەناو ئێمەشدا پەرەی سەندوە.

زانیاری:
بایكۆتی ئێمە زیانی بۆ توركیا هەیە؟ دەمەوێت ئەم پرسیارە، بەزانیاری رونبكەمە. لەساڵێكدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان توركیا و عێراق نزیكەی 8 ملیار دۆلارە، لەو بڕە، نزیكەی 2.5 ملیار دۆلاری لەگەڵ هەرێمی كوردستانە. تا مانگی ئیلولی 2017، هەرێم بڕی 1.8 ملیار دۆلار قەرزاری بازرگانە توركەكان بووە. بۆیە هەر خاوبونەوەیەك لەو بازرگانییە، چەكێكی كوشندەیە سەرەتا بۆ دەسەڵاتە بازرگانیەكەی خۆمان، ئینجا توركیا. لەهیچ حاڵەتێكدا توركیا ئامادەنیە، دەستبەرداری ئەو بابەتە بێت لەگەڵ هەرێم، تەنانەت بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە، هەموو پەیوەندییەكی وەستاند جگە لەبازرگانییەكەی. لەوكاتەدا نیهات زەیبەكچی، وەزیری ئابوری توركیا وتی: "بڕیاری قەدەغەی ئابوری لەگەڵ هەرێم نادەین، چونكە ئەوە مەترسیدارە بۆ وڵاتێكی وەك توركیا كە دەیەوێت هەیمەنەی ئابوری و بازرگانی خۆی بەسەر ناوچەكەدا زاڵبكات".

پەند:
ئێستا ئەوانەی بەو بایكۆتە زەعلان بون، باس لەوە دەكەن كە ئەمە خزمەتە بە بازرگانی ئێران و دەشێت دەستی ئەوانی لەپشت بێت. بەڵێ خزمەتە بە بەرژەوەندی ئێران، بەڵام بۆ پیاوی عاقڵ و بێمەسڵەحەت، هەر ئەم بایكۆتە وەك تیغێكی دوولا وایە و هەڵگری پەندێكی گەورەشە بۆ خودی ئێران، پەندێك كە بە ئاخوندەكانیش دەڵێت: ئەمڕۆ لا تیژەكەی ئەم تیخە كاریگەرە رووی لە رۆمە، هیچ زەمانێك نیە سبەی روبكاتە عەجەمیش. راستە خۆمان خاوەنی بەرهەمێكی ناوخۆیی ئەوتۆ نین، بەڵام وەك بەكاربەرێكی كاریگەر، دەتوانین باشترین یاری لەگەڵ ئەو دوو جیرانە لاسارەی خۆمان بكەین، ئەمڕۆ توركیا ئازاری خەڵكەكەمان دەدات لە رۆژئاڤا، ئێمەش ئاوا كلكی رادەكێشین. ئەگەر سبەی ئێران هەر زیانێكمان پێبگەیەنێت، بەهەمان نینۆك دەتوانین چنگێكیش لە ردێنی ئەوان وەردەین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×