سلێمان و ئێلیزابێس

هاوکار حسێن
  2020-12-21     549
چیرۆکی گەنجێکی پشدەریی کە کۆمەڵێک خەڵکی بەناوی کاری بازرگانییەوە فریوداوەو پارەکانی خواردون، کتومت هاوشێوەی چیرۆکی کچێکی ئەمریکییە بەناوی ئێلیزابێس هۆمز. دەوترێت سلێمان چەند پسپۆڕێکی ئابووریشی فریوداوە، بەڵام کچە ئەمریکییەکە چەندین وەزیر و پڕۆفیسۆر و فەیلەسوف و زانای مەزنی هەڵخەڵەتاند. بەڵام گەلی ئەمریکی وەک ئێمە لۆمەی قوربانییەکانی نەکرد.
ئێلیزابێس لەمنداڵییەوە ترسێکی گەورەی هەبوە لە دەرزیلێدان. ئەم ترسەش دەبێتە سەرچاوەی گەورەترین بیرۆکەی هەڵخەڵەتێنەر تا لەماوەیەکی قیاسییدا ببێتە گەنجترین ئافرەتی ملیاردێر لەئەمریکادا، کاتێک سامانی کۆمپانیاکەی گەیشتە نزیک 10 ملیار دۆلار.
هاوشێوەی سلێمان لە دۆڵی پشدەر، ئێلیزابێسیش لە دۆڵی سلیکۆن، کە ناوچەیەکی تەکنەلۆجییە لە کالیفۆرنیا، لەساڵی 2003 و لەتەمەنی 19 ساڵیدا کۆمپانیایەکی تەکنەلۆجی بەناوی سیرانۆس دامەزراند. سلێمان چۆن بە موشتەرییەکانی وتوە: "تۆ یەک دەفتەر دۆلارم بدەرێ، پاش سێ مانگ، لۆت دەکەم بە یەک و نیو"، ئێلیزابێسیش دەیوت: "تەکنەلۆجیایەک دادەهێنم، تۆ یەک دڵۆپ خوێنی سەری پەنجەتم بدەرێ، پاش دوو سێ خولەک، 200 پشکنین بۆ جەستەت دەکرێت و هەرچی دەرد و مەڵامەتت هەیە لە جێوە بۆت عیلاج دەکەم"، بەکورتی لەحاڵەتی سەرگرتنی بیرۆکەکەی، دەبوایە پزیشکەکان بچونایە خەریکی کەسابەتێکی تر بونایە، چونکە ئیدی خەڵک پێویستی بە پزیشک نەدەما.
سلێمان بە بەڵێنە قورسەکانی و روخسارە سادەکەی، چەندین ئەکادیمی و بازرگان و خوێندەواری خستەناو پڕۆژەکەیەوە، ئێلیزابێسیش، بە بریسکەی چاوە گەشەکانی و تۆنی دەنگە سحراوییەکەی، سحری رازیبونی لەهەر کەسێک دەکرد بیویستایە بەلای خۆیدا رایبکێشێت، تەنانەت هێنری کەیسنجەر، وەزیری پێشوی دەرەوەو بیرمەندی سیاسی ئەمریکیش نەجاتی نەبوو لەدەستی و هێنایە ناو کۆمپانیاکەیەوە. لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا، 90 ملیۆن دۆلاری لە وەبەرهێنەران کۆکردەوە.
لەساڵی 2015، رۆژنامەنوسێک لە (وۆڵ ستریت جێناڵ) لێی قوتدەبێتەوە و راپۆرتێک لەسەر فریوەکانی ئێلیزابێس بڵاودەکاتەوە و هەرچی نهێنی کارەکەیەتی بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە، کە جگە لە پرۆژەیەکی وەهمی هیچی تر نیە، ئیدی گڵۆڵەی ئێلیزابێس کەوتەلێژی و تا گەیشت بەوەی ساڵی 2018 لە دادگای فیداڵی نزیکەی 10 تۆمەتی ساختە و خەڵەتاندنی بەسەردا درا.
شەوێک پێشئەوەی دەستگیربکرێت، سلێمان سەدان دەفتەر دۆلاری هەبوو، بەڵام کە رۆژبۆتەوە ئیفلاسی کردوە. ساڵی 2015 ئەلیزابێس خاوەنی نزیکەی 10 ملیار دۆلار بوو، کەچی ساڵێک دواتر یەک دۆلار لە بەرگیدا نەما، تەنانەت خێزانەکەی خانوەکەی خۆیان بۆ فرۆشت تا کرێی پارێزەرەکانی بۆ دابینبکەن. بڕیاریشە رۆژی 9ی مارسی ساڵی داهاتوو، مەحکەمەبکرێت، ئەگەر تۆمەتەکان ساغببنەوە بەسەریدا، ئەوا سزای 20 ساڵ زیندانی دەدرێت، بەڵام هێشتا نازانرێت چارەنوسی سلێمان چی بەسەردێت.
دوو سەرنجی کورت:
یەکەم: کاتێک کێشەیەک رودەدات، با ئەگەر ناتوانین هاوسۆزبین لەگەڵ قوربانییەکاندا، لانیکەم سەرزەنشتیان نەکەین. کەس بەهێنری کەیسنجەری نەوت: " تۆی فەیلەسوفی جیهانی چۆن دەکەویتە داوی فریوی کیژێکی هەرزەکار؟"، هەموو ئەوانەی مامەڵەیان لەگەڵ سلێمان کردوە، تاوانبار نین، قوربانین. ئەوەی خیانەت لە متمانە دەکات تاوانبارە. خەڵکی ئێمە زۆر جەسور و بێڕەحمن لە کوتانی قوربانیەکان، رەنگە ریشەی ئەمە لەو پەروەردە خێزانییەوە بێت کە کاتێک منداڵ بەڕێکەوت سوکە کۆکەیەک یان سەرمابردە دەبێت، لەبری هاوسۆزی نیشاندان و دڵنەوایی کردنی، کەچی خێزانەکەی دەکەونە سەرزەنشتکردن و لۆمەکردنی کە "بێگوێ و ئیهمالە".
دووەم: وەک فارسەکان دەڵێن: "بار کچ بمنزل نمیرسد"، واتە باری لاسەنگ ناگاتە مەنزڵ، ڕیسی فێڵ و تەڵەکە چەند درێژە بخایەنێت، رۆژێک دێت دەبێتەوە بە خوری.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×