ستراتیژی نوێی ئەمریكا
عومەر خدر
2019-10-26   1314
لەدوای رووخانی یەكێتی سۆڤیەت، رژێمی جیهانی (World Order) گۆڕانكاری بەسەردا هات و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بوو بە باڵاترین دەسەڵات لەسەر ئاستی جیهاندا كە تا ئەمڕۆش بەردەوامی هەیە و بەدەسەڵاتی (تاكجەمسەر- Unipolar) ناسراوە.
لەو مێژووە بەدواوە، ستراتیژێكی نوێ لەلایەن ئەمریكاوە پەیڕەو كرا كە پێی دەوترێت (هەژموونی لیبراڵی – Liberal Hegemony) كە لەڕێگەی ئەو ستراتیژەوە و بەپاڵنەری بەرگریكردن لەئازادی و دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ ، توانی دەستوەردانی گەورە لەزۆر ناوچەی جیهاندا بكات بەتایبەت ئەو ووڵاتانەی كە گەلەكانیان دووچاری سەركوتكاری و پاكتاوی نەژادی وتەنانەت كۆمەڵكوژی ببوونەوە لەسەر دەستی رژێمە دیكتاتۆرییەكان، نموونەی زیندووش هەریەك لەعیراق و ئەفغانستان و لیبیا بوون.
ئەگەرچی ئەمریكا لەو شوێنانە و چەندین شوێنی تر بەهۆی ئەو ستراتیژەوە زیانێكی زۆری گیانی و تێچوویەكی زۆری ماددی كرد، لەهەمان كاتدا بەهۆی جیاوازی لەپاشخانی كەلتوری ئەو میللەتانە لەڕووی كۆمەڵایەتی و ئاینی و ئایدیۆلۆجی لەگەڵیدا، ئەمریكاسەركەوتوو نەبوو لەبڵاوكردنەوەی بیری دیموكراسی و ئازادی و مافەكانی مرۆڤدا. تەنانەت بەهۆی ئەو دەستوەردانانەی ئەمریكاوە بەتایبەت لەڕووی سەربازییەوە كەزۆرجار كوشتن و ئەشكەنجە و رووداوی كارەساتباری لێدەكەوتەوە. بەمەش وێنە و پێگەی ئەمریكای لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئەو ووڵاتانەی ئەمریكا دەستوەردانی تێدا كردبوو و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ناشرین دەركەوتن.
ناوخۆی ئەمریكاشدا بێبەش نەبوون لەو كاردانەوەیە، ئەوەبوو ناوەندی لێكۆڵینەوەی پیو لەمیانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا، راپرسیەكی لەمانگی نیسانی 2016 دا و بەبەشداری ژمارەیەكی زۆری خەڵكی ئەو ووڵاتە ئەنجامدا و تیایدا لەسەدا 57% ی بەشداربووانی ئەو راپرسییە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان پێویستە بەتەنگ كێشەكانی خۆیەوە بێت و ووڵاتانی تر خۆیان كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن بەباشترین شێوە. لەژێر رۆشنایی ئەم بۆچوونە، هەریەك لە جۆن میرشێیمەر و ستیفن واڵت كە دوو پرۆفیسۆر و بیرمەندن لەبواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان كە یەكەمیان لەزانكۆی شیكاگۆیە و دووەمیان لەزانكۆی هارڤاردە بەیەكەوە لەگۆڤاری بەناوبانگی (فۆرن ئەفێرس) توێژینەوەیەكی هاوبەشیان بەناوونیشانی (پرسی باڵانسی دەرەكی، ستراتیژی مەزنی سەركەوتووی ئەمریكا) بڵاوكردەوە. میرشێیمەر و واڵت لەتوێژینەوەكەیاندا بەپشت بەستن بە تیۆری ریاڵیزمی، خوێندنەوەیەكی قووڵ و واقعیان بۆ پرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا كرد.
لەگەڵ دەستبەكاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمریكا بەسەرۆكایەتی دۆنالد ترەمپ لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2017دا بەتایبەتی ئەوكاتەی رێكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بوو، جیهان بەشێوەیەكی گشتی دۆخێكی شڵەژاوی سیاسیدا بەخۆیەوە بینی، ئەوەش بووە مایەی مەترسییەكی گەورە لەسەر پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا. ئەو مەترسیەش بووە هۆی درووستبوونی ناكۆكی لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و ریكس تیلەرسۆنەوە، و ترەمپ تۆمەتباری كرد بەوەی كە تیلەرسۆن نەیتوانیوە سەركەوتووبێت لەپاراستنی ئاشتی جیهانی و لەدانوستانەكانیدا سەركەوتوو نەبووە. دواتریش، ئەوە بوو كاتێك تیلەرسۆن لەگەشتێكی دیبلۆماسیدا لەئەفریقا بوو، ترەمپ لەتویتێكدا لە 13ی ئازاری 2018 دەركردنی تیلەرسۆنی راگەیاند و لەبری ئەو مایك پۆمپیۆی كاندیدكرد بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوە. هەرچەندە پۆمپیۆ لەگەڵ هاتنە سەر حوكمی ترەمپ، وەك بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لەئیدارەی ئەمریكا لەكاردابوو.
لێرەدا و لەگەڵ دەستبەكاربوونی وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریكا، وەرچەرخان لەسیاسەتی دەرەوەی ئەو ووڵاتەدا روویدا، لەبەر ئەوەی پۆمپیۆ باوەڕی بەتیۆری ریاڵیزم هەبوو، بۆیە هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونی لەپۆستە نوێیەكەی، توانی ترەمپ رازی بكات بە لەباوەشگرتنی توێژینەوەكەی میرشێیمەر و واڵت و بەمەش توێژینەوەكەیان لە بابەتێكی تیۆرییەوە بوو بە ستراتیژ و كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.
گرنگترین ئەو خاڵە ستراتیژییانەی كەمایەی هەڵوەستە كردنە بەپێی ناوەڕۆكی توێژینەوەكەی میرشێیمەر و واڵت:
-سێ ناوچەی سەرەكی جیهانی جێگای بایەخی ئەمریكان، كە بریتین لە ئەوروپا، باكوری رۆژهەڵاتی ئاسیا و كەنداوی عەرەبی. یەكەم و دووەمیان ناوچەی سەرەكی هێزی پیشەسازین و لەهەمان كاتدا زلهێزانی تری جیهان لەوێدا بوونیان هەیە، وە ناوچەی سێهەمیشیان كە كەنداوی عەرەبیە ناوچەیەكی گرنكی بەرهەمهێنی نەوتە لەجیهاندا كە بەرێژەی لەسەدا 30.
-ئەمریكا پێداچوونەوە بە بوونی سەربازی لەو سێ ناوچە سەرەكیانەدا دەكات و بەپێی پێویستی هێزەكانی دابەش دەكاتەوە. ئەگەر پێویست نەبوو ئەوا هێزەكانی دەگێڕێتەوە بۆ ناوخۆی ئەمریكا. لەبری ئەوە، هێزی سەربازی ووڵاتانی ئەو ناوچانە لەهێڵی پێشەوەی بەرگری دەمێننەوە و خۆیان دەبنە باڵانسی هێز لەگەڵ دەوروبەرەكەیاندا. ئەگەر هەستی كرد ئەو ووڵاتانە لەژێر هەڕەشە و مەترسیدان، ئەوكاتە لەڕێگەی بوونی هێزێكی كەمی سەربازی ئەمریكی و چەند بنكەیەكی هەواڵگری یان بەدانانی سیستمی بەرگری، هاوكاریان دەبێت.
-ئەمریكا چیتر رۆڵی پۆلیسی جیهانی نابینێت و وا باشترە ووڵاتان خۆیان بەرگی لەخۆیان بكەن، و تەنها لەیەك حاڵەتدا ئەمریكا دەستوەردان دەكات، ئەویش ئەگەر هەستی كرد بەوەی هەژموونی ئەمریكا مەترسی لەسەرە ئەوكاتە دەستوەردان دەكات.
-ئەگەر خەڵكی ئەمریكا مەبەستیانە برەو بەدیموكراسیەكی لیبڕاڵ بدەن، ئەوا باشترین رێگەچارە ئەوەیە خۆیان باشترین نموونە بن.
-لەناوچەی خۆرئاوای نیوەگۆی زەویدا، ئەمریكا پێشبینی هیچ ئالنگارییەك ناكات رووبەڕووی ببێتەوە. هەروەها لەئێستادا لە ناوچەكانی ئەوروپا و كەنداوی عەرەبیشدا هیچ مەترسیەك لەسەر هەژموونی ئەمریكا بەدی ناكرێت. بۆیە لەئەوروپادا پێویستە كۆتایی بەبوونی سەربازی خۆی بهێنێت و ناتۆ رادەستی ئەوروپییەكان بكاتەوە. لەكەنداوی عەرەبیشدا، ئەمریكا هیچ هێزێكی ناوخۆیی بەهەڕەشە نابینێت و دەتوانێت زۆربەی هێزەكانی بكشێنێتەوە بۆ ئەمریكا. هەروەها سەبارەت بە داعش، هەوڵەكانی ئەمریكا سنووردار دەبێت و پێویستە هێزە ناوخۆییەكانی ئەو ووڵاتانە خۆیان چارەسەری ئەو پرسانە بكەن. ئەمریكا تەنها لەڕێگەی پێدانی چەك و هاوكاری هەواڵگری و مەشقكردن بەو هێزانە پشتیوانیان دەكات. چارەسەری بنەڕەتیش بۆ ئەو پرسە تەنها بەباشتركردنی دامەزراوە ناوخۆییەكانیان دەكرێت.
-سەبارەت بەسوریا، ئەمریكا چارەسەری ئەو پرسە بۆ روسیا جێدەهێڵیت، و هەرچەندە ئەمریكا بەباشی نابینێت سوریا بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی ئەسەد، بۆیە پێشنیاری ئەمریكا ئەوەیە كە سوریایەكی دابەشكراو مەترسی نابێت بۆ سەر ووڵاتانی تری ناوچەكە. لەئەنجامی بەردەوامی شەڕی ناوخۆییش لەسوریادا، ئەوا دەبێت رووسیا مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكات. ئەمریكاش لەو نێوەندەدا رۆڵی نێوەندگیری دەبێت.
-سەبارەت بەئێران، پێویستە ئەمریكا بەداوی پەیوەندییەكی باشتر لەگەڵیدا بگەڕێت، چونكە لەبەرژەوەندی ئەمریكادا نیە ئێران لەڕێككەوتنامە ئەتۆمییەكەی نەكشێتەوە و هەوڵی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی نەدات، چونكە ئەگەری زۆر هەیە لەداهاتوودا ببێتە یەكێك لەهاوپەیمانە بەهێزەكانی چین لەناوچەی كەنداودا.
بۆیە بەخوێندنەوە و ووردبوونەوە لەتوێژینەوەكەی جۆن میرشێیەر و ستیفن واڵت، چاوەڕوان دەكرێت كە ئیدارەی ئەمریكا لەڕێگەی ستراتیژە نوێیەكەیەوە، لەلایەن گەلی ئەمریكاوە كاردانەوەی ئەرێنی لێبكرێت و دۆناڵد ترەمپیش دووبارە لەهەڵبژاردنەكانی ووڵاتەكەی سەركەوتنی گەورە بەدەستبهێنێتەوە.