سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەنێوان تڕەمپ و بایدن

عومەر خدر
  2020-11-04     586
لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و لەمەڕ پرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، لەسەر ئاستی جیهان چینی بەهەڕەشەی سەرەکی دانا بۆ سەر ئەمریکا و تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. لەهەمانکاتدا تڕەمپ مەترسیەکانی روسیای بۆ سەر هەژموونگەرایی ئەمریکا نەشاردەوە. لەبەرامبەردا جۆ بایدن جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەو ووڵاتە، پێیوایە رووسیا هەڕەشەی سەرەکییە بۆ سەر هەژموونگەرایی ئەمریکا رایگەیاند لە پێشینەی کارەکانی دانانی سنوورێک دەبێت بۆ هەڕەشەکانی مۆسکۆ. بایدن بەهەمان شێوە مەترسیەکانی چینی نەشاردەوە، بەڵکو تەنها پێشینەی کارەکانی بۆ دژایەتی رووسیا تەرخان کردووە.
 هەرچی لەسەر ئاستی ناوچەییە بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوا بینیمان کە ترەمپ تەرکیزی سەرەکی لەسەر ئێرانە. لەهەمان کاتیشدا بینیمان کە بە سیاسەتی نەرم یان بەهێزی دیبلۆماسی تورکیای کەنارگیر کردووە و دووچاری ئاستەنگی دارایی زۆر گەورەی کردۆتەوە.
 لەبەرامبەریشدا بایدن زیاتر سەرنجی لەسەر تورکیا و عەرەبستانی سعودیەیە، بەڵام ئەوەش نایشارێتەوە کە ئێران بگەڕێتەوە بۆ دانوستان و ئاستێک بۆ زیادبوونی چالاکییەکانی تاران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دابنرێت.
ئەگەر بێت ووردتر سەرنج بدەینە وێنە گەورەکە و لێکدانەوەی هەردوو بەربژێر، بەڕوونی ئەوە بەدیدەکەین کە ئەمریکا لەسیاسەتی دەرەوەیدا خاوەنی یەک ستراتیژە و بە دەرچوونی هەریەکێک لەو دوو بەربژێرە بۆ سەرۆکابەتی داهاتووی ئەمریکا هیچ لەوێنە گشتییەکە ناگۆڕێت، بەڵکو تەنیا بژاردەکان جیاوازن. وێنە گشتیەکەش ئەوەیە کە لەسەر ئاستی جیهان تەنها رووسیا و چین مەترسی و هەڕەشەن بۆ سەر هەژموونگەرایی ئەمریکا. 
لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، ئەو ستراتیژەی کە ئەمریکا بۆ ئەو ناوچەیەی داڕشتووە ئەوەیە کە نەمانی هەژموونگەرایی هەرێمییە لەناوچەکە کە لەبنەڕەتدا هەریەک لەئێران و تورکیا و سعودیە ساڵانێکی زۆرە لەململانێدان بۆ باڵادەستی و هەژموونگەرایی لەناوچەکەدا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×